داریۆس بابان، پرۆگرامساز

15 March 2026
داریۆس بابان، پرۆگرامساز

داریۆس بابان، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ و خەڵکی کەرکووک کە خاوەنی چەندین پرۆژەی تەکنەلۆجییە، لە بەرنامەی "پلان A" میوانداری کرا. داریۆس گەنجێکی پرۆگرامسازە و چەندین دەستکەوتی لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاریدا بەدەستهێناوە و، پلانی سەرەکیی دامەزراندنی رێکخراوێکی ناحکومییە بە مەبەستی خزمەتکردنی گەنجان لە بوارەکانی سەرکردایەتی و دیپلۆماسیدا.

داریۆس بابان، ئاماژەی بە دیارترین پرۆژەی خۆی کرد کە ئەپلیکەیشنی "ڤیڤی میت" (Vivi Meet)ـە. ئەم ئەپلیکەیشنە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا وەک ئاڵتێرناتیڤێک بۆ پلاتفۆرمەکانی "زووم" و "گووگڵ میت" بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئۆنلاین پەرەی پێدراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1.3 ملیۆن بەکارهێنەری تۆمار کردووە. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پرۆژەکە ئەوە بووە کە سێرڤەرەکانی لەنێو عێراقدا جێگیر کراون، کە ئەمەش کێشەی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێتی بۆ بەکارهێنەرانی ناوخۆ کەمکردووەتەوە.

پرۆژەیەکی دیکەی گرنگی داریۆس بریتییە لە ئەپلیکەیشنێکی تایبەت بۆ پارێزەرانی عێراق بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی. ئەم پرۆژەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکای مافپەروەران و پارێزەرانی عێراق جێبەجێ کراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردە کە یارمەتیی پارێزەران دەدات لە ئامادەکردنی گرێبەستەکان، شیکردنەوەی دۆسیەکان و وەرگرتنی راوێژی یاسایی خێرا. داریۆس دامەزرێنەری "داریوس گرووپ"ـیشە کە کۆمپانیایەکە و چەندین خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات.

سەبارەت بە دید و پلانی داهاتووی، داریۆس بابان، رایگەیاند کە ئەگەری هەیە بۆ مەبەستی خوێندن یان کار سەردانی دەرەوەی وڵات بکات، بەڵام بیری لە جێهێشتنی یەکجارەکی نەکردووەتەوە. ئەو پێی وایە باشترە مرۆڤ بە بێدەنگی کارەکانی ئەنجام بدات و رێگە بدات "کردارەکان قسە بکەن". بە بڕوای ئەو، ئەگەر مرۆڤ کەمتر باسی پلانەکانی بکات، باشتر دەتوانێت کاریان لەسەر بکات و لە ئەگەری سەرکەوتوو نەبووندا، خۆی لە ژێر گوشاری لێپرسینەوەی دەوروبەرەکەیدا نابینێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، داریۆس، ئاشکرای کرد کە کەسایەتییەکی گۆشەگیرە و زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ کۆمپیوتەرەکەیدا بەسەر دەبات. ئەو گرنگییەکی تایبەت بە بواری ئابووری و دارایی دەدات و کتێبی "سایکۆلۆجیای پارە" (The Psychology of Money) بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئەو بوارە دادەنێت. ئامانجی لە ژیاندا گەیشتنە بە ئاستێک لە سەربەخۆییی دارایی کە بە گوتەی خۆی، "کاتێک شتێک دەکڕیت، سەیری نرخەکەی نەکەیت."

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.