پەکەکە لە زاپ دەکشێتەوە، ئامارەکانی ئایدز لە هەڵکشاندان و چیرۆکی 'بۆیاخچی' لە حەلەب

01 December 2025
پەکەکە لە زاپ دەکشێتەوە، ئامارەکانی ئایدز لە هەڵکشاندان و چیرۆکی 'بۆیاخچی' لە حەلەب

لەم دۆسییە هەواڵییەدا پوختەی گرنگترین ئەو بابەتانە دەخەینە روو کە لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ دووشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2025 پەخش کران. بەرنامەکە تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرس، لەوانە هەنگاوە نوێیەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کشانەوەی پەکەکە، هۆشدارییە تەندروستییەکان لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز، جووڵە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، لەگەڵ گێڕانەوەی مێژوویەکی کاریگەر لەسەر کوردانی حەلەب.

میت کشانەوەی پەکەکە پشتڕاست دەکاتەوە؛ وردەکاریی دیدارەکەی ئیمراڵی

پرسی پرۆسەی ئاشتی و کشانەوەی پەکەکە یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکان. دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و سوپای ئەو وڵاتە، دوای پشکنینی مەیدانی لە چوارچێوەی "میکانیزمی پشتڕاستکردنەوە"، پشتڕاستیان کردەوە کە گەریلاکانی پەکەکە شەش ئەشکەوتی ستراتیژییان لە ناوچەکانی زاپ و مەتین بەتەواوی چۆڵکردووە و تەقەمەنییەکانیان لەنێوبردووە. ئەمە دوای ئەوە دێت کە پەکەکە لە 16ی تشرینی دووەم رایگەیاندبوو هێزەکانیان دەکشێننەوە وەک هەنگاوێک بۆ "خزمەتکردن بە چارەسەری پرسی کورد". میدیای تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامادەکاری بۆ کشانەوە لە خواکورک، گارە و حەفتانینیش دەکرێت و پرۆسەکە دەگاتە هێڵی شەنگال-مەخموور.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەکانی پەکەکە لە قەندیلەوە هەڵوێستی خۆیان راگەیاند. ئامەد مەلازگرت جەختی کردەوە کە ئەوان هەموو هەنگاوەکانی دەستپێشخەرییەکەی ئۆجەلانیان جێبەجێ کردووە و ئێستا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیایە" و چاوەڕێی هەنگاوی کردارین، بەتایبەت ئازادیی ئۆجەلان و دانپێدانانی دەستووری.

لەم بەرنامەیەدا، وردەکاریی سەردانەکەی شاندی پەرلەمان (بە بەشداری گوڵستان کلچ) بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی خرایەڕوو. بەگوێرەی گێڕانەوەکان، ئۆجەلان بە جۆش و مۆڕاڵێکی بەرز و تەندروستییەکی باشەوە، بە پێکەنینەوە پێشوازی لە شاندەکە کردووە و پێی گوتوون "دەتانناسمەوە و چاودێریتان دەکەم".

ئۆجەلان لەو دیدارەدا باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی 1995ـەوە لە سۆسیالیزمی راستەقینە تێپەڕیوە و دەستی بە گەڕان بەدوای ئاشتیدا کردووە. ئەو شرۆڤەی بۆ قۆناغەکانی پێشووی ئاشتی (سەردەمی ئۆزال و ئەرباکان) کردووە و هۆکاری شکستەکانی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی گەڕاندووەتەوە، تەنانەت ئاماژەی بەوە داوە کە مردنی تورگوت ئۆزال رێکەوت نەبووە و دەبێت بە گومانەوە سەیر بکرێت.

40 ملیۆن کەس لە جیهان تووشی ئایدز بوون

لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئایدزدا، ئامارەکان دەریدەخەن 40 ملیۆن کەس لە جیهاندا هەڵگری ڤایرۆسەکەن. ساڵی پار 1.3 ملیۆن تووشبووی نوێ تۆمار کراون و 630 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. لە عێراق و تورکیاش ئامارەکان روو لە زیادبوونن؛ لە تورکیا زیاتر لە 51 هەزار تووشبوو هەن و لە عێراقیش ساڵانە سەدان حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن.

تەندروستیی هەولێر: تووشبوون بە ئایدز زیادی کردووە؛ هۆشداری دەدرێتە سەرتاشخانەکان

یاسین جاف، بەرپرسی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی لە تەندروستیی هەولێر، لە بەرنامەکەدا زەنگێکی مەترسیداری لێدا و رایگەیاند کە ئامارەکانی تووشبوون بە ئایدز لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ئامارە جیهانییەکان، بەراورد بە ساڵی رابردوو رووی لە زیادبوون کردووە. هۆکارەکانیشی بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەهێزبوونی سیستەمی پشکنین گەڕاندەوە.
یاسین جاف جەختی کردەوە کە جگە لە پەیوەندیی سێکسی، شوێنەکانی وەک سەرتاشخانە، سەنتەرەکانی جوانکاری و تاتۆکردن دەتوانن ببنە سەرچاوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە ئەگەر مەرجەکانی پاکژی تێدا پەیڕەو نەکرێت. هەر بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد کە "لەکاتی سەردانیکردنی سەرتاشخانە و سەنتەرەکانی جوانکاری، کیت و کەرەستەی تایبەت بە خۆیان پێ بێت و هی شوێنەکە بەکارنەهێنن."

سەبارەت بە رێکارەکان بەرامبەر تووشبووان، جاف روونی کردەوە کە پڕۆسەکە بۆ بیانییەکان و ناوخۆییەکان جیاوازە؛ هەر کەسێکی بیانی پشکنینی بۆ دەکرێت و ئەگەر دەرکەوت هەڵگرە، راستەوخۆ لە ماوەی 2 بۆ 3 رۆژدا دیپۆرت دەکرێتەوە. بەڵام تووشبووانی ناوخۆیی دیپۆرت ناکرێن، بەڵکو لەلایەن تیمە تایبەتەکانەوە چاودێری دەکرێن، چارەسەریان بۆ دابین دەکرێت و رێنمایی دەکرێن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە. بڕیارە سبەی ئامارە وردەکان لە کۆنفرانسێکدا بڵاوبکرێنەوە.

چیرۆکی "بۆیاخچی"؛ لە حەسۆی پاشاوە بۆ چەکی دەستی رەگەزپەرستەکان

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، تیشک خرایە سەر دەستەواژەی "بۆیاخچی" لە شاری حەلەب، کە مێژووەکەی بۆ 75 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. چیرۆکەکە باسی کۆچی کوردانی عەفرین و کۆبانێ دەکات بۆ حەلەب لە ساڵانی 40 و 50کان بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکان. کوردەکان بۆ ئەوەی نەبنە خزمەتکار، پیشەی "بۆیاخچی"یان هەڵبژارد تاوەکو سەربەخۆ بن.
لەوێدا کەسایەتییەکی ئەفسانەیی بەناوی "حەسۆ" یان "حەسەن بۆیاخچی" دەردەکەوێت کە بە "مەلیکی بۆیاخچییەکان" ناسرابوو. حەسۆ لەبەردەم هۆتێل بارۆن دادەنیشت، بەڵام نەک لەسەر کورسییەکی ئاسایی، بەڵکو سندوقەکەی بە بزماری زەرد رازاندبووەوە و وەک "تەختی پاشا" لەسەر کورسییەکی بەرز دادەنیشت و جلوبەرگی رێکی دەپۆشی. ئەو ببووە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە دەوڵەمەند و بەرپرسان دەچوونە لای.

بەڵام کوردەکان لەوێ نەوەستان؛ بەو پارەیەی باوکەکان لە بۆیاخچێتی پەیدایان کرد، منداڵەکانیان فێری پیشەسازی و بازرگانی کرد و وردە وردە کورد بووە خاوەن کارگە و بازرگانی گەورە لە حەلەب. ئەم پێشکەوتنە بووە هۆی نیگەرانیی عەرەبە رەگەزپەرستەکان، بۆیە دەستەواژەی "بۆیاخچی"یان وەک چەکێکی دەروونی و سووکایەتی دژی کورد بەکاردەهێنا، وەک ئەوەی لە دوایین خۆپیشاندانەکانی مەنبج بینرا.

ئەم بابەتە رەنگدانەوەی لە ئەدەبیاتی نووسەرانی وەک جان دۆست و سەلیم بەرەکاتیشدا هەیە، کە بۆیاخچی وەک سیمبولی ئازار و هاوکات سەلماندنی بوون وێنا دەکەن. وەک ئەوەی دەڵێن: "باوکەکانمان دەستیان بە بۆیاخ رەش بوو، تا ئێمە دەستمان بە مەرەکەب رەش بێت."

پارتی دەچێت بۆ لای یەکێتی

ئەمڕۆ شاندێکی پارتی لە هەولێر سەردانی یەکێتی دەکات. بەپێی زانیارییەکانی (رۆژی هیوا جەمال)، پارتی ئەم سەردانە لە چوارچێوەی دەمەزەردکردنەوەی پەیوەندییەکان و باسکردنی پێکهێنانی حکومەت ئەنجام دەدات، بەڵام یەکێتی پێیوایە ئەمە تەنیا سەردانە و بڕیاری کۆتایی تێدا نادرێت. ناکۆکی سەرەکی لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆیە کە یەکێتی داوای دەکات و پارتی رەتی دەکاتەوە، بڕیاریشە دۆسیەی بەغدا بێتە نێو دانوستانەکانەوە.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی دادگەی فیدراڵییە

لایەنە شیعییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دانوستانەکانیان راگرتووە و چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی تانەکانن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە. ناکۆکی لەنێوان نوری مالیکی و محەممەد شیاع سودانی هەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و بەهۆی مەرجی "کۆدەنگی" لەنێو 11 سەرکردەکەی چوارچێوە، بڕیاردان قورس بووە.

نرخی 15 دەرمان لە ئەمریکا دادەبەزێنرێت

لە هەواڵێکی ئابووری-تەندروستیدا، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا لە ساڵی 2026ـەوە نرخی 15 دەرمانی سەرەکی دابەزێنێت، کە دیارترینیان دەرمانی شەکرەی "Ozempic"ـە و بەڕێژەی 71% نرخەکەی کەم دەکرێتەوە. ئەم دەرمانە داهاتەکەی لە 280 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 18 ملیار دۆلار بازێكی گەورەی داوە.

فێستیڤاڵێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نیشتمانیی دەکرێت

فێستیڤاڵی "گوڵاوی بانە" کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی گوڵاو، بە فەرمی خرایە لیستی رووداوە نیشتمانییەکانی ئێرانەوە. بەمەش ژمارەی ئەو بۆنە گەشتیارییانەی پارێزگای سنە کە ناسنامەی نیشتمانییان وەرگرتووە، گەیشتە 10 فێستیڤاڵ و رێوڕەسم.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).