پەیامێکی تووند لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ عێراق
دوای ٢٩ شەو لە هێرشی بەردەوامی درۆنی، بارودۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک شەپۆلێکی سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و سەرۆک مەسعود بارزانیش پەیامێکی تووندی ئاراستەی بەغدا کرد. هاوکات، شەڕی ناوچەکە رەهەندی نوێی گرتووەتە بەر؛ ئیسرائیل ناو جەرگەی تاران بۆردوومان دەکات و ئێران باسی تێکشکاندنی یەکێک لە گرانبەهاترین فڕۆکەکانی سیخوڕی ئەمریکا لە سعودیە و لێدانی کارگە گەورەکانی ئیمارات و بەحرێن دەکات، بەهۆی تێکچوونی دۆخەکەشەوە لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخران.
وریایی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان دەکات تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن. ئاماژە بەوە دراوە کە سۆشیالمێدیا بە ئەلگۆریتم کار دەکات و هەر لایک یان کۆمێنتێک بۆ هەواڵی ناڕاست، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری پڕوپاگەندەی نەیاران و تێکدانی دەروونی خەڵک.
سەرۆک بارزانی: پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارەگاکەم
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکی توونددا رایگەیاند کە لە دەستپێکی جەنگەکەوە ٤٥٠ جار بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێم. داوای لە بەغدا کرد یان رێگری لە گرووپە لەیاسادەرچووەکان بکەن یان بڵێن ناتوانن پارێزگاری لە دەوڵەت بکەن.
ئەبو ئالا وەلائی: هێرشەکە پێچەوانەی بنەماکانی مقاوەمەیە
ئەمینداری گشتی کەتائیبی سەیدولشوهەدا، هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بە کارێکی "قێزەون" وەسف کرد. ئەو دەڵێت نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی هاوسەنگە و پێیوایە ئەم هێرشە پەیامێکی دەرەکییە و ئەمریکا لە پشت گرژییەکانەوەیە.
ئەمریکا: هێرشەکە کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسنۆکانەیە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی کرد و رایگەیاند کە ئەمە هێرشی راستەوخۆی میلیشیاکانی پاشکۆی ئێرانە بۆ سەر سەروەری و سەقامگیری عێراق.
هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: ئێران خاکی هەرێم بەکاردەهێنێت
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هێرشەکەی سەر دهۆکی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند کە رژێمی ئێران خاکی هەرێمی کوردستانی کردووەتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
فراکسیۆنی بابلیۆن: هێرشەکە ئاماژەیەکی مەترسیدارە
ئەسوان کلدانی، سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیۆن رایگەیاند کە نێچیرڤان بارزانی خاوەن قبووڵکراوییەکی نیشتمانییە و ئامانجگرتنی ماڵەکەی هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری گشتی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا: هێرشەکە تیرۆریستییە
حکومەتی سووریا بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کرد و بە کارێکی "تیرۆریستی" لە قەڵەم دا، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستوەردانی چەکداری لە کاروباری ناوخۆی عێراق کۆتایی پێ بێت.
کاردانەوەی گەنجان بۆ هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی
گەنجانی کوردستان لە سۆشیالمێدیا بە بەکارهێنانی ئیدیۆم و پەندی کوردی وەک "بەرد دەگیرێتە دارە بەردارەکان" و "چیاکانی کوردستان"، پشتیوانی خۆیان بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و هێرشەکەی دهۆکیان وەک لێدان لە سیمبۆلی دیپلۆماسی و ئاشتی ناوبرد.
شەوێکی پڕ لە درۆن لە هەرێمی کوردستان
تەنها لە شەوی رابردوودا زیاتر لە ١٥ درۆن لە ئاسمانی هەولێر و دەوروبەری تێکشکێندراون. هێرشەکان سۆران، دهۆک، کۆیە و مەخمووریان گرتووەتەوە و برینداربوونی دوو قوتابی و پۆلیسێکی لێکەوتووەتەوە.
راگەیاندنی پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن
بەهۆی ناجێگیری باری ئەمنی و هێرشە درۆنییە بەردەوامەکان، پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین، رۆژی یەکشەممەیان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کردە پشوو.
رەتکردنەوەی دەنگۆی چۆڵکردنی گەڕەکەکانی هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە گوایە کونسوڵخانەی ئەمریکا داوای چۆڵکردنی چەند گەڕەک و کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی لە هەولێر کردووە و رایگەیاند ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
حەشدی شەعبی: لە نەینەوا سێ جار بۆردوومان کراین
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێگەکانیان لە پارێزگای نەینەوا لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکی فەرمیدا سێ جار هێرشیان کراوەتەسەر.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشی یەکەم بۆ سەر بارەگای لیوای 14ی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی بووە. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکانی دووەم و سێیەمیش کراونەتە سەر بارەگای فەوجی چوارەمی سەر بە هەمان لیوا لە پارێزگاکە.
ئێران: ئیسرائیل بنەما زانستییەکانمان دەکاتە ئامانج
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی رابردوودا دەیان زانکۆ و ناوەندی توێژینەوەی وەک زانکۆی تەکنەلۆژی ئەسفەهانیان کردووەتە ئامانج بۆ لەناوبردنی ژێرخانی زانستی و کولتووری وڵاتەکە.
کوژرانی دوو بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی لە ئێران
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە بێهنام رەزایی، جێگری بەڕێوەبەری ئیتلاعاتی دەریایی سوپای پاسداران لە بەندەرعەباس، و عەلی فولادوەند، بەرپرسی توێژینەوەی وەزارەتی بەرگری لە لۆڕستان کوژراون.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ٤ وڵات لە پاکستان
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سعوودیە، میسر و پاکستان لە ئیسلام ئاباد کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە مەترسیدارەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
خۆپیشاندانی سەتان ئیسرائیلی دژی جەنگ
لە تەلئەڤیڤ و حەیفا سەتان ئیسرائیلی دژی بەردەوامی جەنگ لەگەڵ ئێران رژانە سەر شەقامەکان. پۆلیس ١٨ کەسی دەستگیرکرد و بە زەبری هێز بڵاوەی بە خۆپیشاندەران کرد، لەکاتێکدا راپرسییەکان دەڵێن ٧٨٪ی جووەکان لەگەڵ جەنگن.
سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر ئیمارات و بەحرەین
ئێران رایگەیاند کە وەک وەڵامێک بۆ ئیسرائیل، بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کارگەی ئەلەمنیۆمی "ئەمال" لە ئیمارات و کارگەی "ئالبا" لە بەحرەین، چونکە ئەو کارگانە پێداویستی سوپای ئەمریکا دابین دەکەن.
پێنتاگۆن پلانی هێرشی زەوینی بۆ سەر ئێران دادەڕێژێت
رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد کە پێنتاگۆن سەرقاڵی پلاندانانە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەوینی هێزە تایبەتەکان بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران و دوورگەی خارگ، هەرچەندە تا ئێستا ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە.
ئیسرائیل بارەگای چەکی دەریایی ئێرانی لە تاران پێکا
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە شەوی رابردوو بە دەیان فڕۆکە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای رێکخراوی پیشەسازییە دەریاییەکان و ناوەندەکانی دروستکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە ناو جەرگەی شاری تاران.
دۆزینەوەی ١٢٠ بۆمبی هێشوویی لە شیراز
سوپای پاسداران رایگەیاند کە ١٢٢ بۆمبی هێشوویی نەتەقیوی ئەمریکییان لە پارێزگای فارس پووچەڵکردووەتەوە کە لە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوودا بەکار هێنراون و مەترسییان بۆ سەر گیانی سڤیلەکان دروست کردبوو.
تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی "ئاواکس"ی ئەمریکی لە سعوودیە
ئێران رایگەیاند کە لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بنکەی "شازادە سوڵتان" لە سعوودیە، فڕۆکەیەکی جۆری E-3G Sentry (ئاواکس)ی ئەمریکییان تێکشکاندووە کە بەهاکەی نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە و ناوەندی فەرماندەیی ئاسمانی ئەمریکایە لە ناوچەکە.
ئێران ستراتیژی بەرگری ٨ چینی راگەیاند
بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی زەوینی، ئێران سیستمێکی بەرگری داڕشتووە کە لە هێزە تایبەتەکان، یەکە لێدەرەکان، سوپای میکانیزەکراو، بەرگری ناو شار، و سێ جۆر کەتیبەی بەسیج (ئیمام حوسێن، ئیمام عەلی و جەماوەری) پێکدێت.
هێرشکرایە سەر بنکەی قەسرەک لە رۆژئاوای کوردستان
وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند کە بنکەی قەسرەکی ئەمریکی بە چوار درۆن لە خاکی عێراقەوە هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام درۆنەکان پێش گەیشتن بە ئامانج تێکشکێندراون و زیانیان نەبووە.
هێرش بۆ سەر کوێت
گوتەبێژی پاسەوانی نیشتمانیی کوێت رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسمانی وڵاتەکە بخەنە خوارەوە. هاوکات سوپای کوێتیش دەڵێت، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرپەرچی ژمارەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان داوەتەوە.
خۆپیشاندانی "دەبێت ترەمپ بڕوات" لە کالیفۆرنیا
هەزاران کەس لە کەناراوەکانی سانفرانسیسکۆ کۆبوونەوە و بە جەستەی خۆیان لەسەر لمەکە دروشمی "TRUMP MUST GO NOW"یان دروست کرد وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال(