ئیسرائیل بەرپرسانی عێراق دەهەژێنێت

21 December 2025
ئیسرائیل بەرپرسانی عێراق دەهەژێنێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەغدا داوای داهاتی نانەوتی بکات بۆ ئەوەی 120 ملیار دینار بنێرن و مووچەی مانگی 10 خەرج بکرێت، لە کاتێکدا هۆشداری لە پلانێکی نوێی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری دەدرێت بۆ ساڵی 2026. لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئەمریکا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییان لە سووریا دژی داعش دەستپێکرد. لە عێراقیش، ناکۆکیی سوننەکان لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەردەوامە و هاوپەیمانیی عەزم موسەننا سامەڕایی وەک بەربژێری فەرمی ناساند. هاوکات، د. بەرهەم ساڵح وەک کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران دیاریکرا و وۆڵ ستریت جۆرناڵ ستایشی دەکات.

دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی نووسراوی بەغدایە؛ "بۆمبێک بۆ ساڵی 2026 دانراوە"

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، چاوەڕوانن ئەمڕۆ بەغدا بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتی بکات و ئەوانیش راستەوخۆ 120 ملیار دینارەکە دەخەنە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵ، ئەوەش بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 10 بنێردرێت. هاوکات هۆشداری لەبارەی پلانێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق دەدرێت بۆ ساڵی داهاتوو.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بکات. سەرچاوەکە گوتی: "هەرکاتێک ئەو داواکارییە گەیشت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی فیدراڵ".
 
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 و شێوازی مامەڵەکردن لە ساڵی داهاتوودا، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق "بۆمبێکی بۆ ساڵی 2026 داناوە". بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەنجوومەنەکە لەسەر بنچینەی راپۆرتی ئەنجوومەنی دەوڵەت (شورای دەوڵەت)، داوای پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتی دەکات و دەڵێت "دەبێت 100٪ی داهاتەکە بۆ بەغدا بێت، وەک گومرگ و باج".

کە خەوتبوویت چی روودا؟

ئاوارەبوونی نیو ملیۆن کەس لە کەمبۆدیا بەهۆی پێکدادانە سنوورییەکان: وەزارەتی ناوخۆی کەمبۆدیا رایگەیاند کە بەهۆی پێکدادانە سنوورییەکانیان لەگەڵ تایلەند، زیاتر لە 500,000 کەس ئاوارە بوون.

پچڕانی بەرفراوانی کارەبا لە سان فرانسیسکۆ: ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە پچڕانێکی بەرفراوانی کارەبا ناوچەی سان فرانسیسکۆی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گرتووەتەوە. کۆمپانیای کارەبا و غازی ناوچەکە رایگەیاند، تیمەکانیان بە هەموو توانایەکەوە کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی کێشەکە و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئەم کوژانەوەیە ئاشکرا نەکراوە.

شاندی حەماس و هەواڵگریی تورکیا کۆبوونەوە: شاندێکی حەماس بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە لەگەڵ سەرۆکی هەواڵگری تورکیا کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر پابەندییەکانی ئیسرائیل لە قۆناغی یەکەم و زەمینەسازی بۆ قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست کرا. 
ئیسرائیل سێ فەڵەستینیی کەرتی غەززەی دەستگیرکرد: رادیۆی فەرمی ئیسرائیل رایگەیاند هێزە ئەمنییەکان 3 فەڵەستینییان لە شارۆچکەی راهت لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکردووە. ئەم کەسانە خەڵکی کەرتی غەززەن و لە دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە لەو ناوچەیەدا خۆیان حەشارداوە

ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە رێگرییەکانی ئیسپانیا لە کەشتییەکانی دەکات: لیژنەی دەریایی فیدراڵی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لە سنووردارکردنی چوونە ناوەوەی کەشتییە ئەمریکییەکان بۆ بەندەرەکانی ئیسپانیا دەستپێکرد. زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە لە تشرینی دووەمی 2024ـەوە رێگری لە سێ کەشتی ئەمریکی کراوە بچنە ناو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە پەیوەندییە دەریاییەکانی نێوانیان.

ئوسترالیا پێداچوونەوە بە دەزگا ئەمنییەکاندا دەکات: سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا فەرمانی دا 

پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ کارەکانی دەزگای پۆلیس و هەواڵگری وڵاتەکەی بکرێت. ئەم بڕیارە دوای هێرشە خوێناوییەکەی ناوچەی "بۆندای" لە سیدنی دێت. حکومەت دەیەوێت لە رێگەی ئەم پێداچوونەوەیەوە کەلێنە ئەمنییەکان بدۆزێتەوە و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە بکات کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکەن.

کرێملین: پوتین ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ماکرۆن بکات: گوتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند کە ڤلادیمێر پوتین ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. 


سلێمانی و هەڵەبجە ئاهەنگ ناگێڕن؛ زاخۆ چاوەڕێی 120 هەزار گەشتیارە

هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاریندا بۆ سەری ساڵی زایینی ئاهەنگی فەرمی نەگێڕن و زاخۆ چاوەڕێی 120 هەزار گەشتیار دەکات. بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاریان دا هەموو جۆرە ئاهەنگێکی فەرمیی سەری ساڵ رابگرن، وەک رێزێک بۆ قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی 19ی دیکە. لە بەرامبەردا، هەولێر و زاخۆ ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشبینی ژمارەیەکی پێوانەیی گەشتیار دەکات و ئیدارەی زاخۆش چاوەڕێی زیاتر لە 120,000 گەشتیار دەکات.

بەبێ بەرامبەر؛ 200 هەزار لیتر نەوت بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ دابین دەکرێت

دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردنی 200,000 لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ. بڕیارە ئەم بڕە نەوتە بەسەر 2,000 خێزاندا دابەش بکرێت و بۆ هەر ماڵێک 100 لیتر دیاری کراوە. عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بووژانەوەی چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای گەیشتنی نەوتەکە، تەنها لە ماوەی 24 کاژێردا بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەشی دەکەن.

قەرەبووی خانووەکانی چەمچەماڵ تا سێشەممە تەواو دەبێت

بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی بۆردەکە رایگەیاند وەک قۆناغی یەکەم، تاوەکو سێشەممە قەرەبووی سەرجەم خانوو و کەلوپەلەکان (نێوماڵ) تەواو دەکرێت. تا ئێستا بڕی زیاتر لە 11 ملیار و نیو دینار بۆ زیانلێکەوتووان کۆکراوەتەوە. لە قۆناغی دووەمدا، شوێنە بازرگانییەکان و ئۆتۆمبێلەکان قەرەبوو دەکرێنەوە و هەوڵ دەدرێت تا کۆتایی ساڵ ئەم پڕۆسەیە بە تەواوی کۆتایی پێبێت.

میدیایەکی ئێران هێرش دەکاتە سەر قوباد تاڵەبانی

ئاژانسی مێهری ئێرانی، کە یەکێکە لە ئاژانسە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵمەتێکی لە دژی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەستپێکردووە. ئاژانسەکە لە راپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە کار دەکرێت بۆ دوورخستنەوەی بافڵ تاڵەبانی و جێگرتنەوەی لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە. بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری هێرشەکە پێشنیازکردنی قوباد تاڵەبانییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە. ئاژانسەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر قوباد تاڵەبانی ببێتە سەرۆککۆمار، سلێمانی و ناوچەی سەوز دەبنە "جێی هەژموونی ئیسرائیل".

ئیسرائیل زانیاریی ورد لەسەر گرووپە چەکدارەکان دەداتە عێراق

رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئاشکرای کرد، بەرپرسانی عێراقی بنکەیەکی زانیاریی هەواڵگریی یەکجار وردیان لەلایەن ئیسرائیلەوە پێگەیشتووە. ئەم دۆسیەیە زانیاریی بەرفراوان لەسەر سەرکردەکان، پێکهاتە سەربازییەکان، تۆڕە داراییەکان و دامەزراوە حکومییەکانی نزیک لە گرووپەکان لەخۆدەگرێت. بەپێی راپۆرتەکە، وڵاتێکی عەرەبی هۆشداریی داوەتە بەغدا کە ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی ئەمریکای وەرگرتووە بۆ جووڵەی تاکلایەنە لە عێراق.

تەنیا 8 رۆژ لەبەردەم سوننەکان ماوە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان

لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەبەردەم وادەیەکی کورتدان بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کە بڕیارە دانیشتنی یەکەم لە 29/12/2025 بەڕێوەبچێت. پارتی تەقەدووم جەخت دەکاتەوە کە محەممەد حەلبووسی تاکە کاندیدی ئەوانە، لەکاتێکدا لایەنەکانی دیکە رکابەری دەکەن. فایەق زێدان رایگەیاندووە کە هیچ بوارێک بۆ دواخستنی دانیشتنەکە نییە و دەبێت سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن.

عەزم: موسەننا سامەڕایی بەربژێری فەرمیی ئێمەیە

گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی رووداو رایگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان بە فەرمی موسەننا سامەڕایی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووە. عەزام حەمدانی گوتی: "موسەننا سامەڕایی بەربژێرێکی نیشتمانییە و بەرهەمی ئیرادەی دەرەکی نییە". ئاماژەی بەوەشکرد کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە ماڵی وەزیری بەرگری بکرێت بۆ رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ستایشی هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح دەکات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە وتارێکدا ستایشی هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح وەک کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. رۆژنامەکە دەڵێت، ئەو "هەڵبژاردەیەکی شایستەیە" و یەکەم کەسە کە خۆی پێشتر پەنابەر بووە و بگاتە ئەو پۆستە. هەروەها رۆڵی ناوبراو لە بنیاتنانەوەی عێراق و دانوستاندن لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەرز دەنرخێنێت.

بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان: چیرۆکی ئەنفال دەبەینە ئەورووپا

ساڵح محەممەد سەمین، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ئیتاڵیا پێشانگایەکی تایبەت بە ناوی "ئەنفالکراو" دەکرێتەوە. گوتیشی: "بەهۆی پێنەدانی ڤیزا نەمانتوانی لە کردنەوەی پێشانگاکەدا ئامادەبین، بەڵام لەمەودوا بە دەنگ و رەنگی قوربانییان، چیرۆکی ئەنفال بە خەڵکی ئیتاڵیا و ئەوروپا دەناسێنین". پێشانگاکە تاوەکو شوباتی 2026 بەردەوام دەبێت.

رێبەری دروز: بۆ پاراستنی کەرامەت سەربەخۆییمان دەوێت

رێبەری تائیفەی دروزی لە سووریا، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینییەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "ئێمە هێرشی رەشەکوژەکانمان تێکشکاند و داوای سەربەخۆیی خۆمانمان کرد بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاشتی." شێخ حیکمەت هەجەری پشتیوانیی خۆی بۆ کورد دەربڕی و دەستخۆشی لێکردن بۆ رەتکردنەوەی زوڵم.

نەخشەڕێی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە

تورکیا نەخشەرێگەیەکی چوار خاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێهەڵکێشکردنیان لەنێو سوپای سووریادا پێشکەش کردووە. خاڵەکان بریتین لە: تێهەڵکێشبوونی تاکەکەسی نەک یەکەی سەربازی، پاکتاوکردنی ئەو ئەندامانەی تورکیا بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، کۆتاییهێنان بە گوتاری جوداخوازی و دیاریکردنی کاتی پابەندکەر. تورکیا هەڕەشەی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی دەکات ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن.

وردەکاریی هێرشەکەی ئەمریکا لە سووریا

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بە ناوی "چاوی باز" بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە سووریا دەستپێکرد. هێرشەکە کە پتر لە 70 ئامانجی لە ناوچەکانی تەدمور، دێرزوور و رەققە پێکا، بە یەکەم تاقیکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوان واشنتن و دیمەشق دادەنرێت. هێرشەکە وەک وەڵامێکە بۆ کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی لەلایەن داعشەوە.

ئەمریکا دەستی گرت بەسەر تانکەرێکی دیکەی نەوتی فەنزوێلا

ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانیان تانکەرێکی تری نەوتی فەنزوێلایان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەستبەسەر کردووە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئەم نەوتە بۆ تەمویلکردنی تێرۆر بەکاردێت. فەنزوێلا بە توندی ئەم هەنگاوەی رەتکردەوە و بە "کاری چەتەیی نێودەوڵەتی" ناوی برد و رایگەیاند سکاڵا دەبەنە ئەنجوومەنی ئاسایش.

بۆ یەکەمجار ئەندازیارێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت گەیشتە بۆشایی ئاسمان

مایکێلا بێنتاوس، خانمە ئەندازیاری ئەڵمانی، بووە یەکەم کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە بچێتە بۆشایی ئاسمان. گەشتەکە لە رێگەی مووشەکێکی کۆمپانیای "بلو ئۆریجن"ـەوە ئەنجامدرا. مایکێلا کە پێشتر بەهۆی رووداوێکەوە ئیفلیج بووە، وتی: "دەبێت کۆمەڵگەیەکی گشتگیرمان هەبێت کە دەستی هەمووان بە هەموو شوێنێک رابگات."

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).