وردەکاریی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ناردنی مووچە

23 December 2025
وردەکاریی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ناردنی مووچە

لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) کە ئەمڕۆ سێشەممە 23-12-2025 لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشکرا، وردەکاریی نوێترین نووسراوی وەزارەتی دارایی بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئاشکراکرا، هاوکات دۆخی سیاسیی عێراق و دانوستاندنی شاندی پارتی لە بەغدا و چەندین دۆسیەی ناوخۆیی و جیهانی خرانەڕوو.

سێ مەرجەکەی بەغدا جێبەجێ کران؛ تۆپەکە لە گۆڕەپانی تەیف سامییە

هەولێر هەر سێ داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی عێراقی جێبەجێ کردووە (ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ، تەرازووی پێداچوونەوە و نووسراوی وەزارەتی نەوت). ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕگەیەک بۆ "پابەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت" تەرخانکراوە. جگە لە مووچەی مانگی 10، پرسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 لەسەر مێزە.

کە خەوتبوویت چی روویدا؟

1.فڕۆکەیەک لە مەکسیک کەوتەخوارەوە: فڕۆکەیەکی هێزی دەریایی مەکسیک لە کاتی ئەرکێکی پزیشکیدا لە تێکساس کەوتەخوارەوە و 5 کەس گیانیان لەدەستدا.
2.بۆرسەی ئەمریکا بە سەوزی داخرا: پێنوێنەکان بەرزبوونەوەیان تۆمارکرد؛ داوجۆنز (0.47%) و ناسداک (0.52%) بەرزبوونەوە.
3.تەقینەوە لە لوبنان: لە شارۆچکەی "مەیسولجەبەل" لە باشووری لوبنان دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا.
4.گرژی لە کەناری رۆژاوا: نیشتەجێبووانی جوولەکە هێرشیان کردە سەر ماڵێک لە "سەموع" و سوپای ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر "توباس".
5.تۆپباران لە ئاسیا: هێزەکانی تایلەند دوو ناوچەی سنووریی کامبۆدیایان تۆپباران کرد.

وەزارەتی دارایی: لە 20 رۆژدا لیستی پلەبەرزکردنەوە ئامادە بکەن

بەپێی نووسراوێکی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان کراوە لەماوەی 20 رۆژدا لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە بودجەی 2026ـی عێراقدا جێگیر بکرێت. خشتەکە وردەکاریی مووچە و جیاوازییەکانی تێدایە.

شاندی پارتی لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر حکومەتی نوێ

ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی دەست بە کۆبوونەوەکانی لە بەغدا دەکات. فارس عیسا، ئەندامی شاندەکە رایگەیاند، دیدگای خۆیان بۆ حکومەتی نوێ و جێبەجێکردنی دەستوور دەخەنەڕوو.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی و مەرجەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێ

لە کۆبوونەوەی ژمارە 255ـی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، باس لە خێراکردنی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران کرا. هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" 5 مەرجی بۆ بەربژێرەکە داناوە، کە دیارترینیان خاوەن ئەزموون و قبووڵکراوی نیشتمانی بێت.

رەوتی حیکمە: ڤیتۆ لەسەر مالیکی و سوودانی نەماوە

رەحیم عەبودی، ئەندامی سەرکردایەتیی رەوتی حیکمە بە (رۆژی هیوا جەمال)ـی راگەیاند، هیچ ڤیتۆیەک لەسەر بەربژێرەکان نەماوە. ئێستا کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان نوری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانییە، ئەگەریش رێککەوتن نەکرێت، پەنا بۆ بەربژێری سازان (وەک عەبادی یان عەلی شوکری) دەبرێت.

قەیرانی گورچیلە لە دەربەندیخان؛ ئامێرەکان پەککەوتوونەتەوە

لە نەخۆشخانەی دەربەندیخان، تەنیا یەک ئامێری شوشتنی گورچیلە کار دەکات و ئەوانی دیکە پەکیان کەوتووەتەوە. نەخۆشەکان لە دۆخێکی دارایی خراپدان و توانای کڕینی دەرمان و کرێی هاتووچۆیان نییە.

17  قوتابخانە لە مەترسیی رووخاندان

دوای ئەوەی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) مەترسیی رووخانی 17 قوتابخانەی لە دەربەندیخان خستەڕوو، د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە راستەوخۆ فەرمانی کرد دەرخستەیان بۆ بەرزبکرێتەوە تاوەکو بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت. 

دابەشکردنی قەرەبووی لافاوەکەی چەمچەماڵ بەردەوامە

پڕۆسەی دابەشکردنی چەکی پارە بەسەر 639 ماڵی زیانلێکەوتووی چەمچەماڵ بەردەوامە و هیچ ماڵێک کەمتر لە 500 هەزار دینار وەرناگرێت. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8 ملیار دینار کۆکراوەتەوە.

پێش وەرگرتنەوەی کارت، قوتابییان نمرەکانیان دەزانن

وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە ئەمساڵ پێش دابەشکردنی کارتی کاخەزی، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن)ـەوە نمرەی تاقیکردنەوەکان بە دیجیتاڵی رابگەیێنێت.

شەڕی حەلەب؛ نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لە پێکدادانەکانی حەلەب لەنێوان سوپای سووریا و هەسەدە دەربڕی. هەسەدە دەڵێت تۆپبارانەکان قوربانی لێکەوتووەتەوە و دیمەشقیش هەسەدە بە هێرشکردنە سەر بازگەکان تۆمەتبار دەکات.

راپرسی: 60%ـی خەڵکی تورکیا پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکەن

بەپێی راپرسییەک، 59.6%ـی خەڵکی تورکیا پشتیوانی چارەسەری ئاشتیانە دەکەن؛ زۆرینەی دەنگدەرانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی بە "بەڵێ" وەڵامیان داوەتەوە.

ئامارێکی ترسناک؛ لە مانگێکدا 338 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون

رێکخراوی (هرانا) بڵاویکردەوە، لە ماوەی مانگێکدا رۆژانە بە تێکڕا 12 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون.

نەتەنیاهوو: ئاگاداری مانۆڕەکانی ئێرانین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە تاران و دەڵێت، ئاگاداری مانۆڕە سەربازییەکانی ئێرانن بۆ نوێکردنەوەی جبەخانەکەیان و بە تووندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە.

کەشتییەکانی "ترەمپ کڵاس"؛ گەورەترین لە مێژوودا

دۆناڵد ترەمپ دروستکردنی نەوەیەکی نوێی کەشتیی جەنگیی راگەیاند کە بە چەکی لەیزەر و ئەتۆمی تەیار دەکرێن و گەورەترین دەبن لە مێژووی جیهاندا.

دۆزینەوەکانی 2025؛ لە خوێنی عێراقییەک لە میسرەوە بۆ گەڕانەوەی لوسی

ساڵی 2025 ساڵی ئاشکرابوونی نهێنییەکان بوو؛ لە کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەی میسرەوە تاوەکو دۆزینەوەی رەچەڵەکی عێراقی لە پیاوێکی میسری کۆن و گەشتی "لوسی" بۆ ئەورووپا.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).