مەستی فایەق، یاریزانی تایکواندۆ

14 March 2026
مەستی فایەق، یاریزانی تایکواندۆ

مەستی فایەق، یاریزانی تایکواندۆ، لە بەرنامەی "پلان A" میوان بوو و تێیدا تیشکی خستە سەر کاروانی وەرزشیی خۆی. مەستی، کە یاریزانێکی تەمەن 20 ساڵانەی خەڵکی سلێمانییە و ماوەی 5 ساڵە خەریکی تایکواندۆیە، باسی ئەزموونی خۆی و ئەو ئامانجانە کرد کە بۆ داهاتووی دایناون. ئامانجی سەرەکیی مەستی بریتییە لە گەیشتن بە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان، بەدەستهێنانی نازناوی نێودەوڵەتی و کردنەوەی هۆڵێکی تایبەت بە راهێنان بەمەبەستی خزمەتکردنی وەرزشکارانی ناوچەکەی.

مەستی فایەق، ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی کاروانی وەرزشییدا، چەندین دەستکەوتی لەسەر ئاستی سلێمانی، هەرێمی کوردستان و عێراق بەدەستهێناوە. ناوبراو توانیویەتی لە پاڵەوانێتییەکانی سلێمانی و کوردستان پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت. یەکێک لە وێستگە دیارەکانی ژیانی وەرزشیی، هەڵبژاردنی بووە بۆ نێو هەڵبژاردەی عێراق لە ساڵی 2024، دوای ئەوەی پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق مسۆگەر کرد. یەکەم نازناوی فەرمیی، کە لە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەدا لەکاتی هەڵگرتنی پشتێنی سەوز بەدەستیهێنا، بووەتە هاندەرێکی سەرەکی بۆ بەردەوامبوونی. لەو بارەیەوە گوتی: "یەکەم نازناو وای لێ کردم زیاتر بەردەوام بم".

لە درێژەی گفتوگۆکەدا، مەستی فایەق، وردەکارییەکانی هونەری تایکواندۆی خستەڕوو و سیستمی پشتێنەکانی شیکردەوە کە لە 7 رەنگ پێکدێت و لە سپییەوە بۆ یاریزانی سەرەتایی دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە پشتێنی رەش. مەستی روونیکردەوە کە یەکەم بنەما کە لە تایکواندۆدا فێری دەبن بریتییە لە رێزگرتن، کە بە جووڵەی "چاریۆت" دەردەبڕدرێت. سەبارەت بە کاریگەریی ئەم وەرزشە لەسەر کەسایەتی، مەستی گوتی کە بڕوابەخۆبوون زیاد دەکات، لایەنی دەروونی ئارام دەکاتەوە و یارمەتیداوە تاوەکو توانای خۆی وەک کچێک لەم بوارەدا بسەلمێنێت. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە فەلسەفەی تایکواندۆ بۆ بەرگریکردنە لە خود، نەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کەسانی دیکە.

مەستی فایەق، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی خانەوادەکەی و راهێنەرەکەی کرد لە  سەرکەوتنەکانیدا و گوتی: "هەموو کاتێک لەگەڵ مندا بوون". ناوبراو دانی بەوەدا نا کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بیرۆکەی ئەوەی کچێک هونەری جەنگی ئەنجام بدات، هەندێک جار رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، بەڵام حەز و ئیرادەی خۆی لەگەڵ پاڵپشتیی دەوروبەری، وایانکردووە بەسەر ئەوەدا زاڵ بێت. هاوکات، باسی لە هەندێک قوربانیدان کرد کە وەک کچێک پێویستە پێشکەشی بکات، وەک نەهێشتنی نینۆک یان لەبەرنەکردنی گوارە لە کاتی یارییەکاندا، بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆی و یاریزانی بەرامبەری.

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.