پەنجەمۆر- لەگەڵ سڵاح رواندی- نووسەر و پێشمەرگەی دێرین – بەشی دووەم
سەڵاح رواندزی، ساڵی 1941 لە شاری رواندز و لەناو بنەماڵەیەکی ناودار و خاوەن پێگەی ئابووریدا لەدایکبووە، بەڵام زۆربەی تەمەنی لە شاری هەولێر و لە چیاکانی کوردستان بەسەر بردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، رووی لە وڵاتی کەنەدا کردووە، سەرەڕای ئەوەش، هەمیشە دەیگوت"رواندز بە هیچ شوێنێکی دنیای ناگۆڕمەوە."
لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا، کاک سەڵاح باس لەو ساڵانە دەکات کە وەک فەرمانبەر لە پارێزگای هەولێر کاری کردووە. بەهۆی لێهاتوویی و زیرەکیی خۆیەوە، توانیبووی ببێتە جێی متمانەی کاربەدەستانی حکومەت، ئەو ئەم دەرفەتەی قۆستبووەوە و بەردەوام کۆد و زانیارییە نهێنییەکانی دەوڵەتی بۆ دەزگای پاراستن دەنارد، بەم شێوەیە، پیلان و نەخشەکانی رژێمی بۆ سەرکردایەتیی شۆڕش و هێزی پێشمەرگە ئاشکرا دەکرد.
رواندزی ئاشکرای دەکات کە مەلا مستەفا بارزانی هیچ کاتێک نەچووەتە بەغدا، بەڵکو بەرپرسانی باڵای رژێم خۆیان دەهاتنە لای، هەروەها بۆ یەکەمجار ناوی نهێنیی مەلا مستەفای لای ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق، درکاندووە و دەڵێت، لای ئەوان ناوی "الشجرة" (دارەکە) بووە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژە بە ئازایەتیی فەرماندەی هێزی دەشتی هەولێر، فارس باوە، دەکات کە چۆن رووبەڕووی سوپای عێراق بوونەتەوە و توانیویانە گورز لە بیرە نەوتییەکانی کەرکووک بوەشێنن.
جگە لە کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی، سەڵاح رواندزی شاعیرێکی بەهرەمەندیش بوو و شیعری بۆ چەندین گۆرانیبێژی ناوداری کورد نووسیوە. هەمیشە پێم دەگوت"کاک سەڵاح، تۆ هێشتا گەنجیت و پەلەمان نییە لە بڵاوکردنەوەی." ئەویش بە پێکەنینێکی تایبەت بە خۆیەوە وەڵامی دەدامەوە "خۆا بزانێ چەندی دیکەت بەم قسەیە بەڕێ کردووە!"
بەداخێکی زۆرەوە، مەرگ مۆڵەتی نەدا و ساڵی رابردوو، 2024 کاک سەڵاح بەشێوەیەکی کتوپڕ کۆچی دواییکرد، ئەم بەرنامەیەش بووە دوا یادگاریی ئەو، کە بەجێیهێشت بێ ئەوەی خۆی بینەر و بیسەری بێت.
کاک سەڵاح هەمیشە بە پارێزەوە دەدوا و بەڵێنەکەی بە شۆڕشی نەشکاند. دەیگوت "زۆر شت هەن بۆ گوتن ناشێن و ئامادە نیم باسیان بکەم، با هەزار ساڵیشی بەسەردا تێپەڕێت". بۆیە، چەندین نهێنیی گەورەی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێرگڵ.
بەرنامەی پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە، کاژێر 21:00ی شەو، لە کەناڵی رووداو پەخش دەکرێت.
بهشی بكه لە