ترەمپ: دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە لە لێدانی ئێران بەردەوام دەبین
تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرنامەی ئەمرۆی (رۆژی هیوا جەمال)، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک دۆسیە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکان، لە کێشەی تاقیکردنەوەکانی خوێندکارانی زانکۆ و وەڵامی وەزارەتی خوێندنی باڵا، تاوەکو کەوتنی درۆنێک لەسەر چێشتخانەیەکی نێوبانگ لە هەولێر، هاوکات بەرنامەکە هەڵوەستەی لەسەر گوتارە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ و هەڕەشە تووندەکانی بۆ سەر ئێران و گاڵتەکردنی بە سەرۆکە ئەورووپییەکان کرد، لەگەڵ چەندین دۆسیەی سیاسی و ئابووریی دیکەی پەیوەست بە عێراق و ناوچەکە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامی داواکاریی خوێندکارانی زانکۆ دەداتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی خوێندن بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاقیکردنەوەکانی میدتێرم تەواو بوون، بۆیە پێشنیازی بە "دەرچوو" هەژمارکردنی خوێندکاران باس نەکراوە، سەبارەت بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بۆ 20ـی ئایار، وەزارەت دەڵێت دیاریکردنی کاتەکە پەیوەستە بە تەواوبوونی خوێندنی ئۆنلاین و هەڵسەنگاندنی لیژنەکان.
درۆنێک لەسەر چێشتخانەی "باڵەخۆشەکەی فاخیر هەریری لە هەولێر کەوتەخوارەوە
شەوی رابردوو لە کاتی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەولێر، یەکێک لە درۆنەکان لە سەربانی چێشتخانەی "باڵەخۆشەکەی هونەرمەند فاخیر هەریری کەوتەخوارەوە. فاخیر هەریری تووڕەیی خۆی بەرامبەر رووداوەکە دەربڕیوە و پەیامێکی بۆ سوودانی ناردووە، شەقامی ئیسکان کە بە "شانزێلیزێی هەولێر دەناسرێت، شوێنی کار و کاسپیی گەنجانە و رووداوەکە بووەتە مایەی نیگەرانیی هاونیشتمانییان.
ترەمپ: لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بە تووندی لە ئێران دەدەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی 20 خولەکیدا رایگەیاند، هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران خەریکە بەتەواوی لەناودەچێت، ترەمپ جەختی کردەوە کە نامانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا دەیانگەڕێنینەوە بۆ چەرخی بەردین." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و داوای لە وڵاتانی دیکە کرد خۆیان پارێزگاری لە گەرووی هۆرمز بکەن.
ترەمپ گاڵتە بە ماکرۆن و هاوژینەکەی دەکات
دۆناڵد ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر سەرکردە ئەورووپییەکان بەهۆی هاوکارینەکردنیان لە جەنگی دژی ئێران. ترەمپ بە شێوازێکی تەنزئامێز باسی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد و گوتی: "ماکرۆن دۆخی خراپە بەدەست ژنەکەیەوە و هێشتا شوێنەواری لێدان بە لاشەویلگەیەوە دیارە." ئەمە لەکاتێکدایە پێشتریش بە ڤیدیۆی ژیریی دەستکرد گاڵتەی بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کردبوو.
موجتەبا خامنەیی پەیامێکی لەبارەی ژینگەوە بڵاوکردەوە
موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، لە راگەیێندراوێکی دەگمەندا هێرشی کردە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و بە تێکدەری ژینگەی ناودبردن. خامنەیی داوای لە خەڵکی ئێران کرد لە مانگی خاکەلێوە و وەرزی بەهاردا دەست بکەن بە چاندنی "دارە بەردارەکان" و کار بکەن بۆ پارێزگاری لە وڵاتەکەیان.
عێراق کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی دیاریکرد
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی چوار سەرۆکایەتییەکە، بڕیاریدا رۆژی 11ـی ئەم مانگە سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرێت، لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و نێردە دیپلۆماسییەکان کرا، هاوکات فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، جەختی لە رێکارە یاساییەکان کردەوە بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.
عێراق لە رێگەی تانکەرەوە نەوتی رەش بۆ سووریا هەناردە دەکات
بەهۆی داخستنی گەرووی هۆرمز و جەنگی سەر ئێران، عێراق ناچار بووە بۆ یەکەمجار پەنا بۆ رێگەی وشکانی ببات بۆ هەناردەکردنی نەوت. وەزارەتی نەوتی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە گرێبەستی لەگەڵ چوار بازرگان واژۆ کردووە بۆ گواستنەوەی 650 هەزار تۆن نەوتی رەش بۆ سووریا، تاوەکو لەوێوە لە رێگەی دەریاوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.
لێکۆڵینەوە لە 2500 دۆسیەی چەکدارانی پێشووی داعش لە عێراق کۆتاییهات
ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاری دادوەریی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، لە کۆی زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیی داعش کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە، لێکۆڵینەوە لە 2500 دۆسیە تەواو بووە کە چەکداری کوردیشیان تێدایە، لایەنە عێراقییەکان دەڵێن چەند وڵاتێک داوای وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە چەکدارەکانیان کردووە، بەڵام تاوەکو حوکمەکانیان دەرنەچێت رادەست ناکرێنەوە.
کاردانەوەکان دژی مستەفا سەنەد بەهۆی سووکایەتیکردن بە کچانی کورد
مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری عێراق، بەهۆی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە هاونیشتمانییەکی شنگالی گوتبوو "رەنگە کەنیزەک بووبیت"، رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی بووەتەوە. فراکسیۆنی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق ئەم لێدوانە بە سووکایەتی بە کەرامەتی پێکهاتەی ئێزدی و کچانی کورد دادەنێت و داوای لێپرسینەوەی یاسایی و داوای لێبووردنی فەرمی لێدەکەن.
بابەک زەنجانی؛ "ترەمپەکەی ئێران" بناسە
بابەک زەنجانی، ئەو بازرگانە ناودارەی ئێران کە بە "تێکدانی سیستەمی ئابووری" و قەرزکردنی ٢.٧ ملیار دۆلار سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە ساڵی 2025 ئازاد کرا، زەنجانی کە بە یەکێک لە "ترەمپەکانی ئێران" دەناسرێت، لە ساڵی 2026 دا چالاکییە بازرگانییەکانی لە بوارەکانی هێڵی ئاسن و تەکنەلۆژیا دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە شەقامی ئێرانیدا دروست کردووە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).