بووشرا عومەر، گوڵفرۆش

03 March 2026
بووشرا عومەر، گوڵفرۆش

لەم بەرنامەیەی پلان A، بووشرا عومەر، کچێکی گەنجی تەمەن 25 ساڵی خەڵکی دهۆک و دەرچووی بەشی وەرگێڕان، میوان بوو. بووشرا، ماوەی دوو ساڵە خاوەنی بزنسی گوڵفرۆشیی خۆیەتی وەک خۆی دەڵێت، "ویستم شتێکی جیاواز بێت،" بۆیە بە دیزاینێکی ناسکی کچانە، شوێنەکەی خۆی رازاندووەتەوە. پلانی سەرەکی و خەونی ئەو ئەوەیە کە لە داهاتوودا ببێتە ژنێکی سەرکەوتوو و بزنسەکەی گەورەتر بکات.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، بووشرا باسی لەوە کرد کە چۆن ئارەزووی بۆ گوڵ وای لێکردووە بیکات بە کارێکی تایبەت بە خۆی. ئەو روونیکردەوە کە لە کوردستان بەگشتی و لە دهۆک بەتایبەتی، وردە وردە کولتووری گرنگیدان بە گوڵ لە گەشەکردندایە و خواست لەسەر گوڵی سروشتی زیادیکردووە. ئەمەش هاندەر بووە بۆئەوەی ئەو بیرۆکەیەی خۆی جێبەجێ بکات. بووشرا ئاماژەی بەوەدا کە گوڵەکانی وەک رۆز، بەیبی رۆز، ئۆرکید و توولیپ خواستی زۆریان لەسەرە، بەتایبەت کە خەڵک بۆ بۆنە جیاوازەکان بەکاریدەهێنن، وەک سەردانی نەخۆش، دیاری بۆ هاوژینەکانیان، یان بۆ رۆژی ڤالانتاین. وەک خۆی گوتی، "گوڵی سرووشتی بۆ هەموو بۆنەیەک دەبێت."

بووشرا چەند رێنماییەکی بۆ هێشتنەوەی گوڵ بە شێوەیەکی فرێش بۆ ماوەیەکی درێژتر خستەڕوو. ئەو گوتی کە باشترین رێگە ئەوەیە گوڵەکان لە ئاوی سارددا دابنرێن و رۆژانە ئاوەکەیان بگۆڕدرێت و قەدەکانیان ببڕدرێت. هاوکات، ئەو بیرۆکە باوانەی وەک تێکردنی حەبی سەرئێشە بۆ ناو ئاوی گوڵ بە "نادروست" ناوبرد و گوتی، "ئەو شتانە راست نین، تەنیا ئاوی سارد و گۆڕینی ئاوەکەی بەسە بۆئەوەی تەمەنی درێژتر بێت." هەروەها، باسی لەوە کرد کە هەندێک گوڵ وەک لەناو خەڵکدا باوە، "دەخەون،" واتە لە شەودا خۆیان کۆدەکەنەوە و لە رۆژدا دەکرێنەوە.

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، بووشرا عومەر، ئاشکرای کرد کە پلانی دیکەی هەیە بۆ کاری بازرگانی، بەڵام ویستی وەک "سوپرایز" بیهێڵێتەوە. سەبارەت بە ژینگەی کارکردن لە دهۆک، ئەو پێیوابوو کە دهۆک شارێکی بچووکە و بۆ بزنسێکی گەورەتر، رەنگە پێویست بکات لە دەرەوەی شاریش کار بکات. پەیامی سەرەکی و ئامۆژگاریی بووشرا بۆ ئەو کچانەی دەیانەوێت دەست بە کاری خۆیان بکەن ئەوە بوو کە "دەستپێبکەن." ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بەربەستێک نییە و کچان دەتوانن لە رێگەی کاری ئۆنلاین یان کردنەوەی دووکانێکی بچووکەوە دەستپێبکەن و گوتی، "بڕیار بدە و دەستپێبکە،" چونکە گرنگترین هەنگاو، هەنگاوی یەکەمە.

 

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.