رۆژی هیوا جەمال.. مووچە دەگات، زانکۆلاین درێژکرایەوە و حکومەتی ئەمریکا داخرا
ئەمڕۆ پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و زیاتر لە نیو ملیۆن مووچەخۆر دەتوانن لە رێگەی "هەژماری من"ەوە پارەکانیان رابکێشن. هاوکات، لە کەرتی پەروەردەدا، کێشەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی تورکمانی مشتومڕی دروستکردووە و وەزارەتی خوێندنی باڵاش بۆ جاری دووەم وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاینی درێژکردەوە. لەسەر ئاستی جیهانیش، حکومەتی ئەمریکا بەهۆی کێشەی بودجەوە داخرا و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەردەوامن.
لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، گرنگترین هەواڵە نێوخۆیی و جیهانییەکان ببینن.
مووچەی مانگی تەممووز ئەمڕۆ دابەش دەکرێت
دوای ٦١ رۆژ چاوەڕوانی، ئەمڕۆ پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، دوای ئەوەی دوێنێ ئێوارە وەزارەتی دارایی عێراق ٩٥٦ ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم. وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی وەردەگرێت و لیستی مووچە رادەگەیەنێت. زیاتر لە ٥٠٠ هەزار مووچەخۆر کە خاوەنی کارتی "هەژماری من"ن، پێش بڵاوکردنەوەی لیستەکە و بە گەیشتنی کورتەنامە دەتوانن مووچەکانیان رابکێشن. هاوکات، نزیکەی ٣٤٤٣ خانەنشینی نوێ کە لە سەرەتای ساڵەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەم مانگە حەوت مووچە پێکەوە وەردەگرن.
بەڕێوەبەری خوێندنی تورکمانی: کێشەی سەرەکیمان نەبوونی ئەکادیمیایەکی پسپۆڕە
لە وەڵامی نیگەرانیی قوتابیانی پۆلی ١٢ی خوێندنی تورکمانی سەبارەت بە ئەنجامەکانیان، بەڕێوەبەری خوێندنی تورکمانی لە پەروەردەی هەولێر رایگەیاند کە کێشەی دەرنەچوونی قوتابییەکان "هەڵەیەکی کۆمپیوتەری" بووە نەک بوونی حەوت پرسیاری هەڵە، وتیشی کە کێشەکە چارەسەرکراوە. هاوکات، دانی بەوەدا نا کە خوێندنی تورکمانی بەدەست کێشەی قووڵترەوە دەناڵێنێت و وتی: "کێشەی سەرەکیمان ئەوەیە ئەکادیمیایەکی تورکمانیمان نییە مامۆستای پسپۆڕمان بۆ پێبگەیەنێت، زۆربەی مامۆستاکان زمانەکەیان بە شێوەیەکی ئەکادیمی نەخوێندووە و ئەمەش لە کاتی دانانی پرسیارەکاندا هەڵەی لێدەکەوێتەوە."
دوو پرۆفیسۆری خانەنشین: خانەنشینی قۆناخێکی نوێی بەرهەمدارە
پرۆفیسۆر د. عومەر پەتی و پرۆفیسۆر د. فاتمە باجەلان، دوو مامۆستای خانەنشینی زانکۆ، لە بەرنامەکەدا رایانگەیاند کە خانەنشینی کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو "قۆناخێکی زێڕین و پڕ بەرهەمە". ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە دوای خانەنشینبوونیش بەردەوامن لەسەر توێژینەوەی زانستی، سەرپەرشتیکردنی خوێندکاران و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی. هەروەها جەختیان کردەوە کە نهێنیی پەیوەندییەکی سەرکەوتووی هاوسەرگیری "تێگەیشتنە، کە تەنانەت لە خۆشەویستیش گرنگترە".
مۆڵەتی زانکۆلاین بۆ ٤٨ کاژێر درێژکرایەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ماوەی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاینی بۆ ماوەی ٤٨ کاژێری دیکە درێژکردەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت زیاتر لە ٨ هەزار دەرچووی پۆلی ١٢ هێشتا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە. وادەی کۆتایی بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە کاژێر ١٢ی شەوی پێنجشەممە دەبێت.
ئەمریکا: ئەرکی سەربازیمان لە عێراق کەمدەکەینەوە
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان ئەرکی سەربازیی خۆیان لە عێراق کەمدەکەنەوە و بەرەو "هاوبەشییەکی ئەمنیی نوێ" هەنگاو دەنێن. پێنتاگۆن ئەم هەنگاوە بە رەنگدانەوەی "سەرکەوتنە هاوبەشەکان لە شەڕی دژ بە داعش" وەسف دەکات.
حکوومەتی ئەمریکا داخرا
بەهۆی رێکنەکەوتنی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا داخرا. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار کارمەندی فیدراڵی بەبێ مووچە بمێننەوە تاوەکو کۆنگرێس لەسەر بودجەیەکی نوێ رێکدەکەوێت.
داخستنی حکومەت پێشبڕکێی "ورچە قەڵەوەکان"ی پێشخست
بۆ ئەوەی بەهۆی داخستنی حکومەتی ئەمریکاوە هەڵنەوەشێتەوە، پێشبڕکێی ساڵانەی "هەفتەی ورچی قەڵەو" لە ویلایەتی ئەلاسکا پەلەی لێکرا و براوەکەی دیاریکرا. لەم پێشبڕکێیەدا خەڵک بە شێوەی ئۆنلاین دەنگ بە قەڵەوترین و نەوسنترین ورچی پارکێکی نیشتمانی دەدەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان: هیچ لەبارەی پلانەکەی ترەمپ ناڵێین
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی لە غەززە، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نییە و جەختی لەسەر خاڵە لەپێشینەکانی خۆیان کردەوە کە بریتین لە ئاگربەستی دەستبەجێ، گەیاندنی هاوکاری و چارەسەری دوو دەوڵەتی.
تێڕوانینی تۆنی بلێر بۆ چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە یاداشتنامەکەیدا، تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین بە "دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی لە خوارەوە بۆ سەرەوە" دەبینێت، واتە لە رێگەی بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێزی ئابووری و ئەمنییەوە. سەبارەت بە عێراقیش، بلێر بەرگری لە بڕیاری رووخاندنی رژێمی سەددام دەکات و کورد وەک بەڵگەیەکی زیندوو بۆ دڕندەیی ئەو رژێمە دەهێنێتەوە.
فاکت چێک: شێواندنی وێنەی ریکلامەکان لە ئەورووپا
ڤیدیۆی ئافرەتێکی باڵاپۆش کە بە سپرا وێنەی ریکلامەکان لە ئەورووپا دەشێوێنێت، دەرکەوت راستە بەڵام نوێ نییە و هی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەرە. بڵاوکردنەوەی دووبارەی لەم کاتەدا رەنگە پەیوەندی بە هەڵمەتی دژە پەنابەران لە ئەورووپا هەبێت.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).