دانا کەمال، ژەنیاری پیانۆ
لەم بەرنامەیەی پلان A، دانا کەمال، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ و قوتابیی قۆناغی یەکەمی کۆلێژی پزیشکیی گشتی، میوان بوو. دانا، کە ماوەی پێنج ساڵە ژەنیاری ئامێری پیانۆیە، نموونەی ئەو گەنجەیە کە لە نێوان گوشاری کۆمەڵگە و حەز و خولیای خۆیدا هاوسەنگییەک دروست دەکات. پلانی سەرەکی و خەونی ئەو ئەوەیە کە لە رێگەی میوزیک و سینەماتۆگرافییەوە بەختەوەریی راستەقینە بەدەستبهێنێت، هەرچەندە لە بوارێکی تەواو جیاوازدا دەخوێنێت.
دانا کەمال، لە سەرەتای گفتوگۆکەدا باسی لەوە کرد کە چۆن خوێندنی پزیشکی، کە بەهۆی بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز و خواستی خێزانەکەیەوە هەڵیبژاردووە، رەنگە رێڕەوی کۆتایی ژیانی نەبێت. ئەو بە راشکاوی گوتی: "باوەڕناکەم ئەوە پلانی کۆتاییم بێت، چونکە حەزی زیاترم بۆ لایەنی میوزیکی و سینەماتۆگرافی هەیە." ئەمەش ئەو ململانێیە دەخاتەڕوو کە لە ناخی زۆرێک لە گەنجاندا هەیە لە نێوان ئەو بوارەی کە عەقڵ و دەوروبەر بۆیان دیاری دەکات و ئەو بوارەی کە دڵیان ئارەزووی دەکات. دانا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ناچار بێت لە نێوان داهاتێکی زۆری پزیشکی و میوزیکدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، واز لە پزیشکی دەهێنێت، بەڵام ئامادە نییە بۆ هیچ بڕە پارەیەک دەستبەرداری پیانۆکەی بێت.
دانا، وەک گەنجێکی سەردەم، بەشێکی زۆری تواناکانی لە رێگەی ئینتەرنێت و یوتیوبەوە پەرەپێداوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ فێری ژەنینی پیانۆ بووە. ئەو هەموو کارەکانی بەرهەمهێنانی کلیپە میوزیکییەکانی، لە تۆمارکردنی دەنگ و وێنە تاوەکو مۆنتاژ، بە تەنیا ئەنجام دەدات. یەکێک لە بۆچوونە سەرنجڕاکێشەکانی، پەیوەست بوو بە ژیریی دەستکرد (AI)، کە پێیوابوو "شتێکی باش نییە ژیریی دەستکرد تێکەڵی هونەر بکەین، چونکە هونەر شتێکە کە خودی مرۆڤ خۆی دروستی بکات جوانترە." سەبارەت بە کاتیش، دانا پێیوایە "کات زۆرە لە رۆژێکدا، 24 کاژێر گەلێک زۆرە" و بە ئەنجامدانی کارە گرنگەکان لە سەرەتادا، مرۆڤ دەتوانێت کاتەکانی بە باشی رێکبخات.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، دانا کەمال، چەند پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد. ئەو بەردەوامی بە گرنگتر لە هاندان زانی و گوتی، "ناتوانی هەموو کات هاندان بدۆزیتەوە، بۆیە بەردەوامی لە هەموو شتێک گرنگترە." هەروەها، جەختی لەسەر گرنگیی ئارامیی دەروونی کردەوە و گوتی، "ئەگەر بگەیتە ئامانجیشت و ئارامیی نێوخۆت نەبێت، ئامانجەکە هیچ مانایەکی نابێت." گەورەترین ترسی ئەو لە ژیاندا ئەوەیە کە نەتوانێت ئەو ژیانە بژی کە خۆی دەیەوێت، ئەم ترسەش وا دەکات زیاتر بەدوای خولیاکانیدا بگەڕێت. لە وەڵامی پرسیاری کۆتاییدا کە ئایا دڵی هەڵدەبژێرێت یان مێشکی، بەبێ دوودڵی گوتی: "دڵم."
پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.