هۆمهر دزهیی-بەشی دووەم
هونەرمەند و سیاسەتڤان
بەشی دووەم
هۆمهر دزهیی له ساڵی 1936 له گوندی دووگردان له دهشتی ههولێر لە دایکبووە. سەرەتای خوێندنی لە هەولێر دەستپێدهکات و پاشان بۆ درێژەدان بەخوێندن دەچێتە کەرکووک و بەغدا. لە بەرئەوەی ئارەزووی لە هونەر و گۆرانی بووە، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ئاستەنگی دەخرێتە سەر رێگای، بەڵام ئەو کۆڵنادات. یەکەم گۆرانی خۆی لە ساڵی 1955 لە بەغدا تۆمار کردووە. لە ساڵی 1956 دەچێتە ئەنکهره بۆخوێندن، بەڵام ئەو خەیاڵی هەر لای هونەر و گۆرانی گوتن بووە، بۆیە دوای ساڵێک روو لە ڤیەننا دەکات. ئیدی بەو شێوەیە ئاشنایەتی لەگەڵ میوزیکزانان و گۆرانیبێژانی دەرەوەی کوردستان پەیدا دەکات.
هەر لە ڤیەنا ئاشنایەتی لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان پەیدا دەکات و لەسەر داوای مام جەلال لە فیستیڤاڵی لاوان لە مۆسکۆ بەشداری دەکات کە نوێنەری چەندین وڵات تێیدا بەشداربووە.
ساڵی 1963 دەگەرێتەوە کوردستان و لە رادیۆی دەنگی کوردستان لە ماوەت درێژە بە خەباتی خۆی دەدات. هەر لە ساڵانی شەستەکاندا دەست بە تۆمارکردنی گۆرانی دەکات و دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو کوردستاندا دەبێت.
لە ڤیەننا بڕوانامەی زانستی سیاسی بەدەست دەهێنێت. لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و کوردستان کۆنسێرتی هەبووەو هەوادارێکی زۆر روویان لە کۆنسێرتەکانی کردووە. لە ساڵانی هشتاکاندا لە گۆڤاری کاروان دەست بە نووسین دەکات، ئاشنایهتی زۆری لەگەڵ زۆربەی نووسەران و هونەرمەندانی کوردستاندا هەبووەو هەیە. ماوەیەک لە بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا کاری کردووەو رۆڵی کاریگەری بینیووە لە گەشەکردنی ئەو رادیۆیه.
ساڵی 2006 لەسەر داوای مام جەلال دەگەڕێتەوە کوردستان و عێراق و دەبێتە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، مام جەلال.
هۆمەر دزەیی خاوەنی چەند پەرتوکێکە، دیاریترینیان چیرۆکی ئەوینداریم و لێکڵینەوەیەک لەسەر حەیران. چەندین شیعری ئەڤینداری و نیشتیماپەروەری نووسیوە. زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە هۆمەر دزەیی لە ژیانیدا خولیای سێ شت بوو کە هەرسێكیان بە (میم) دەستپێدەکەن، (مێ، مەی و میویزیک).
ئێستا لە کوردستان دەژی.
لەم ئەڵقەیەدا باسی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەری خۆی زۆر بە راشکاوانە دەکات. باسی چوونی بۆ مۆسكۆ و بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی لاوان دەکات. هەوڵەکانی لاوانی کورد بۆ بینینی مەلا مستەفا بارزانی کە ئەوکات ماوەی 10 ساڵ بوو لە سۆڤیەت بوو.
پەنجە مۆر
مێژووی کوردستان زۆر لاپەڕەی هەڵنەدراوەی تێدایە. لەبارەی زۆر رووداوی گرنگ لەو مێژووەدا گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆر پرسیار هەن کە هەر پرسیار ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە. زۆر کەسایەتیش هەن کە رۆڵی مەزنیان گێڕاوە لە مێژووی کوردستاندا و خەریکن چیرۆکی ئەو رووداوانەی خۆیان تێیدا بەشداربوون لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر خاک. بەرنامەی پەنجەمۆر دەیەوێ ئەو مێژووە دۆکیۆمێنت بکات. ئەویش لەڕێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینی ٤٨ خولەکی لەگەڵ هەریەکە لە کەسایەتییەکان.