چیمەن محەممەد، شانۆکار لە کەلار

12 March 2026
چیمەن محەممەد، شانۆکار لە کەلار

لەم بەرنامەیەی پلان Aدا، چیمەن محەممەد، شانۆکار و مامۆستایەکی گەنجی خەڵکی کەلار میوان بوو. چیمەن، کە تەمەنی 22 ساڵە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە، ماوەی سێ ساڵە وەکو مامۆستای وانەی شانۆ لە قوتابخانەیەکی ئەهلی کاردەکات و هاوکات خەونی گەورەی بۆ داهاتووی هونەری شانۆ لە شارەکەی هەیە.

لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا، چیمەن باسی لە ئەزموونی خۆی لە بواری شانۆ و وانەوتنەوەدا کرد. ئەو ئاشکرای کرد کە لەپاڵ مامۆستاییدا، گرووپێکی شانۆیی لە قوتابخانەکەیان دامەزراندووە و پلانی هەیە لە داهاتوودا ئەو گرووپە گەورەتر بکات بۆ ئەوەی بتوانن ساڵانە چالاکی بەردەوامیان هەبێت. لە وەڵامی پرسیارێکی چاواندا سەبارەت بەو ساتانەی کە ئەکتەر تووشی دڵەڕاوکێ و لەبیرچوونەوەی دەق دەبێت، چیمەن بە پێکەنینەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە ئەزموونێکی زۆر ناخۆشە و بۆ خۆی چەند جارێک تووشی بووە، بەتایبەت لەکاتی پڕۆڤەکاندا کاتێک کەسانی دیکە سەیری دەکەن.

سەبارەت بە ئەکتەرە دڵخوازەکانی، چیمەن رایگەیاند کە لە ئاستی جیهانیدا بە عامر خان سەرسامە و لەنێو ئەکتەرە کوردەکانیشدا حەزی لە کارەکانی چریکە عەبەڕەشە. هەروەها، جەختی لەوە کردەوە کە حەزدەکات هەموو جۆرە رۆڵێک تاقیبکاتەوە، چ کۆمیدی بێت یان تراجیدی، بۆ ئەوەی ئاستی تواناکانی خۆی بناسێت.

یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی بەرنامەکە گفتوگۆ بوو لەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی کاری هونەریی دەبێتەوە لە شارێکی وەک کەلار. چیمەن، ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی بودجە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانە و زۆرجار ناچاربوون بە خۆیان جلوبەرگ و پێداویستییەکانی شانۆگەرییەکە دروست بکەن. هەروەها، باسی لەوە کرد کە کارکردن بۆ کچێک لە بواری شانۆدا لە کۆمەڵگەیەکی تاڕادەیەک داخراودا، "کەمێک زەحمەتە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەک مامۆستایەکی شانۆ، باسی لە گرنگیی وانەی هونەر لە قوتابخانەکاندا کرد. ئەو پێی وایە فێربوونی نواندن تەنیا بۆ ئەوە نییە کەسێک ببێت بە ئەکتەر، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی و زیادکردنی بڕوابەخۆبوون، کە ئەمەش بۆ هەموو پیشەکانی دیکە وەکو مامۆستا و دکتۆر پێویستە. ئەو جەختی کردەوە کە زۆر پێویستە وانەی شانۆ لە قوتابخانە حکومییەکانیشدا بخوێندرێت.

لە کۆتاییدا، چیمەن پلانی داهاتووی خۆی ئاشکرا کرد کە بریتییە لە دامەزراندنی گرووپێکی شانۆیی لە شاری کەلار. ئەو هیواخوازە لە رێگەی ئەم گرووپەوە بتوانێت خزمەت بە بواری هونەری شانۆ لە شارەکەی بکات و دەرفەت بۆ گەنجانی دیکەش بڕەخسێنێت. کاتێک چاوان پرسیاری لێکرد "ئەگەر شانۆ نەمێنێت، پلانی دووەمت چییە؟"، چیمەن بە کورتی وەڵامی دایەوە: "میوزیک".

 

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.