لانە کامەران، گەنجێکی بەهرەمەند

05 March 2026
لانە کامەران، گەنجێکی بەهرەمەند

لەم بەرنامەیەی پلان Aدا، لانە کامەران خوێندکاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەرهێنەر و دامەزرێنەری براندی ستیکولا میوان بوو. لانە، کە خاوەنی ئەزموونێکی پێنج ساڵەیە لە بواری دیجیتاڵ میدیا، هونەر و رێکلام، لەم گفتوگۆیەدا تیشکی خستە سەر رۆڵی هونەر لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، چیرۆکی سەرکەوتنی براندە کوردییەکەی و ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی گەنجان دەبنەوە.

لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، لانە جەختی لەسەر گرنگیی هونەر کردەوە وەک ئامرازێک بۆ زیندووکردنەوەی شانازی بە کولتوور و شوناسی دەوڵەمەندی کوردییەوە. ئەو پێی وایە هونەر دەکرێت ببێتە ئەو چەکە و ئەو ئامڕازە کە دەکرێت شانازی لای تاکی کۆمەڵگە دروست بکات. ئەم بیرۆکەیە پاڵنەری سەرەکی بووە بۆ دامەزراندنی براندی ستیکولا لە ساڵی 2019، کە براندێکی خۆماڵییە و کار لەسەر دیزاینی هاوچەرخ و بەرهەمی هونەریی کوردی دەکات.

لانە باسی لەوە کرد کە چۆن لە سفرەوە و بە کەرەستەی سادە وەک پرینتەر و کەتەرێکی بچووک دەستی پێکردووە. براندەکەی کە لە سەرەتادا تەنیا ستیکەری بەرهەمدەهێنا، ئێستا گەشەی کردووە و بەرهەمی هەمەجۆری وەک پۆستکارت، گوڵی یەخە و دیزاینی تایبەت بە خواستی کڕیارەکانیشی لەخۆدەگرێت. یەکێک لە خەونە گەورەکانی ئەوەیە کە رۆژێک بتوانێت بەرهەمەکانی بگەیەنێتە بازاڕە جیهانییەکان و کولتووری کوردی لە رێگەی کارەکانییەوە بە جیهان بناسێنێت، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە بەهۆی نەبوونی ئاسانکاری بۆ گەیاندنی نێودەوڵەتی، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەم خەونەی بهێنێتە دی.

 لانە باسی لە کاریگەریی خوێندنەکەی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دیدگای هونەریی خۆی کرد. ئەو تێگەیشتووە کە هونەر و کولتوور تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو دەکرێت وەک هێزی نەرم (Soft Power) بەکاربهێنرێت بۆ گەیاندنی دەنگی گەلەکەی بە جیهان. ئەم تێڕوانینە وای لێکردووە کە کار لەسەر بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمێک بکات دەربارەی زیندووکردنەوەی میوزیکی نەریتیی.

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.