لە "حکومەتی بەخت"ـەکەی بەغداوە بۆ "جەنگی درۆن"ـی ئۆکراینا

24 December 2025
لە "حکومەتی بەخت"ـەکەی بەغداوە بۆ "جەنگی درۆن"ـی ئۆکراینا

لە دانپێدانانی وەزیرێکی عێراقەوە بەوەی "حکومەتی بەخت"یان هەیە نەک حکومەتی کار، تاوەکو ئاشکرابوونی نهێنییەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە رووداو پەردەی لەسەر چەندین دۆسیەی هەستیار لادا. هاوکات نێردراوی رووداو لە ئۆکرایناوە وێنەیەکی نەبینراوی "جەنگی درۆن" و گواستنەوەی ژیان بۆ ژێر زەوی دەخاتەڕوو.

کاتێک خەوتبوویت چی روویدا؟ 

1.ماتەمینی لە لیبیا: حکومەتی لیبیا بەهۆی گیانلەدەستدانی سوپاسالار و شاندیە یاوەرەکەی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لە تورکیا، 3 رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند.
2.تەقینەوە لە مۆسکۆ: لە باشووری مۆسکۆ تەقینەوەیەک روویدا و دوو ئەفسەری پۆلیسی هاتووچۆ کوژران، ئەمەش دوای تیرۆرکردنی بەرپرسێکی سەربازی دێت.
3.تەقینەوە لە لوبنان: سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک تەقینەوەی گەورەی لە ناوچەی حەمامس لە باشووری شاری خیام ئەنجامدا.
4.ئاڵۆزیی دیپلۆماسی: پۆڵەندا کۆنسوڵخانەی رووسیای لە گدانسک داخست و رووسیاش بە داخستنی کۆنسوڵخانەی پۆڵەندا لە ئێرکوتسک وەڵامی دایەوە.
5.جووڵەی سەربازیی ئەمریکا: پێنتاگۆن رەزامەندی دا لەسەر ناردنی 350 ئەندامی گاردی نیشتمانی بۆ ویلایەتی لویزیانا بۆ ئەرکێکی دیاریکراو تاوەکو شوباتی 2026.

وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران؛ سوودانی گفتوگۆی بێ ئەنجامی راگرت

لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بانگهێشت کرد بۆ پرسی پاکتاوی دارایی ساڵانی رابردوو. سەرۆکی دیوانەکە رایگەیاندووە کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر کراون. سوودانی رێگەی نەداوە پرسی شایستەکان ببێتە بابەتی مشتومڕ. هاوکات تەیف سامی، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەدا بێدەنگ بووە، سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی ئەوە هەبووە کە گوتبێتی هەرێمی کوردستان پارەی لە بودجە نەماوە بۆ مانگەکانی 11 و 12و دەبێت خۆی مووچەی ئەو دوو مانگە بدات.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: حکومەتی باشمان نییە، حکومەتی "بەخت"مان هەیە

بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کورتهێنانی تووندی بودجەوە پڕۆژەکان پەکیان کەوتووە. ئەو ئاشکرای کرد کە بۆ ساڵی 2025 تەنیا بەشێکی کەمی بودجەی داواکراویان بۆ خەرجکراوە و وڵات بەتەواوی بەستراوەتەوە بە نرخی نەوتەوە، هەر دابەزینێک لە نرخدا پڕۆژەکان دەوەستێنێت.

دابەشکردنی 2000 پارچە زەوی لە هەولێر

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە وەجبەیەکی نوێدا 2000 پارچە زەوی لەسەر رێگەی هەولێر-دهۆک بە تیروپشک بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن. ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوییە کە تائێستا 60 هەزار پارچە زەوی تێدا تەرخانکراوە.

پێدانی دەرماڵە بە فەرمانبەرانی پلە نزم و هاوسەنگکردنی مووچە

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا دەرماڵەی پیشەیی (%50) بۆ فەرمانبەرانی پلە 8، 9 و 10 لە بەغدا خەرج بکات. هاوکات وەزارەتی پلاندانان سەرقاڵی ئامادەکردنی داتایە بۆ هاوسەنگکردنەوەی مووچە و کەمکردنەوەی جیاوازی دەرماڵەکان لە نێوان وەزارەتەکاندا.

شاندی پارتی لە بەغدا و پرسی سەرۆکی پەرلەمان

شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجامداوە بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان. هاوکات لایەنە سوننەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و ململانێکان لەنێوان مەشعان جبووری و مەحموود مەشهەدانی و بەربژێرەکانی دیکە بەردەوامە.

سەرکەوتنی وەزارەتی ناوخۆ لە دۆسیەی مادە هۆشبەرەکان

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، عێراق لە کارگەی مادەی هۆشبەر پاککراوەتەوە و دەستبەسەرداگرتنی مادەکان 366% زیادی کردووە. هەروەها رێژەی ئاشکراکردنی تاوانەکان گەیشتووەتە 80%.

دابەشکردنی قەرەبووی لافاوەکەی چەمچەماڵ

قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆتایی هات کە تێیدا نزیکەی 1 ملیار و 823 ملیۆن دینار دابەشکرا. بڕیارە هەفتەی داهاتوو قەرەبووی ئۆتۆمبێل و دووکانەکانیش بکرێتەوە.

کێشەی ژینگەیی لە راپەڕین

پەرلەمانتار مەرد عەلی هۆشداری دەدات لە دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکلین لەسەر زەویی جووتیاران لە شارۆچکەی سەروچاوە و دەڵێت چەند جووتیارێک دەستگیرکراون.

ئامادەکاری بۆ کریسمس و کەشوهەوا

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ پشووەکانی سەری ساڵ لە ئامادەباشیدایە. شەپۆلێکی تەم و بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە.

نێردراوی رووداو لە ئۆکراینا: جەنگەکە بووەتە جەنگی درۆن

دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو دوای گەڕانەوەی لە ئۆکراینا رایگەیاند، جەنگەکە گۆڕاوە بۆ جەنگی درۆن و ئۆکراینا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەو باسی لەوە کرد کە ژیان و خوێندن گواستراوەتەوە بۆ ژێر زەوی و خەڵک لەگەڵ دۆخی جەنگ راهاتوون. هەروەها ئاماژەی بە متمانەی دامەزراوەکانی ئۆکراینا بە میدیای رووداو کرد.

کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سوپاسالاری لیبیا لە تورکیا

فڕۆکەیەکی تایبەت کە محەممەد عەلی حەداد، سوپاسالاری لیبیا و چوار فەرماندەی باڵای تێدابوو، لە نزیک ئەنقەرەی تورکیا کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا. حکومەتی لیبیا سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند و شاندێکی بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی تورکیا کرد.

کۆمیسیۆنی ئاشتی لە تورکیا کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی ئاشتی و برایەتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنیان و ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ پرسی کورد و چەکدانانی پەکەکە.

کەمترین مووچە لە تورکیا دیاری کرا

حکومەتی تورکیا کەمترین مووچەی بۆ ساڵی 2026 بە 28,075 لیرە (نزیکەی 655 دۆلار) دیاری کرد، کە دەکاتە زیادبوونێکی 27% بەراورد بە ساڵی رابردوو.

"بکوژی بێدەنگ" لە سنە؛ گازی ماڵان لە مانگێکدا 6 کەسی کوشتووە

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سنە هۆشداری دەدات کە دۆخی ژەهراویبوون بە گاز گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. تەنیا لە ماوەی مانگێکدا 6 کەس بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە گیانیان لەدەستداوە و 34ی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئامارەکان دەریدەخەن ورمێ بە 39 حاڵەت و سنە بە 25 حاڵەت لە پێشەنگی قوربانیانی گازی ماڵانن لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەمریکا بۆ رووداو: سەرپەرشتیی گفتوگۆی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، واشنتن بە سەرپەرشتیی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی بۆ سووریا، ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار. ئەمریکا لەکاتێکدا داوای دانبەخۆداگرتن دەکات کە لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەلەب لەنێوان هەردوولا، 4 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەڵگەنامەکانی ئێپستاین و تڕەمپ

وەزارەتی دادی ئەمریکا 11 هەزار بەڵگەنامەی نوێی دۆسیەی جێفری ئێپستاینی بڵاوکردەوە. دەرکەوتووە دۆناڵد ترەمپ 8 جار بە فڕۆکەی ئێپستاین گەشتی کردووە، هەروەها ئیمەیڵێکی گوماناوی شازادە ئەندرۆ ئاشکرا بووە، بەڵام وەزارەتی داد روونیکردەوە هەندێک زانیاری دژی ترەمپ "ناڕاستن".

ئەمڕۆ چی روودەدات؟ 

1.کۆبوونەوەی کەرکووک: ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە و بڕیارە بەربژێرێک بۆ پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دیاری بکات (پێدەچێت بدرێتە عەرەب). 
2.یادی کریسمس: کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان لە ئەمشەو و سبەیەوە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەکەنەوە و "نۆراد" دەست بە چاودێری گەشتی بابە نوئێل دەکات.
3.مەراسیمی ئایینی و دیاری: لە دیانا دیاری بەسەر 80 منداڵدا دابەش دەکرێت و لە کەنیسەکانی دیانا، هاودیان، بیدیالی بارزان و کۆیە مەراسیمی قەداس بەڕێوەدەچێت.
4.دەرچووانی هەڵەبجە: بە ئامادەبوونی وەزیری کار، بڕوانامە بەخشی دەکرێت بە 70 بەشداربووی خولی پیشەیی لە هەڵەبجە.
5.مەدالیای پووتین: لە کۆشکی کرێملین، ڤلادیمیر پووتین مەراسیمێکی تایبەت بۆ بەخشینی مەدالیای دەوڵەت بە ژمارەیەک کەسایەتیی رووسی رێکدەخات.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).