کانی کامەران، هونەرمەندی شێوەکار
کانی کامەران، لە بەرنامەی پلان A میوان بوو. ئەو کچێکی شێوەکارە، تەمەنی 22 ساڵە، خەڵکی قەزای چۆمانە و لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان دەخوێنێت. کانی بە رووخۆشییەوە دەرکەوت و باسی لە خەونە گەورەکەی کرد، کە کردنەوەی پێشانگایەکی نێودەوڵەتی و دروستکردنی ستایەلێکی تایبەت بە خۆیەتی لە هونەردا. ئەو دەیەوێت زیاتر لە بواری هونەردا بخوێنێت بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی جیاوازی هەبێت.
لەسەرەتای بەرنامەکە، کانی گوتی کە وەک هەموو هونەرمەندێک لە سەرەتای کارکردنیدا، چەند تابلۆیەکی هەیە کە نایەوێت کەس بیانبینێت، چونکە ئەو کاتە ئەزموونی کەم بووە و وەک یادگارییەک بۆ خۆی هەڵیگرتوون. ئەو گوتی تابلۆکانی دەربڕی "حاڵەتێکی دەروونی و تووڕەیین بەرامبەر کۆمەڵگە و ئەو تاوانانەی دژی مرۆڤ دەکرێن." سەبارەت بە رەنگەکان، گوتی رەنگە گەرمەکان بۆ دەربڕینی تووڕەیی و رەنگە ساردەکانیش بۆ ئارامی بەکاردەهێنێت. بەڵام جەختی کردەوە کە "لە هونەردا هیچ شتێک ئەستەم نییە" و دەکرێت بە رەنگی ساردیش تووڕەیی نیشان بدرێت.
کانی هونەری بە یاری شەتڕەنج بەراورد کرد، چونکە پێی وابوو هەردووکیان پێویستیان بە بیرکردنەوەی زۆر و هەڵبژاردنی دروست هەیە. هەروەها گوتی بۆ ئەوەی ئەزموونێکی باشت هەبێت، نابێت وەک هونەرمەند لە بەکارهێنانی کەرەستەکانی وەک کاغەز و رەنگ بترسیت و گوتی: "لە رۆژێکدا رەنگە 50 سکێچم کردبێت." سەبارەت بە شوێنی کارکردن، پێی وابوو تەنیایی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی دنیای ناوەوەی خۆت بدۆزیتەوە، بەڵام کاری بە کۆمەڵیشی پێ خۆش بوو ئەگەر لەگەڵ کەسانێک بێت کە بیرکردنەوەیان لەیەکەوە نزیک بێت.
هەروەها لانە باسی لەوە کرد کە ژیریی دەستکرد (AI) تەنیا وەک سەرچاوەیەک بۆ وەرگرتنی زانیاری بەکاردەهێنێت و پشتی پێ نابەستێت بۆ کێشانی تابلۆ، تاوەکو ستایل و داهێنانی خۆی تێک نەدات.
لانە سرووشتی سارد و باراناوی چۆمانی بە سەرچاوەیەکی گرنگی ئیلهام و یەکێک لە "بنچینە هەرە قووڵەکانی هونەر" دانا. هەرچەندە حەزی دەکرد بۆ خوێندنی زیاتر بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام چۆمانی بە "خۆشترین شوێن" بۆ ژیان ناوبرد. ئەو ماوەی 3 ساڵە لە ناوەندی کولتووریی چۆمان وانەی هونەر بە منداڵان و گەنجان دەڵێتەوە و پلانی هەیە لە داهاتوودا لە پەیمانگا و کۆلێژەکانیش وانە بڵێتەوە.
پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.