تارق ئاکرەیی- سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا
بەشی یەکەم
تاریق عەقراوی لەساڵی 1942 لە ئاکرێ لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی مەلای جزیری لە ئاکرێ دەخوێنێیت، پاشان بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی ناوەندی لە ئاکرێ، روو لە بەغدا دەکات و لەوێ لە خوێندن بەردەوام دەبێت.
ساڵی 1961 لەسەر ئەرکی حکومەت دەچێتە پراگ و قۆناخی ماستەر تەواو دەکات. ساڵی 1968 دەگەڕێتەوە بەغدا. ساڵی 1970 دەگەرێتەوە پراگ و وەکو ئەندازیاری کارەبا کاردەکات. ساڵی 1980 دەچێتە ئەڵمانیا و لە 1983دا دەبێتە ئەندامی یەکێتی ئەندازیارانی ئەڵمانیا.
تاریق عەقراوی هەر لە دوای ساڵی 1960وە تێکەڵاوی سیاسەت دەبێت. ماوەیەک سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد دەبێت، هەروەها دەبێتە بەرپرسی لقی شەشی پارتی و نوێنەری مەلا مستەفا بارزانی و ئەندامی ئۆفیسی کورد لە لەندەن. یەکێک بووە لە کەسە باوەڕپێکراوەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی. بەشێوەیەکی بەردەوام لەنێوان ئەوروپا و کوردستاندا لە هاتووچۆدا بووە و هاوکاری پێشمەرگە و سەرکردایەتی پارتی کردووە لە شاخ.
لەگەڵ زۆربەی زۆری کەسایەتییە کوردستانی و عێراقییەکاندا و بەشێک لە کەسایەتییە ئەورپییەکانیش ئاشنایەتی هەبووە. لە ساڵی 2004 دەبێت بە باڵیۆزی عێراق لە نەمسا، پاشان خانەنشین دەکرێت و ئێستا لە شاری هەولێر دەژی.