لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی کەرکووکەوە بۆ مەترسیی بێئاویی تاران؛ رووداوەکانی رۆژ لە کوردستان و جیهان
لەکاتێکدا کەمتر لە 10 رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکگرتووی ئیسلامی پلانی خۆی بۆ کەرکووک ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت لە رێگەی لیستێکی دیکەوە بەشداری دەکات. هاوکات، دوای زیاتر لە دوو ساڵ، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و ئیستانبوڵ دەستیانپێکردەوە و گەنجێکی کوردیش لە قاهیرە داوای دەوڵەتی کوردستان دەکات. لەلایەکی دیکەوە، تاران رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی بێئاوی بووەتەوە و عێراقیش ژمارەی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە. هاوکات ئەمڕۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقام لە کەرکووک دەستپێدەکات.
یەکگرتوو لە رێگەی لیستێکی دیکەوە کێبڕکێی هەڵبژاردنی کەرکووک دەکات
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە بە فەرمی لیستی لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان نییە، رایدەگەیێنێت لەو ناوچانە "بێ هەڵوێست" نابێت و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئەرک دەزانێت. هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی هەڵبژاردنی هەولێر و کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، ستراتیژیی حیزبەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە کەرکووک بێ هەڵوێست نابین. بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و بە دڵنیاییەوە دەنگ بە لیستێکی کوردستانی دەدەین."
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو پشتڕاستی کردەوە کە ئەوان پشتیوانی لە کادرێکی دیاری خۆیان دەکەن کە لەسەر لیستێکی دیکەی کوردستانی خۆی بەربژێر کردووە و گوتی: "بەربژێرمان لەنێو لیستێکی کوردستانی هەیە و هەوڵدەدەین دەنگ بۆ ئەو کۆبکەینەوە." لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا ئەو کادرە بەبێ رەزامەندیی حیزب ئەو هەنگاوەی ناوە، ئەسکەندەر بەتووندی رەتیکردەوە و روونیکردەوە: "کادیرێک کە بگاتە ئەو ئاستە لە کاری حیزبی، قەت بەبێ حیزب ئەو کارە ناکات. بە دڵنیاییەوە پاڵپشتیی حیزبیی هەیە، لانیکەم ئەگەر حیزب خۆی نەینێرێت، ئۆکەی پێدەدات کە لارینەبێت لەسەری. لە کەرکووک ئۆکەیان پێدراوە و هەموو حیزبە کوردستانییەکانیش لە کەرکووک دەزانن کامەیە."
سەبارەت بەوەی بۆچی ناوی ئەو لیست و کاندیدە بە فەرمی راناگەیێنن، هێمن ئەسکەندەر ئاماژەی بەوەدا کە تاکتیکی هەڵبژاردنیان هەیە، بەڵام دڵنیایی دا کە "چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردن، لە کەرکووک بە فەرمی ئاراستەی دەنگدەر و هەوادارانی خۆمان دەکەین کە دەنگ بە لیستی ژمارە فڵان و بەربژێری ژمارە فڵان بدەن." ناوبراو جەختی کردەوە کە فرەیی لیستەکان لە کەرکووک مەرج نییە زیانبەخش بێت، بەڵکو دەکرێت رکابەرییەکە گەرمتر بکات و خەڵک زیاتر هانبدات بۆ دەنگدان، کە ئامانج لێی نیشاندانی رێژەی راستەقینەی دەنگی کوردە.
گەنجێکی کورد لە قاهیرە داوای دەوڵەتی کوردستان دەکات
عادل مەلا ساڵح، وەک باڵیۆزی ناوەندی ئاشتیی جیهانی و تەنیا نوێنەری کورد، بە جلوبەرگی رەسەنی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە لە کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە قاهیرە بەشداریکرد و لەنێو نوێنەرانی زیاتر لە 20 وڵاتدا، داوای داننان بە دەوڵەتی کوردستانی کرد.
عادل مەلا ساڵح، کە میوانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بوو، رایگەیاند: "من زۆر بە راشکاوانە لەبەردەم نوێنەرانی 20 وڵاتی عەرەبیدا رامگەیاند، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشتیی راستەقینە بەخۆیەوە نابینێت تاوەکو راگەیاندنی دوو دەوڵەتی کوردی و فەلەستینی لە خەونەوە نەبێتە واقیع." ئەو بۆ سەلماندنی مافی کورد، بەراوردی کردبوو لەگەڵ نۆ دەوڵەتی عەرەبی کە ژمارەی دانیشتووانیان لە هەرێمی کوردستان کەمترە، بەڵام خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆن.
سەبارەت بە کاردانەوەی ئامادەبووان، گوتی: "لە سەرەتادا بە جۆرێکی دیکە سەیریان دەکردم، دوای گوتارەکەم، تەنانەت تۆمەتباریان کردم بەوەی کە 'جیاییخواز'م (انفصالي). منیش لە وەڵامدا گوتم، شانازی پێوەدەکەم ئەگەر جیاببمەوە لە دەوڵەتێک کە جینۆسایدی کردووم و رێز لە بەهاکانم ناگرێت." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە پرسی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستانی بیرهێناونەتەوە و پێیگوتوون کە 92%ی خەڵک دەنگیان بە "بەڵێ" داوە.
بە بەشداریی 15 وڵات، نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکووک دەستپێدەکات
ئەمڕۆ لە کەرکووک، نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام بە دروشمی "شانۆ پەیامێکە لەپێناو سەقامگیری" دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. نەژاد نەجم، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند کە فێستیڤاڵەکە بە کارنەڤاڵێکی گەورە لە گەڕەکی شۆڕیجە دەستپێدەکات و پێشبینیی ئامادەبوونی نزیکەی 1500 کەسی کرد.
نەژاد نەجم ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی هونەری لە کەرکووک جیاوازە و گوتی: "کەرکووک لە دۆخێکدا بوو نە سەر بە عێراق بووین و نە سەر بە هەرێم، بۆیە کارەکان زیاتر کەسی بوون." سەبارەت بە پەیامی بەرهەمە شانۆییەکان گوتی: "چەندین شانۆی کۆمیدی و تەنزئامێزمان هەن کە نزیکن لە بابەتی هەڵبژاردن، بەڵام مەبەست گاڵتەکردن نییە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە."
جگە لە گرووپە شانۆییە کوردییەکان، چەندین گرووپی شانۆیی لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، بەلجیکا، نەمسا، ئوردن و میسر بەشدارن. لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی زێڕین پێشکێش بە هونەرمەندان شوان عەتووف، جەعفەر دەهقان (ناسراو بە پۆتیڤار) و فەرشید گەوێڵی (ناسراو بە سەنجەرخان) دەکرێت.
دوای دوو ساڵ، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بۆ سلێمانی دەستیانپێکردەوە
بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی گەشتەکان، هێڵی ئاسمانیی تورکیا (Turkish Airlines) گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و ئیستانبوڵی دەستپێکردەوە. یەکەم گەشتی هاتن بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی و گەشتی رۆیشتنیش بەبێ دواکەوتن بەڕێکەوت. ئەم گەشتانە کۆتایی بەو قەدەغەیە دەهێنێت کە تورکیا خستبوویە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و بڕیارە هەفتانە چوار گەشت ئەنجام بدرێت.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان جووڵەی ئاسمانیی لە ئەڵمانیا و بەلجیکا پەکخست
جووڵەی هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی بریمنی ئەڵمانیا و بنکەی ئاسمانیی سەربازیی کلاین-برۆگلی بەلجیکی، کە لەلایەن ناتۆوە بەکاردێت، بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا، دوای ئەوەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو لە نزیک ئەو شوێنانە بینران. وەزیری بەرگریی بەلجیکا رایگەیاند ئەرکەکە روون بووە و بنکە سەربازییەکەی کردووەتە ئامانج، کە بەپێی راپۆرتەکان چەکی ئەتۆمیی ئەمریکی لێ هەڵگیراوە.
عێراق ژمارەی بەشەخۆراک کەمدەکاتەوە؛ هەرێمی کوردستان کێشەی کۆگای هەیە
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ئەمساڵ تەنیا هەشت بەشەخۆراک دابەش بکات، لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو 10 بەش بووە. بەرپرسانی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەڵێن بە فەرمی لە بڕیارەکە ئاگادار نەکراونەتەوە. هاوکات، بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی دهۆک رایگەیاند گەورەترین ئاستەنگیان کەمیی کۆگایە و بڕی ئەو خۆراکەی مانگانە پێیان دەگات لە توانای کۆگاکانیان زیاترە.
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان دەکات
دوای دیدارێکی "بەرهەمدار و پڕ هیوا" لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی. ئەردۆغان رایگەیاندووە کە چاوەڕێی بەرهەمی ئەرێنیی ئەو دیدارە دەکات و شاندی دەم پارتیش ئاماژەیان بە "لێکتێگەیشتنی هاوبەش" کردووە، کە ئەمەش وەک قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی چارەسەریدا چاوی لێدەکرێت.
ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ غەزە کۆدەبێتەوە؛ حەماس ئامادەیە چەکی قورس دابنێت
بەشارە بەحبەح، نێوەندگیر لە دانوستانەکانی غەززە، ئاشکرای دەکات بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی نیشانداوە بۆ وازهێنان لە چەکە قورسەکانی، بەڵام ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی چەکدانان وێرانکردنی تونێلەکانیش بگرێتەوە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەززە کۆببێتەوە، بەڵام چوار ناکۆکیی سەرەکی لەبەردەم پرۆسەکەدان.
تاران لەبەردەم مەترسیی بێئاویدایە؛ تەنیا بەشی دوو هەفتە ئاو ماوە
بەهۆی وشکەساڵییەکی بێوێنەوە، بەنداوی ئەمیر کەبیر، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی تارانە، ئاستی ئاو تێیدا بۆ 8% دابەزیوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوی پایتەختی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەم بڕە ئاوە تەنیا بەشی دوو هەفتە دەکات و وەک رێکارێک، ئاو لەسەر چەند گەڕەکێکی شارەکە بڕدراوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).