محەممەد فەهمی، هونەرمەند

محەممەد فەهمی، هونەرمەند

لەم بەرنامەیەی "پلان A"دا، چاوان فەرەیدوون، میوانداریی هونەرمەندی گەنج محەممەد فەهمی کرد، کە بە ناوی محەممەد بەرزنجی ناسراوە. بەرنامەکە باسێکی لە ژیان و ئامانجە هونەرییەکانی محەممەد کرد، کە خەونی ئەوەیە ببێتە هونەرمەندێکی ناسراو و خزمەتی هونەری کوردی بکات. گفتوگۆیەکی کراوە کرا و لە کۆتاییدا محەممەد بەرزنجی بەرهەمێکی هونەری پێشکێش کرد.

محەممەد بەرزنجی، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵە و لە شاری هەولێر دەژی. لە سەرەتای بەرنامەکەدا باسی لە "پلانی A"ی خۆی کرد و گوتی، "ئاواتم ئەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا ببمە هونەرمەندێکی سەرکەوتوو و خزمەتی هونەری کوردی بکەم." محەممەد ئەوەشی گوت کە هەر لە منداڵییەوە حەزی لە هونەر بووە و ئێستا بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ کار لەسەر گۆرانییەکی نوێ دەکات، کە تێکست و ئاوازەکەی لەلایەن مامۆستایەکی ناسراوەوە بۆی ئامادە کراوە.

محەممەد بەرزنجی، هەروەها گوتی کە لەگەڵ کاری هونەریدا، قوتابیی پۆلی 12ی ئامادەییشە. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کاتی کەم بێت، بەڵام ئەو هەر بەردەوامە و گوتی، "هیوادارم ئەم ساڵ ئامادەیی تەواو بکەم، بۆ ئەوەی کاتی زیاترم هەبێت بۆ کارە هونەرییەکانم." یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو "هونەرمەندی کورد چۆن دەتوانێت بگاتە ئاستی جیهان؟". لە وەڵامدا، محەممەد بەرزنجی گوتی، "پێویستە ئێمە لە رێگەی کولتووری خۆمانەوە ببینە جیهانی، نەک بە سڕینەوەی ناسنامەکەمان." ئەو پێی وابوو بەکارهێنانی جلوبەرگی کوردی و کولتووری رەسەن لە کلیپ و فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا، کلیل و رێگەی سەرکەوتنە.

هەروەها، محەممەد بەرزنجی، باسی لە کاریگەریی دوو هونەرمەندی ناسراو، فەرهاد زیرەک و ئەردەڵان بەکر، لەسەر ژیانی هونەریی خۆی کرد. هیوای خواست رۆژێک لەگەڵ هونەرمەند فەرهاد زیرەک گۆرانیی دوێت بڵێتەوە. سەبارەت بە پاڵپشتیی خێزانەکەی، رایگەیاند کە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی، بەتایبەتی فەرهادی برای کە دەنگی خۆشە، زۆر پشتگیریی دەکەن.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، محەممەد بەرزنجی، بە جلوبەرگی کوردییەوە لەگەڵ گرووپێک لە هاوڕێ ژەنیارەکانیدا دەرکەوت. ئەو گوتی کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان هەیە و وەکو "برا" وان بۆ یەکدی. زۆرجار پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ کاری هونەری، کە هەم بۆ کات بەسەربردنە و هەمیش وەکو راهێنانێکە.

پێش دەستپێکردنی گۆرانییەکە، چاوان لێی پرسی، "ئەگەر ئەمڕۆ کەسێکی تایبەت لە خەیاڵتدا بێت گوێی لە دەنگت بێت، حەز دەکەیت کێ بێت؟" محەممەد لە وەڵامدا گوتی، "بێگومان دایک و باوکم، چونکە خێزان لەپێش هەموو شتێکەوەیە." دواتر، لەگەڵ هاوڕێکانیدا، یەکێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی بە ناوی "ئای شەم" پێشکێش کرد.

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.