ئەمیر دزەیی: میوزیکژەن

26 February 2026
ئەمیر دزەیی: میوزیکژەن

لەم بەرنامەیەی پلان A، ئەمیر فەیسەڵ حەسەن، ناسراو بە ئەمیر دزەیی، گەنجێکی بەهرەمەندی دانیشتووی هەولێر و خوێندکاری هونەرە جوانەکان، میوان بوو. ئەمیر، کە ژەنیاری ئامێری پیانۆ و گیتارە، لە منداڵییەوە خەونی ئەوەی هەبووە ببێتە ژەنیارێکی ناسراو و، ئێستا بە رێگەیەکی ئەکادیمیدا هەنگاو دەنێت بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە. پلانی سەرەکی و ئامانجی ئەو کردنەوەی ئەکادیمیایەکی میزیکە بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردی و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی هونەرمەند.

ئەمیر، چیرۆکی دەستپێکردنی خۆی لەگەڵ میوزیک گێڕایەوە، کە سەرەتا بە ژەنینی گیتار دەستی پێکردووە. بەڵام دواتر هەستی کردووە کە ئامێری پیانۆ "زیاتر لێی تێدەگات" و لە هەستەکانییەوە نزیکترە. هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە "پیانۆ قورسترین ئامێری میوزیکییە" و پێویستی بەوەیە مێشکت بکەیتە بە دوو بەشەوە، بەڵام ئەو قورسییە چێژێکی تایبەتی پێدەبەخشێت. گۆڕینی ئامێرەکەی لە گیتارەوە بۆ پیانۆ، نیشانەی گەڕانی ئەمیرە بەدوای ئەو دەنگەی کە بەڕاستی نوێنەرایەتیی هەستەکانی دەکات و تێیدا ئارامیی دەروونی دەدۆزێتەوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی ئەمیر، پاڵپشتیی بێوێنەی خێزانەکەیەتی، بەتایبەتی دایکی کە بە "گەورەترین پاڵپشتی" ناوی دەبات. قسەکانی دایکی هەمیشە هاندەر بوون بۆی لە ساتە سەختەکاندا. ماڵی ئەمیر، خۆی لە خۆیدا ناوەندێکی بچووکی هونەرییە؛ برا گەورەکەی ژەنیاری کلارنێتە، برا بچووکەکەی ساز دەژەنێت و زاواکەیان، مامۆستا محەممەد یاسین، ژەنیارێکی بەتوانای کەمانە. ئەم ژینگە هونەرییە وایکردووە ئەمیر هەست بکات لە ماڵەوە "ئۆرکێسترایەک"یان هەیە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە کاتێک بێتاقەت دەبێت، ژەنینی پارچە میوزیکێک هەستی ئەوەی پێدەبەخشێت کە "سەر لە نوێ لەدایک دەبێتەوە".

پلانی سەرەکیی ئەمیر دزەیی، کردنەوەی ئەکادیمیایەکی میوزیکە بۆ ئەو منداڵ و گەنجانەی کە ئارەزووی فێربوونیان هەیە، چونکە خۆی لە رابردوودا هەستی بە کەمیی ناوەندی لەو شێوەیە کردووە. خەونی گەورەتریشی ئەوەیە کە ببێتە هونەرمەندێکی جیهانی و "کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەبێت" و دوای خۆی وەک کەسێک یاد بکرێتەوە کە هەوڵی بۆ پێشخستنی هونەری کوردی داوە. ئەمیر، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، وەک ئەوەی "هونەر تۆ ناژێنێت" یان "حەرامە"، بەڵام ئەو گوێی بەو قسانە نەداوە و سوور بووە لەسەر خەونەکەی. پەیامی ئەو بۆ گەنجان ئەوەیە کە "هەموو سەرەتایەک قورسیی تێدایە،" بەڵام نابێت کۆڵ بدەن و گرنگی بە قسەی خەڵک نەدەن، چونکە قسەی خەڵک "نە پێشت دەخات و نە دوات دەخات."

 

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.