باوان جەمال محەممەد، خاوەن بزنسی بچووک لە هەڵەبجە

24 February 2026
باوان جەمال محەممەد، خاوەن بزنسی بچووک لە هەڵەبجە

باوان جەمال محەممەد، لە بەرنامەی پلان A میوان بوو. ئەو گەنجێکی تەمەن 22 ساڵە و خەڵکی هەڵەبجەیە و خوێندکاری بەشی ئایتییە. باوان، لەگەڵ خوێندنەکەیدا، کارێکی بچووکی هەیە کە فرۆشتنی پاستایە. پلانی هەیە لە داهاتوودا خوێندن و کارەکەی پێکەوە گرێ بدات و چێشتخانەیەکی نوێ بکاتەوە کە تەکنەلۆجیا و خواردن ئاوێتەی یەکدی بکات.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، باوان باسی لە زەحمەتییەکانی ژیانی کرد، کە چۆن لە هەمان کاتدا دەخوێنێت و کارەکەی بەڕێوە دەبات. ئەو گوتی کە کارەکە "زۆریش قورسە"، بەڵام بەهۆی رێکخستنی کاتەوە توانیویەتی بەسەریدا زاڵ بێت. باوان گوتی کە سەرەتا ویستوویەتی پزیشکی بخوێنێت، بەڵام دوای 2 ساڵ هەوڵدان لە پۆلی دوازدە، نەیتوانی نمرەی پێویست بهێنێت. ئەمەش وای کرد بۆ ماوەیەک لە خوێندن سارد بێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاری دا کۆڵ نەدات و رێگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە و دەست بە کارکردن بکات. وەکو خۆی گوتی، "مەرج نییە ژیانی من تەنیا لە خوێندندا بێت."

یەکێک لە بەشە گرنگەکانی قسەکانی، چیرۆکی دەستپێکردنی کارەکەی بوو. باوان بە پارەیەکی زۆر کەم کە تەنیا 60 هەزار دینار بوو، لەسەر عەرەبانەیەک دەستی بە فرۆشتنی پاستا کرد. سەرەتادا خێزانەکەشی باوەڕیان بە بیرۆکەکەی نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، کارەکەی سەرکەوتنی باشی بەدەستهێنا. لە یەک جۆر خواردنەوە، توانیی لیستەکەی بۆ 4 بۆ 5 جۆر زیاد بکات. باوان جەختی کردەوە کە "گوناهە بە پارەیەکی زۆر دەست پێ بکەیت" ئەگەر شارەزاییت نەبێت، چونکە لەوانەیە لە سەرەتادا سەرنەکەویت. ئەو ئامۆژگاریی گەنجان دەکات کە بە پارەیەکی کەمەوە دەست پێ بکەن و وردە وردە کارەکەیان گەورە بکەن.

لە بەشێکی بەرنامەکەدا، باوان چێشتخانەیدا یەکێک لە خواردنەکانی ئامادە کرد. ئەو بە وردی باسی لە چۆنیەتی دروستکردنی پاستا بە مریشک و قارچک کرد، لە سوورکردنەوەی مریشکەوە تاوەکو ئامادەکردنی سۆسێکی تایبەت. ئەم بەشە پیشانیدا کە باوان چەندە لە کارەکەیدا شارەزایە. هەروەها دیار بوو کە خێزانەکەی "زۆر زۆر هاوکاری" دەکەن لە ئامادەکارییەکاندا.

لە کۆتاییدا باوان جەمال پەیامێکی بۆ ئەو گەنجانە هەبوو کە لەنێوان خوێندن و کاردا ماندوون. ئەو دڵنیایی پێدان کە هەرچەندە رووبەڕووی "جەنگێکی دەروونیی ناخۆش" دەبنەوە، بەڵام "دڵنیابن بەرهەمەکەی دەچننەوە." باوان، جارێکی دیکە پلانی داهاتووی خۆی باس کردەوە کە بریتییە لە گەورەکردنی کارەکەی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و سۆشیال میدیا بۆ ریکلام و داهێنان. کاتێک پرسیاری لێکرا ئەگەر ئەم کارەی نەمێنێت چی دەکات، یەکسەر گوتی، "دەست دەکەمەوە بە خوێندنەکەم."

پلان A، بەرنامەیەکی گەنجانەی مەیدانییە، لێکۆلینەوە دەکات لە جیاوازیی نێوان ئەو شتانەی گەنجان هیوای بۆ دەخوازن و ئەو ژیانەی تێیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەر ئەڵقەیەک دەرفەت دەداتە گەنجێک باسی خەونەکانی بۆ داهاتوو بکات، وەکو کار، خێزان، سەقامگیری، کۆچ. پێشکێشکار گەنجان رووبەڕووی ئەو راستییانە دەکاتەوە کە هیوا و خەونەکانیان دروست دەکەن، دەبنە هۆی دواخستنی خەونەکانیان، یان هەندێکجار رێگرییان لێدەکرێت. بەرنامەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی خوێندکارانی زانکۆ، فرۆشیارانی سەر شەقام، میوزیکژەنان، سەرتاش، کرێکارانی کارگەکان، خاوەنکارە گەنجەکان تۆمار دەکات.