کامیار کامەران، ژەنیاری ئامێری پیانۆ
لەم بەرنامەیەی پلان Aدا، کامیار کامەران گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ، ژەنیاری پیانۆ و کارمەند لە بواری گەشتوگوزار، میوان بوو. کامیار، خەونی ئەوەیە کە لە رێگەی پیشەکەی یان هونەرەکەیەوە خزمەتێک بە کۆمەڵگەکەی بکات و خوێندنی باڵا لە بواری گەشتوگوزاردا تەواو بکات.
کامیار کامەران، باسی لە ئەزموونی خوێندنی خۆی کرد، کە چۆن دوای ئەوەی لە پۆلی 12 نمرەی پێویستی بۆ ئەو بەشە بەدەستنەهێناوە کە ئارەزووی دەکرد، بڕیاریداوە روو لە بەشی گەشتوگوزار بکات، چونکە بە بوارێکی نوێی زانیوە. ئەو، رەخنەی لە سیستمی وەرگرتن لە زانکۆکان گرت و گوتی کە ئەم سیستمە رێگە نادات خوێندکار بەپێی حەز و توانای خۆی بەشەکەی هەڵبژێرێت. ئەمەش وادەکات هەندێک گەنج تووشی بێهیوایی بن یان لە بوارێکدا بخوێنن کە ئارەزووی ناکەن و تێیدا سەرکەوتوو نابن.
سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە کوردستان، کامیار پێیوابوو کە گرنگە بایەخ بە دەرچووانی بەشەکانی گەشتوگوزار بدرێت و بەتایبەتیش فێربوونی زمانە بیانییەکان بکرێتە ناچاری بۆ خوێندکارانی ئەو بوارە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، کامیار باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە رووبەڕووی گەنجان دەبنەوە. یەکەم ئاستەنگ، لایەنی ماددی بوو بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەک، وەک پلانی خۆی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری. دووەم ئاستەنگیش، گرنگیی پشتگیریی خێزان و هاوڕێیان بوو. ئەو گوتی، "تەنیا بە قسەیەکیش بێت" یان بە بڵاوکردنەوەی کارەکانیان لە سۆشیال میدیا، دەتوانن هاندەرێکی گەورە بن.
لە رووی هونەرییەوە، کامیار کامەران، خۆشەویستیی خۆی بۆ پیانۆ و سەرسامیی خۆی بە ئاوازەکانی هونەرمەندان عەدنان کەریم و نەجمەدینی غوڵامی دەرخست. ئەو، پیانۆی بە "خواردنی رۆح" وەسفکرد کە دوای رۆژێکی پڕ لە کار و ماندووبوون، ئارامیی پێدەبەخشێت. کامیار، جەختی لەوە کردەوە کە خێزانەکەی گەورەترین پاڵپشتی بوون لە هەموو کارەکانیدا و هەر هەنگاوێکی بە راوێژ و رەزامەندیی ئەوان ناوە. لە کۆتاییدا، پارچە میوزیکێکی لە ئاوازەکانی نەجمەدینی غوڵامی پێشکەش کرد.
پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.