پەنجەمۆر - لەگەل دکتۆر سلێمان گەیلانی، بەشی سێیەم

24 September 2025
پەنجەمۆر - لەگەل دکتۆر سلێمان گەیلانی، بەشی سێیەم
پەنجەمۆر- لەگەل دکتۆر سلێمان گەیلانی، بەشی سێیەم

لە بەشی سێیەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، دکتۆر شێخ سلێمان گەیلانی، نەوەی سەید تەهای نەهری، میوانی بەرنامەکە بوو، بە وردی باسی لە چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی خۆی و مێژووی بنەماڵەکەی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کرد، دکتۆر سلێمان بە شایەتحاڵی نزیکەوەی رووداوەکان، چەندین نهێنی و زانیاری تازەی خستەڕوو.

تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی و شایەتحاڵی رووداوەکە
دکتۆر سلێمان گەیلانی، لە تەمەنی 14 ساڵیدا شایەتی رووداوێکی دڵتەزێن بووە کە هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1971دا بوو، ئەو کاتەی چەند کەسێک بە ناوی مەلاوە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردرابوون بۆ ئەو ئەرکە، دکتۆر سلێمان باسی ساتەوەختە دراماتیکییەکانی رووداوەکەی کرد و گوتی"ئەو کات تەمەنم چواردە ساڵ بوو، لە بارەگای بارزانی لە قەسرۆک و ماکۆس بووین، ئێوارە بوو لە حاجی ئۆمەران، منیش بە رێکەوت لەوێ بووم، چوومە لای دەرگا، مەلا مستەفا دانیشتبوو، کورسییەکی لە تەنیشت بوو، من سەلامم لێکرد و لەناو دەرگاکەدا راوەستام".
دەڵێت" هەشت نۆ مەلا بوون و جلوبەرگی مەلایان لەبەردا بوو، بەڵام هەستم دەکرد تەنیا دوو سێ کەسیان مەلای راستەقینە بن، دوای گفتوگۆیەکی کورت، چایچییەک چای بۆ مەلا مستەفا هێنا و راستەوخۆ تەقییەک روویدا... من شۆک بووم نەمدەزانی چی بکەم، کەس کەسی نەدەبینی لە تاریکیدا ئەو چایچییەی کە چای دانا، کوڕێکی ئاکرەیی بوو، پاشان مەلا مستەفا بە خەنجەرێکی رووتەوە هاتە دەرەوە و خوێنی پێوە بوو، مەلاکانی دیکە هەڵاتن و لەلایەن پاسەوانەکانەوە کوژران، هەموویان کوشتن، چایچییەکەش کوژرا". دکتۆر سلێمان باسی ئەوەشی کرد کە مەلا مستەفا چەند جارێک هاواری کردووە "نەیکوژن، نەیکوژن!" بەڵام کار لە کار ترازابوو، دوای رووداوەکە، مەلا مستەفا فەرمانی دابوو کە رێگە بە کەس نەدرێت بێتە ژوورەوە تەنانەت سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک ئیدریس بارزانیش.
چیرۆکی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان
دوای لە سێدارەدانی باوکی، دکتۆر سلێمان و کەسوکارەکەی ناچار بوون حاجی ئۆمەران جێبهێڵن، دکتۆر سلێمان دەڵێت "یەکێک لە بەرپرسانی بارەگاکە پێیگوتین، 'دەبێت لێرە بڕۆن'، بۆ کوێ بچین؟ گوتمان 'گوناحمان چییە؟' گوتی 'ئێوە هیچ گوناحتان نییە، بەڵام دەبێت بڕۆن،' من زۆر گریام، زۆر ناخۆش بوو".
دکتۆر سلێمان بە جلوبەرگێکی پێشمەرگانەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت، بەڵام لە بازگەی رواندز دەستگیرکرا و دەڵێت "ناسنامەم پێ نەبوو، گوتم من قوتابیم و لە بارەگای بارزانی دەژیم"، بەهۆی نەزانینی زمانی عەرەبی، لە رێگەی رواندزەوە گواسترایەوە بۆ کەرکووک و دواتر بۆ بەغدا، ئەویش بەهۆی گومانی ئەوەی کە سیخووڕ بێت یان نێردراوی بارزانی بێت، دەڵێت"لە بەغدا بە کێبڵی کارەبا ئەشکەنجەیان دام، خوا دەزانێت هیچ گوناحێکم نەبوو، دوو سێ رۆژ لێیان دەدام و دەیان گوت پێمان بڵێ کێ تۆی ناردووە؟"، ئەو رەتیدەکاتەوە کە هیچ زانیارییەکی هەبووبێت، و دواجار بەهۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە بەڕێوەبەری ئەمن هەڕەشەی لێ دەکات کە لەت لەتی دەکات ئەگەر راستی نەڵێت، دکتۆر سلێمان باس لە دۆخە نالەبارەکانی زیندان دەکات و دەڵێت "لە زیندان تەنانەت رێگەیان نەدەدام دەستنوێژ بگرم و نوێژ بکەم"، دوای ماوەیەک، بەڕێوەبەری ئەمن فەرمانی ئازادکردنی دەدات، بەڵام پێش ئەوە قژی و ریشی دەتاشن و جلوبەرگی نوێی پێ دەدەن، پاشان دکتۆر سلێمان بۆ ماوەی ساڵێک لە شاری رومادی دەمێنێتەوە و دەستدەکاتەوە بە خوێندن و دواتر روودەکاتە ئەمریکا و بەشی پزیشکی دەخوێنێت.
گەڕانەوە بۆ پێشمەرگایەتی
دوای تەواوکردنی خوێندن لە ئەمریکا و بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە نەشتەرگەری گشتی، دکتۆر سلێمان بڕیار دەدات بگەڕێتەوە کوردستان و دەڵێت"براکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی عەبدولناسر شەهید کراوە"، ئەم هەواڵە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دادەنێت، "هەموو ماڵ و موڵکم فرۆشت، گوتم دەبێت تۆڵە بکەمەوە، باشترە ئەو ژیانەی ماومە لە پێناوی خەڵکەکەمدا بەکار بهێنم".
دکتۆر سلێمان گەڕایەوە ئێران و لەوێ لەگەڵ کاک ئیدریس و کاک مەسعود بارزانی کۆبووەوە و دووبارە دەستیکردەوە بە پێشمەرگایەتی، دەڵێت "لە نەخۆشخانەیەک لە ئێران نزیکەی 50-60 نەخۆشی پێشمەرگەم دەبینی". ئەو لەوێ تاقیکردنەوەی دکتۆرای ئەنجام دەدات و سەرکەوتوو دەبێت و بڕوانامەی دکتۆرای ئێرانی پێدەدرێت، بەڵام ئەو بڕیاری دەدات نەمێنێتەوە و بچێتە خزمەتی پێشمەرگە.
سەردانە نهێنییەکەی لای مام جەلال
دکتۆر سلێمان باس لە ئەرکێکی نهێنی دەکات کە لەلایەن کاک ئیدریسەوە پێی سپێردراوە بۆ سەردانی مام جەلال، "کاک ئیدریس بە رەحمەت بێت پێی گوتم ئەرکێکی زۆر گرنگ هەیە و مەترسیدارە، گوتی 'ئەگەر دەڕۆی،' گۆتم بۆ کوێ بچم؟ گوتی 'مام جەلال خەبەری ناردووە کە دکتۆرێکی متمانەپێکراوی دەوێت کە نهێنی پارێز بێت'، دکتۆر سلێمان بە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی و لە گوندی یاخسەمەر سەردانی مام جەلال دەکات، لەوێ دوو کەس چارەسەر دەکات کە بریندار بوون، بەڵام ناوی کەسەکان و زمانەکەیان ئاشکرا ناکات، "مام جەلال پێی گوتم 'نامەوێت لێرە ناوی خۆت بڵێی، نەوەک کاریگەری لەسەر براکەت و کەسوکارەکەت هەبێت".
کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی
دکتۆر سلێمان شایەتحاڵی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی بووە لە ساڵی 1987، ئەو کاتەی دکتۆر سلێمان لە نەخۆشخانەی ورمێ کار دەکات، بەهۆی بۆردوومانەکانی عێراقەوە بریندارێکی زۆر هەبوو، "چوار هەزار کوژراو و بریندارمان هەبوو، زۆربەی برینەکانم بەبێ بێهۆشکردن ساڕێژ دەکرد"، لەو کاتەدا ئیدریس بارزانی سەردانی دەکات، "لەناکاو پۆلیسێکی نەخۆشخانەکە هات و گوتی 'جەنابی دکتۆر، بارزانی هاتووە'، منیش بە خێرایی چووم و کاک ئیدریسم بینی بە جلوبەرگێکی سوورەوە و چەند کەسێکی لەگەڵدا بوو".
دوای کاتژمێرێک، دکتۆر سلێمان هەواڵی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی پێدەگات و دەڵێت"سواری ئۆتۆمبێل بووین و چووین، پەنجەم لەسەر ملیدانا و بۆم دەرکەوت کۆچی دواییکردووە" دکتۆر سلێمان جەختدەکاتەوە کە ئیدریس بارزانی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکردووە و عێراق نەیکوشتووە.
دەستگیرکردنی لەلایەن حیزبوڵڵای ئێرانەوە
بەهۆی کیمیاباران و گۆڕانی بارودۆخەوە دکتۆر سلێمان جێگەی لە ئێران نامێنێت و دەڵێت"بەیانییەکی زوو بوو لەلایەن چەکدارانی حیزبوڵڵاوە دەستگیرکراین و بردیانین بۆ بێمزوورتێ، تەنیشت شنۆ، دوای دوو رۆژ، ئەو و پێشمەرگەکان لەلایەن ئەدهەم بارزانی و ئاغای حەمیدی کە بەرپرسێکی سوپای پاسداران بوو، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، دکتۆر سلێمان هەوڵدەدات ژیانی پێشمەرگە دیلکراوەکان رزگار بکات و داوا دەکات ئەویان بەند بکەن و ئەوانی دیکە ئازاد بکەن"، دواجار پێشمەرگەکان ئازاد دەکرێن و دکتۆر سلێمان دەبرێتە نەغەدە، دوای ماوەیەک بە هۆی کاریگەریی رووداوێکی دیکە، دکتۆر سلێمان لە زیندانی ئێران ئازاد دەکرێت.
چاوپێکەوتن لەگەڵ پترۆس غالی
دکتۆر سلێمان لە ئوسترالیا لەلایەن کەسایەتییەکی گرنگەوە بەناوی پۆلکیتین داوای لێدەکرێت کە چاوی بە پترۆس غالی، سکرتێری گشتی ئەو کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەوێت، دەڵێت"پترۆس غالی گوتی، تۆ زۆر لەسەر کێشەی کورد قسەت کردووە، ئەوە مافێکی شەرعییە،" دکتۆر سلێمان باسی ئەنفال و کیمیاباران و زوڵم و ستەمی حکومەتی عێراقی بۆ غالی دەکات، غالی بە دیپلۆماسی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "هیچ نەتەوەیەک لە کورد گەورەتر و بێ وڵات نییە، تاوەکو وڵاتیشت نەبێت هەر زوڵمت لێ دەکرێت".
پڕۆژەی بونیادنانی مزگەوت و تەکیەی سادات
دکتۆر سلێمان گەیلانی هیوا و ئاواتی ئەوەیە کە تەکیەیەکی ساداتی نەهری و مزگەوتێک لە سۆران دروست بکات، ئەوە یەکێکە لە ئومێدە گەورەکانی ژیانی، نزیکەی هەزار بنەماڵەی سەید لە ئێران، عێراق، و تورکیا هەن، ئەو دەڵێت "هەندێک کارمەند لە ساڵی 2001ەوە رێگرن لە دروستکردنی ئەو پڕۆژە پیرۆزە". ئەو ئومێدەوارە کە ئەو شوێنە ببێتە سەرچاوەی خێر و بڵاوکردنەوەی فێربوونی قورئان و رەوشتێکی پاکی کوردایەتی.
بەرنامەی پەنجەمۆر هەموو شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخشدەکرێت.