پەنجەمۆر لەگەڵ ملازم خدر دەباخ – بەشی دووەم
ملازم خدر دەباخ، بەرپرسی پێشووی تۆپخانەی شۆڕشی ئەیلوول، لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا شایەتیدارییەکانی لەسەر ئازایەتی و دڵسۆزی گەنجان و لاوانی کورد گێڕایەوە کە لە شەڕە بەنابانگەکانی شۆڕشی ئەیلوول دا بەشداریان کردووە.
ملازم خدر سەرەڕای ئەوەی بەرپرسی تۆپخانەی شۆڕش بووە، بەڵام رۆڵ و قارەمانێتی پێشمەرگە و هاوسەنگەرەکانی دەگێڕێتەوە و کەمتر باسی خۆی دەکات. کاتێک باس لە سووتاندنی دوو هەلیکۆپتەری سوپای عێڕاق دەکات، دەڵێت "گوتم زیرەک لێیدە!" و لە رووخساریدا گەشانەوەیەک دەبینیت کە دەیباتەوە بۆ ئەو سەردەمە.
بەپێی گوتەکانی ملازم خدر، لە ساڵی 1965دا بۆ یەکەمین جار چەکی قورس لە لایەن پێشمەرگەکانەوە لە دژی سوپای عێراق بەکارهێنراوە. ئەو باسی هێرشەکانی پێشمەرگە بۆ سەر چیاکانی سەفین و کۆرەک دەکات، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر داوای مەلا مستەفا بارزانی بەشداری خولێکی تۆپخانە لە دەرەوەی کوردستان کردووە.
ملازم خدر لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا باسی نسکۆی شۆڕش و خیانەتی ئێران دەکات، هەروەها هەڵوێستی دوژمنانەی دەزگای ساواک لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە دەخاتەڕوو کە روویان لە ئێران کردبوو. ئەو هەروەها باسی گەڕانەوە بۆ عێراق و هەڵوێستی خەڵک و رژێمی بەعس بەرامبەر بەوانەی دەکات کە بەناچاری گەڕابوونەوە و بە "عائیدون" ناسراون.
بەرنامەی پەنجەمۆر هەموو شەوانی چوارشەممە کاژێر 21:00 پەخش دەبێت.
بهشی بكه لە