پەیوەند سوبحی، چالاکڤانی ژینگە

پەیوەند سوبحی، چالاکڤانی ژینگە

لەم بەرنامەیەی پلان A، پەیوەند سوبحی، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵی کەرکووکی و دانیشتووی هەولێر، میوان بوو. پەیوەند، کە ماوەی 15 ساڵە لە بواری رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا کاردەکات، خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، تواناسازیی گەنجان و ژینگە. پلانی سەرەکی و خەونی ئەو ئەوەیە کە ببێتە وەزیری دەرەوە و لە رێگەی دیپلۆماسییەتەوە کار بۆ دۆزی کورد بکات. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە "خەون بینین بەس نییە، دەبێت جووڵەت هەبێت."

ئەزموونی کارکردن و بەشدارییە نێودەوڵەتییەکان
پەیوەند، باسی لە ئەزموونی کارکردنی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان کرد و رایگەیاند کە ئازادیی کارکردن تیایاندا زیاترە بە بەراورد بە کەرتی حکومی. یەکێک لە دەستکەوتە دیارەکانی، بردنەوەی پلەی یەکەم بوو لە پێشبڕکێیەک لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2021، کە تێیدا کەمپینێکی بۆ پاراستنی ژینگە راگەیاندبوو. هەروەها، ئاماژەی بە بەشداریکردنی لە دوو کۆنفرانسی گرنگی ژینگەیی COP28 لە دوبەی و COP29 لە باکۆ کرد، کە تێیاندا وەک ئەندامی شاندی عێراق و بەڕێوەبەری پانێڵ بەشداریی کردبوو. پەیوەند، باسی لەو ئاڵنگارییە دەروونیانە کرد کە لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا رووبەڕووی دەبێتەوە، بەتایبەت کاتێک وەک کوردێک پرسیاری وەک "کوردستان لە کوێیە؟"ی لێدەکرێت، بەڵام هەمیشە بە "زمانی نەرم و دیپلۆماسی" وەڵامی داوەتەوە.

پەیام و ئامۆژگاری بۆ گەنجان
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، پەیوەند سوبحی، چەند ئامۆژگارییەکی ئاراستەی گەنجان کرد. ئەو کاری خۆبەخشی بە "باشترین رێگە بۆ سەرکەوتن" ناوبرد، چونکە لە رێگەیەوە مرۆڤ هەم ئەزموون و هەم پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەدەستدەهێنێت. هەروەها، جەختی لەسەر گرنگیی ئارامگرتن و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان کردەوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئارامیی دەروونی گرنگترە یان گەیشتن بە ئامانج، پەیوەند گوتی، "تۆ تاوەکو دەروونت ئارام نەبێت، ناگەیت بە خەون و ئامانجەکانت."

پلان A، بەرنامەیەکی تایبەت بە مانگی رەمەزانە و تێیدا میوانداریی ئەو گەنجانە دەکات کە خاوەنی پلان و ئامانجی دیاریکراون بۆ داهاتوویان. بەرنامەکە هەوڵدەدات لە رێگەی ئەزموونی میوانەکانییەوە، وێنەیەکی روونتر لەبارەی بیرکردنەوە و هەوڵەکانی گەنجانی کوردستان بخاتەڕوو.