لە ئیمڕاڵییەوە بۆ کۆرمۆر؛ ئۆجەلان هۆشداری دەدات و بکەرانی هێرشەکان ئاشکرا دەکرێن

04 December 2025
لە ئیمڕاڵییەوە بۆ کۆرمۆر؛ ئۆجەلان هۆشداری دەدات و بکەرانی هێرشەکان ئاشکرا دەکرێن

لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 لە تۆڕی میدیایی رووداو، چەندین دۆسیەی گرنگی هەنووکەیی تاوتوێ کران. گرنگترین تەوەر بریتی بوو لە ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هاوکات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هێرشەکەی کۆرمۆر و دواین مۆڵەتی ترەمپ بۆ سەرۆکی ڤەنێزوێلا بەشێکی دیکەی بەرنامەکە بوون.

دۆسیەی سەرەکی: چارەسەری لە ئەنقەرە، دەرگای ئاشتی لە قامیشلۆ دەکاتەوە

محەممەد کاماج، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەکەدا، پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی قۆناخی ئێستای گفتوگۆکانی ئیمڕاڵی و دەوڵەتی تورکیا هەڵدایەوە.
کاماج ئاشکرای کرد کە پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا "هەنگاو بە هەنگاو" دەچێتە پێش و پەرلەمانی تورکیا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت وەک چەترێک بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی داهاتوو. ئەو گوتی: "پێکهێنانی لیژنەی پەرلەمانی و سەردانەکانی ئیمڕاڵی ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤن، بەڵام هێشتا لە سەرەتاداین."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی پەیامێکی گرنگی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی گەیاند و گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان هۆشداری داوە کە هەرکاتێک هەنگاوێک بۆ ئاشتی دەنرێت، میکانیزمێکی کودەتا و تێکدەرانە دەکەوێتە کار." بە بڕوای کاماج، مەبەست لەمە ئەو هێزە ناوخۆیی و دەرەکییانەن کە دەیانەوێت پڕۆسەکە لەبار ببەن.

سەبارەت بە سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ ئیمڕاڵی، ئاشکرا کرا کە دوو تەوەر هەبووە:

1.گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی داواکەی ئۆجەلان بۆ چەکدادانی پەکەکە.
2.تاوتوێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هەسەدە و لایەنی پەیوەندیدار بە قۆناخی راگوزەری سووریا.
کاماج جەختی کردەوە: "چارەسەری لە ئەنقەرە، دەرگای ئاشتی لە قامیشلۆ دەکاتەوە." هەروەها رەتیکردەوە "لێبووردنی گشتی" چارەسەر بێت، بەڵکو دۆزەکە سیاسییە و دەبێت بە یاسا و ناسنامە چارەسەر بکرێت.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کۆرمۆر: هێرشەکە بە درۆن بووە و 6 راسپاردە دراونەتە بەغدا

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە و محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەسەندی کرد.
بەگوێرەی راپۆرتەکە:
•هێرشەکە لە رێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە؛ یەکێکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە و ئەوی دیکە لە دەرەوە کەوتووەتە خوارەوە.
•شوێنی هەڵدانەکە باشووری کێڵگەکە و رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو بووە.
•ئەنجامدەران ناسراونەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

لیژنەکە 6 راسپاردەی بۆ حکومەت دیاری کردووە، گرنگترینیان:

1.دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کێڵگەکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە.
2.گۆڕینی فەرماندە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانە.
3.پەرەپێدانی هەواڵگریی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە، د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نهێنییەکی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئەمریکا کۆتا هەلی داوەتە عێراق بۆ ئاشکراکردنی بکەرانی هێرشەکە."

رۆژی هیوا جەمال کێشەی ئامێرەکانی شوشتنی گورچیلە لە دەربەندیخان چارەسەر دەکات

دوای بەدواداچوونی رۆژی هیوا جەمال، کێشەی لەکارکەوتنی هەر سێ ئامێرەکەی شوشتنی گورچیلە لە دەربەندیخان چارەسەر کرا.
•تیمێک لە سلێمانییەوە نێردران و ئامێرەکانیان خستەوە کار.
•ئامێرەکان کۆنن و مەترسیی لەکارکەوتنیان هەیە، بۆیە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بەڵێنی داوە ئامێری نوێیان بۆ دابین بکات.

ئەمریکا یەکەیەکی نوێی درۆنی بۆمبڕێژکراو دروست دەکات

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێکهێنانی یەکەیەکی نوێی بەناوی "پێوەدانی دووپشک - TFSS" راگەیاند، کە تایبەت دەبێت بە درۆنی هێرشبەر (بۆمبڕێژکراو)
ئامانجی ئەم یەکەیە بەکارهێنانی هەمان تاکتیکی گرووپە چەکدارەکان و ئێرانە، واتە پشت بەستن بە چەکی "تێچوو کەم و کاریگەریی زۆر". درۆنەکان لە جۆری "لوکاس"ـن، پێویستیان بە فڕۆکەخانە نییە و لەسەر بارهەڵگرەوە هەڵدەدرێن؛ وەک چەکی "یەکجار بەکارهاتوو" بە ئامانجەکەدا دەتەقنەوە و ناگەڕێنەوە.

دوایین 24 کاژێری مادۆرۆ؛ لەنێوان سەماکردن بۆ تیکتۆک و ترس لە کۆشکی سەرۆکایەتی

تەنیا 24 کاژێر ماوە لەو مۆڵەتەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەربازبوون بەخشیویەتی بە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنێزوێلا.
•بەپێی زانیارییەکان، مادۆرۆ ئۆفەرێکی دایە ترەمپ بۆ رۆیشتن بەرامبەر لابردنی سزا لەسەر 100 بەرپرس و داخستنی دۆسیەکانی دادگای نێودەوڵەتی، بەڵام ترەمپ رەتیکردەوە.
•مادۆرۆ لە ترسی خیانەت، شەوانە شوێنی خەوتنی دەگۆڕێت و تەنیا متمانەی بە پاسەوانە کوباییەکان ماوە، هەرچەندە لە تیکتۆک وەک بێباکێک دەردەکەوێت.


ئەمشەو "مانگی سارد" دەردەکەوێت؛ دیاردەیەکی دەگمەنی ساڵی 2025

ئەمشەو دوایین مانگی پڕی ساڵی 2025 دەردەکەوێت کە ناسراوە بە "مانگی سارد" (Cold Moon).
دکتۆر عەبدوڵڵا کامیل، فەلەکناس بە رووداوی راگەیاند:
•مانگ لە نزیکترین خاڵی خۆی دەبێت لە زەوی.
•قەبارەکەی 14% گەورەتر و رووناکییەکەی 30% زیاتر دەبێت.
•ناوەکەی لە نەریتی دانیشتووانی رەسەنی ئەمریکاوە هاتووە بەهۆی دەستپێکی سەرماوە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).