پەنجەمۆر - دکتۆر سلێمان گەیلانی - بەشی دووەم
پەنجەمۆر- بەشی دووەم- دکتۆر سلێمان گەیلانی
لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆر، دکتۆر سلێمان گەیلانی، نەوەی سەید تەهای نەهری و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان، چەندین لایەنی شاراوەی مێژووی بنەماڵەی نەهری و رۆڵی کاریگەری ئەوان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا، بەتایبەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، ئاشکراکرد، قسەکانی دکتۆر گەیلانی تیشکی خستەسەر رووداوگەلێکی گرنگ کە تائێستا بەشێکی زۆریان نادیار بوون و بە وردی شیکرانەوە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی سەردانی مۆسکۆیان کردووە، دکتۆر گەیلانی بە تووندی رەتیکردەوە و گوتی "شتێکی وا راست نییە"، لە بەرامبەردا ئاماژەی بە نامەیەکی شێخ عەبدولقادر، برای شێخ عوبەیدوڵڵا، بۆ سەید تەهای برازای خۆی کرد، لەم نامەیەدا داوایلێکراوە کە پشتگیرییەکی تەواوی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی بکات، دکتۆر گەیلانی روونیکردەوە کە لەو سەردەمەدا، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی چەکی زۆری کڕیبوو، کە ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ژەهرخواردکردنی لە ئێران، چونکە ئینگلیز و عوسمانییەکان بەم کارەیان زانیبوو.
دوای شکستی شۆڕشەکەی، شێخ عەبدولسەلام رووی لە ئێران کردووە و نامەیەکی بۆ سەید تەها نووسیوە کە داوای یارمەتی لێکردووە، سەید تەهاش بە سوارەی زیاتر لە سەد کەسەوە بە پێشوازییەوە چووە و دواتر بڕێک زێڕی پێداوە بۆ ئەوەی چەک لە سۆڤیێت بکڕێت، بەڵام بەداخەوە شێخ عەبدولسەلام لە ئێران خیانەتی لێدەکرێت و دەستگیر دەکرێت و لە سێدارە دەدرێت، دکتۆر سلێمان بە داخەوە باس لەوە دەکات کە شێخ عەبدولسەلام، پاش شێخ عوبەیدوڵڵا، تەنیا ئەو بووە کە ئاڵای شۆڕشی کوردی هەڵگرتووە.
دکتۆر سلێمان گەیلانی باس لە وەسێتنامەیەکی سەید تەها دەکات کە لای خۆی بووە و پەیوەندی بە دیاریکردنی تەریقەت بۆ نەهری و سیاسەت بۆ بارزانەوە هەبووە، ئەو ئەم چیرۆکەی لەگەڵ مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، گێڕاوەتەوە، مام جەلال باسی ئەوە دەکات کە بۆچی ماڵی سەید تەهای نەهری شۆڕشەکەیان بەجێهێشتووە، دکتۆر سلێمان لە وەڵامدا ئاماژە بە وەسێتنامەیەک دەکات کە نووسراوی شێخ عەبدولقادر بووە و بۆ سەید تەها نێردراوە، ناوەڕۆکی نامەکە ئەوە بووە کە "ئەمە دەبێت بچینە قۆناخێکی دیکە لە ژیان، تۆ چەک هەڵناگریت، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی پیاوێکی تێگەیشتوو و بەتوانایە، سوپایەک دروست بکە، تۆ پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی بکە، ئێمە دەبێت بنەماڵەی بارزان بخەینە پێش خۆمان".
کاتێک مام جەلال نامەکەی خوێندەوە، زۆر سەرسام بوو، داوای نامەکەی لێکرد و لای خۆی هێشتیەوە، مام جەلال ئۆفەری جێگری پەرلەمان یان وەزیری پێشکەش بە دکتۆر سلێمان دەکات، بەڵام ئەو رەتیدەکاتەوە و دەڵێت "ئەو هەڵەیەی سەید عەزیز لە بەرامبەر مەلا مستەفا کردی من ئەو هەڵەیە ناکەمەوە، ئێمە پابەندین بە تەریقەتی بارزانییەکان لەڕووی سیاسییەوە".
سەید عەزیزی شەمزینی، کە لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت بووە، "غەدری لە خۆی کرد و غەدری لە ماڵی نەهری کرد"، مەلا مستەفا زۆر ڕێزی لە ماڵی نەهری گرتووە و سەید عەزیزی وەک کوڕی خۆی خۆشویستووە، بەڵام سەید عەزیز بیری چەپی هەبوو و دابڕاوە لە مەلا مستەفا.
شێخ عەبدولقادری نەهری، کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا، لە شۆڕشی شێخ سەعیددا بەشداری نەکردووە، بەڵام کاتێک شێخ سەعید شکستی هێناوە و نامەیەکی بۆ شێخ عەبدولقادر ناردووە، ئەویش نامەیەکی بۆ سەید تەهای برازای خۆی نووسیوە بۆ پشتیوانی لە شێخ سەعید، کاتێک شێخ سەعید دەستگیر کرا، ئەو نامەیە لە گیرفانی بووە، بەو هۆیەشەوە شێخ عەبدولقادر لە سێدارە درا، وەک دکتۆر سلێمان دەڵێت "تا ئێستا گۆڕەکانیان دیارنین کە لە کوێن".
بنەماڵەی نەهری کاتێک خەڵکی سنوور تاڵانیان دەکرد، داوایان لە شێخ مەحمود سدیق کرد بێن و بیانپارێزن، دواتر گوندەکانی ژوژیلە، بێسێوە و چەند گوندێکی دیکەیان کڕی، دکتۆر سلێمان ئاماژە بەوە دەکات کە شێخ ئەحمەدی بارزانی زۆر دڵسۆزی ماڵی نەهری بووە.
مەلیکی عێراق مەلیک فەیسەڵ، دوو جار سەردانی گوندی ژوژیلەی کردووە، سەردانەکەی بۆ ڕێزلێنان بووە لە بنەماڵەی نەهری و ماڵی ئەولاد سادە و خزمەتەکانیان، دکتۆر سلێمان پێیوایە سەردانەکە لە بنەڕەتدا دیداڕێکی کۆمەڵایەتی بووە.
گولیزا خانم، برازای سمایل ئاغای شکاک، وەک پیاو جێگەی سەید تەهای گرتووەتەوە و حاکم بووە لەو ناوچەیە، ژنێکی زۆر بەدەسەڵات و خاوەن شکۆ بووە، تەنانەت مەلا مستەفا بارزانی رێزێکی زۆری لێ گرتووە و پشتیوانی لێ کردووە، گولیزا خانم خۆی بە گەورەتر لە مەلیک زانیوە و بە عەیبی زانیوە داوای شتێک لە مەلیک بکات.
باوکی دکتۆر سلێمان گەیلانی، شێخ دینۆ، کەسایەتییەکی سیاسی بووە و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی هەبووە، لە ساڵی 1971، باوکی لە بەغدا دەستگیرا و لە سێدارە درا، هۆکاری لە سێدارەدانەکەی نازانرێت، بەڵام دکتۆر سلێمان پێی وایە کێشەیەکی سیاسی بووە.
دایکی دکتۆر سلێمانیش لە ساڵی 1969 بە تۆپبارانی رژێمی عێراق لە هەولێر شەهید بووە، پاشان، دکتۆر سلێمان و براکەی ئیسماعیل زۆر ناخۆشیان بینیوە و بێ دایک و باوک ژیاون، بەڵام حەمایل خان، دایکی سەرۆک مەسعود بارزانی، زۆر یارمەتی داون.
لە کۆتاییدا دکتۆر سلێمان ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی خۆی نەکردە خاوەنی ئەوان، بەڵام سوپاسگوزارە کە ئەوان بێ موڵک و ماڵ بوون و ئەوە وای کرد بە خوێندنەوە خەریک بن.
پەنجەمۆر هەموو شەوانی چوارشەممە کاژێر 21:00 پێشکێشدەکرێت.
بهشی بكه لە