هێژا محەممەد، شارەزای بواری تەکنەلۆجیای زانیاری

هێژا محەممەد، شارەزای بواری تەکنەلۆجیای زانیاری

ئەم بەرنامەیەی پلان A لەگەڵ گەنجێکی دانیشتووی شاری هەولێردا بوو بەناوی هێژا محەممەد. هێژا شارەزای بواری IT و ژیری دەستکردە و لە کۆمپانیایەکی تایبەت بەو بوارە لە هەولێر کاردەکات. هێژا لە سەرەتای بەرنامەکەدا خۆی ناساند و گوتی لە کۆمپانیایەکدا کاردەکات کە بەشێوەیەکی سەرەکی گرنگی بە پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد دەدات و هەوڵدەدات بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەتدا، ئەم تەکنەلۆژیایە پەرە پێبدات. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە کارەکەی وەکو بەڕێوەبەری نووسینگە و پڕۆژەکان مایەی چێژە، چونکە لە چەقی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهانی تەکنەلۆژیادایە، کە بە بڕوای ئەو، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕی کار داناوە. هێژا جەختی لە گرنگیی بەدیجیتاڵکردنی داتاکان کردەوە، بەتایبەتی بۆ دامەزراوە حکومییەکان، بەمەبەستی پاراستنیان و ئاسانکاری لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، کە ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بە خێراییەکی زۆر زیاتر لە مرۆڤ ئەنجام بدات.

ئاڵنگارییەکان و دیدگا بۆ داهاتوو
بە بڕوای هێژا، یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی کارکردن لەگەڵ کڕیارەکاندا، پرسی "لێکتێنەگەیشتن"ە، بەتایبەتی کاتێک کڕیارەکە شارەزایی تەکنیکیی پێویستی نییە. هەروەها ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەداخەوە داواکاریی نایاسایی، وەکو هاککردنی هەژماری کەسی، "بەڕێژەیەکی زۆر" پێشکێش دەکرێت. سەبارەت بە پلانی داهاتووی، هێژا دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای بوونی دەرفەتی باشتر لە دەرەوەی وڵات، هەرگیز بیری لە جێهێشتنی نیشتمان نەکردووەتەوە و خوازیارە خزمەتی وڵاتەکەی بکات. دیدگای ئەو بۆ 5 بۆ 10 ساڵی داهاتوو ئەوەیە کە ئاستی تەکنەلۆژیا لە کوردستان "چەندین جار لە ئێستا باشتر بێت" و هاووڵاتییان ئاشنایەتییەکی زیاتریان لەگەڵیدا هەبێت. ناوبراو دان بەوەدا دەنێت کە "کۆسپمان لەبەردەمدایە" و گەنجان "دەرفەتی کەمیان پێدراوە"، بەڵام پێی وایە پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن.

رەخنە لە سیستەمی خوێندن
هێژا رەخنەی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا گرت و رایگەیاند، قوتابییان زیاتر "بۆ بەدەستهێنانی نمرە دەیانخوێند" نەک بۆ فێربوون. بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی، نموونەی قوتابییەکی هێنایەوە کە بە مامۆستاکەی گوتبوو، "ئەگەر راست دەکەیت نمرەم پێ بدە، زانستەکەم بۆ چییە؟". هێژا، پێی وایە سیستەمی خوێندن پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە و دەبێت لایەنی کرداری تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزبکرێت، چونکە "پێویستە کارەکە بە کردەیی ئەنجام بدەیت، ئینجا لایەنە تیۆرییەکەی بخوێنیت". ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێوان حکومەت، کەرتی تایبەت و خودی قوتابییانە.

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.