لە هەولێر گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان دەکرێتەوە و رووداو مێژووێکی نوێ تۆمار دەکات

03 December 2025
لە هەولێر گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان دەکرێتەوە و رووداو مێژووێکی نوێ تۆمار دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە (3-12-2025)، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، دۆسیەگەلێکی هەستیار و جیهانی و ناوخۆیی تاوتوێ کران. لە کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لە شاری هەولێرەوە تاوەکو گەیشتنی دەنگی خەڵکی دەربەندیخان بە بەرپرسان بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشانی گورچیلە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە وەڵامی تایبەتی رووداو دەداتەوە و ئەنقەرەش داوای روونکردنەوە لە پارتی دەکات

د. بیلال وەهاب: کونسوڵخانە نوێیەکە "مایکرۆفۆنێکە" بۆ دەنگی کورد

ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەورەترین باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێر کرایەوە. پڕۆژەکە کە تێچووەکەی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە و لەسەر رووبەری 200 هەزار مەتر دووجا (هاوتای 28 یاریگەی تۆپی پێ) دروستکراوە، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە.

د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەکەدا شیکردنەوەی وردی بۆ ئەم رووداوە کرد و گوتی: "ئەم تەلارە گەورەیە واتای ئەوە نییە پەیوەندییەکە بووەتە هاوپەیمانییەکی یاسایی، بەڵکو سیمبوولێکی بەهێزی مانەوەی ئەمریکایە."
سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن، د. بیلال بە دەستەواژەی سەرنجڕاکێش وەسفی دۆخەکەی کرد و گوتی: "پەیوەندییەکە دۆستایەتییەکی گەرمە و خوێنی تێدا ڕژاوە، چ لە شەڕی ئازادیی عێراق و چ لە شەڕی دژی داعش، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پەیماننامەی یاسایی."
د. بیلال گوتی: "جیاوازییەکە ئەوەیە، لەم پەیوەندییەدا ئەگەر بۆ کورد 'چەک'ـی تێدابێت بۆ بەرگریکردن، ئەوا 'پاسپۆرت'ـی تێدا نییە، واتە گەرەنتییەکی یاسایی نێودەوڵەتی نییە کە وەک بەشێک لە خاکی خۆی یان هاوپەیمانێکی ئەندام لە ناتۆ مامەڵەت لەگەڵ بکات."
سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بینایە "مایکرۆفۆنێکە دراوە بە کورد تاوەکو دەنگی خۆی راستەوخۆ بگەیێنێتە واشنتن" و پەیامێکە بەوەی ئەمریکا نایەوێت لە ناوچەکە بکشێتەوە. هەروەها جیاوازی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی بەوە چواند کە دراوسێکان بە "درۆن و مووشەک" دێن، بەڵام ئەمریکا بە "هێزی نەرم و زانکۆ و کونسوڵخانە" دێت.

مەترسیی مەرگ لەسەر 5 نەخۆش لە دەربەندیخان

(رۆژی هیوا جەمال) دەنگیان دەگەیێنێت و وەزارەت بەدەمەوە دێت
دۆخی تەندروستی لە قەزای دەربەندیخان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار دوای ئەوەی سەرجەم ئامێرەکانی شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی شەهید ئازادی مامە عەلە لەکارکەوتن.
بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بەدواداچوونی وردی بۆ چیرۆکەکە کرد. بورهان، برای یەکێک لە نەخۆشەکان دەیگوت "نانی بەیانی و نیوەڕۆم ئەم  بسکویتەیە"، باسی لە مەینەتییەکەیان کرد.
بە گوتەی کەسوکاری نەخۆشەکان، سێ ئامێر هەبوون کە خێرخوازێک کڕیبوونی، بەڵام بەهۆی نەکردنی چاکسازییەوە یەک لەدوای یەک لەکارکەوتن. کاک بورهان گوتی: "کاژێر 5:30ی بەیانی روومان لە سلێمانی کرد، سەرەتا وەرنەگیران بە بیانووی لۆد، تاوەکو بە تەکلیف و تەلەفۆن نۆرەمان بۆ خوشکەکەم وەرگرت."
بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەکە، 5 نەخۆشی گورچیلە لە دەربەندیخان هەن کە ژیانیان لە مەترسیی ڕاستەقینەدایە و لە دوو ساڵی رابردوودا 3 نەخۆش بەهۆی کێشەی چارەسەرەوە گیانیان لەدەستداوە.
دوای پەیوەندیکردنی هیوا جەمال بە وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی، دەستبەجێ وەڵام درایەوە. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند کە ئەمڕۆ کاژێر 9:00 تیمی ئەندازیاری و کۆمپانیا دەگەنە دەربەندیخان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئامێرەکان.

رووداو مێژوو تۆمار دەکات؛ ترەمپ وەڵامی دیار کوردە دەداتەوە: "گوێم لە هێرشەکەی کۆرمۆر بووە"

تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیای کوردی و نێودەوڵەتی لە ناوچەکە، توانی لەرێگەی دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن، بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی دۆناڵد ترەمپ بکات و راستەوخۆ پرسیاری لێ بکات.
دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای وەڵامەکەیدا بە سوعبەتەوە ستایشی دەنگی پەیامنێرەکەی رووداوی کرد و گوتی: "نەرمترین و خۆشترین دەنگت هەیە."

سەبارەت بە پرسیاری هێرشی گرووپەکان بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر و پاراستنی وەبەرهێنانی ئەمریکی، ترەمپ گوتی: "سەیری دەکەم، گوێم لە هێرشەکە بووە، بەڵام ئێستا وردەکاریی زیاترم بیست." سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا عێراق جیاوازە چونکە ئێران وەک "شەقاوەی ناوچەکە" نەماوە و تواناکانیان بە فڕۆکەی B-2 تێکشکێنراون.
هەروەها ترەمپ ئاشکرای کرد کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکێک بووە لەو کەسانەی ناوی ئەوی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەرزکردووەتەوە. سەبارەت بە سووریاش، ترەمپ ستایشی ئەحمەد شەرعی کرد و گوتی: "متمانەی زۆرم پێی هەیە."

نێچیرڤان بارزانی: ئەحمەد شەرع دوایین هەلە بۆ سووریا و هێزەکانی HSD ناتوانن بێ گرەنتی چەک دابنێن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووس کانتا ئەحمەد، تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخی سووریا خستەڕوو و رایگەیاند: "ئەحمەد شەرع دوایین هەلە بۆ سووریا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر "لامەرکەزییەت" کردەوە وەک تاکە رێگە بۆ بەڕێوەبردنی سووریایەکی فرەپێکهاتە (کورد، عەرەب، مەسیحی، دروز و عەلەوی) و ڕێگریکردن لە پەراوێزخستن.
سەبارەت بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD)، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەم هێزانە قوربانیی بێشوماریان داوە. ئەوان ناتوانن تەنها چەکەکانیان دابنێن و جلەکان دابکەنن بەبێ هیچ گرەنتییەک بۆ یەکگرتنەوە." هەروەها ئاشکرای کرد کە لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا کۆبووەتەوە بۆ باسکردنی مەترسییەکانی داعش.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای روونکردنەوە لە پارتی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بە زمانێکی تووند وەڵامی راگەیێندراوێکی "بارەگای بارزانی" دایەوە کە تێیدا رەخنە لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گیرابوو.
ئەنقەرە ئەو لێدوانەی بە "بێڕێزی و ئیستفزازی و قبووڵنەکراو" ناوبرد و رایگەیاند کە بە فەرمی پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK)ـەوە کردووە و داوای "روونکردنەوە و گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر بەرپرسانی ئەو لێدوانە" دەکەن.

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت؛ مەرجێک بۆ مووچەی مانگی 10 دیاری دەکرێت

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی مووچەی مانگی ئەیلولی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
هاوکات وەزارەتەکە مەرجێکی نوێی دیاریکردووە: "بۆ مانگی 10، هەموو مامۆستایانی گرێبەست دەبێت لەڕێگەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەربگرن." عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایان بە رووداوی گوت کە تا ئێستا زیاتر لە 37 هەزار مامۆستای گرێبەست فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.

لە سلێمانی؛ لە هەر 1192 کەس تەنیا یەک کەس سەردانی کتێبخانەی کردووە

بەپێی ئامارێکی نوێی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بۆ مانگی تشرینی دووەم، رێژەی خوێندنەوە لە ئاستێکی زۆر نزم دایە. لە کۆی زیاتر لە 2.4 ملیۆن دانیشتووی پارێزگاکە، تەنها 2013 کەس سەردانی کتێبخانەکانیان کردووە (واتە 0.08%).
ئامارەکە دەریدەخات کتێبە پراکتیکییەکان کەمترین خوێنەریان هەبووە، بەڵام کتێبی فەلسەفی لە شارۆچکەی تەکیە رێژەیەکی بەرزی تۆمار کردووە کە 33%ی خوێنەرانی ئەو شارۆچکەیە روویان لە فەلسەفە کردووە.

سەرتیتری هەواڵەکانی دیکە

کشتوکاڵ قەدەخەی کرد: وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی (تەماتە، کەلەرم، قەڕنابیت، کاهوو، شێلم و چەوەندەر)یان قەدەخە کرد.
پارەی کارەبا بە دیجیتاڵی: وەزارەتی کارەبا رایگەیاند هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی دەتوانن بە ئەپڵیکەیشنەکانی وەک (AsiaPay و FastPay) پارەی کارەبا بدەن و پێویست ناکات بچنە بنکەکان.
سەرۆکوەزیران پەسەندی کرد: محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندی دا لەسەر ناردنی رۆژانە 760 تۆن غازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان.
دۆلاریان بۆ دەگەڕێتەوە: بانکی ناوەندیی عێراق بەڵێن دەدات ئەو بانکانەی سزایان لەسەر بوو، دوای چاکسازی دۆخیان ئاسایی ببێتەوە و دۆلاریان پێ بدرێت.
لێخۆشبوون بۆ کورسییەکەیە: خوێندنی باڵا روونیکردەوە کە لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا تەنها بۆ کورسییەکەیە و درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن ناگرێتەوە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).