رەتکردنەوەی سەرژمێری و نهێنیی سەردانێک بۆ مۆسکۆ
ئەمڕۆ لە رۆژی هیوا جەمال کۆمەڵێک هەواڵ و زانیاریی پێشکێش کران، هەر لە دابەشکردنی مووچەوە تاوەکو رەتکردنەوەی ئەنجامی سەرژمێری لەلایەن هەرێمی کوردستان، ئنیجا زانیاریی لەبارەی رووداوەکەی گوندی لاجان لە هەولێر و کۆبوونەوەکانی ێکهێنانی حکومەت تاوەکو جووڵەکانی ترەمپ بەرەو مۆسکۆ.
لێرە بە کورتی بیخوێنەرەوە و بۆ وردەکاریی و زانیاریی زیاتر کلیک لەسەر ڤیدیۆکە بکە..
مووچە، گرێبەستەکان و مەرجی 120 ملیارەکە
کۆتایی بە چاوەڕوانییەکانی مووچەی مانگی نۆ هات و ئەمڕۆ دابەشکردنەکە تەواو دەبێت. بۆ مووچەی مانگی 10، لیستەکە لە بەغدایە و وردبینی تێدا دەکرێت، بەڵام مەرجێک هەیە: دەبێت هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی نیوخۆ بنێرێت تاوەکو پارەکە خەرج بکرێت.
زانیاریی خۆش بۆ مامۆستایانی گرێبەست (پەروەردە و خوێندنی باڵا): سەرچاوەیەک پێی گوتین هەوڵدەدەن هەر لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی نۆیان پێ بدەن. هەروەها، کرێی وانەبێژیی زیادە پەسەند کراوە و هەموو بەشەوانەکانی سەرەتای ساڵ هەژمار دەکرێن.
ئارامبوونەوەی لاجان و دەستگیرکردنی "سەرکێشەکە"
دۆخی گوندی لاجان ئاسایی بووەتەوە و خەڵک دەگەڕێنەوە. لیژنەی ئەمنی دەستگیرکردنی (نێچیروان عیسا میرمسو)ی وەک سەرکێشی ئاژاوەکان راگەیاند. هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسان و پارێزگاری هەولێر هۆشداری توند دەدەنە ئەو میدیایانەی دۆخەکەیان شێواند و داوای جووڵاندنی سکاڵای یاسایی دەکەن.
هەرێمی کوردستان ئەنجامی سەرژمێری رەتدەکاتەوە
ژمارەی دانیشتووانی باشووری کوردستان گەیشتە سەرووی 10 ملیۆن کەس، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەنجامەکان رەتدەکاتەوە.
بەپێی داتاکان، کۆی دانیشتووانی باشووتی کوردستان (10,496,112) کەسە؛ (6.5) ملیۆنیان لە هەرێمی کوردستان و نزیکەی (4) ملیۆنیان لە ناوچە دابڕێنراوەکانن.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانان دەڵێت پرۆسەکە "سیاسییە" و دەستکاریی سنوورەکان کراوە. بۆ نموونە: زۆرینەی دانیشتووانی شێخان و ناحیەکانی فایدە و گوێر خراونەتە سەر نەینەوا، و خانەقین و کفری خراونەتە سەر دیالە. ئەمەش رێژەی هەرێمی کوردستانی بۆ 14.1% دابەزاندووە لەکاتێکدا دەبوو سەرووی 15.5% بێت. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە: بەراوردکردن بە سەرژمێری 1957 پشتگوێ خروە.
سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، میوانی بەرنامە رۆژی هیوا جەمال بووە سەبارەت بە سەرژمێری گوتی: هەرێمی کوردستان بە فەرمی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی 2024 رەتدەکاتەوە، چونکە بەغدا بە تاکلایەنە و بەبێ هاوئاهەنگی رایگەیاندووە.
بەشێک لە گرنگترین گوتەکانی سیروان محەممەد ئەمانە بوون:
•پێشێلکردنی رێککەوتنەکان: بەغدا رێککەوتنەکانی "ناوچە دابڕێنراوەکان" و "وەرگرتنەوەی داتاکان"ی بە ئەنقەست دواخست و جێبەجێی نەکردن.
•گومان لە داتاکان: رێگری لە هەرێم کرا داتای خاو وەربگرێت و رووداوێکی گواستنەوەی "زەرفی داخراو" و پاشگەزبوونەوە لێی، گومانی ساختەکاریی دروستکردووە.
•رێژەی هەرێم: رێژەی دانیشتووانی هەرێم بە 14.1٪ دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر ناوچەکانی وەک شێخان و مەخموور بخرێنە سەر هەرێم، دەبێتە 15.5٪.
•مەترسیی 140: بەغدا مەرجی "بەراوردکردن بە سەرژمێریی 1957"ی جێبەجێ نەکرد، کە ئەمەش مەترسییە بۆ بەکارهێنانی ئەنجامەکان دژی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان.
•هەڵوێستی داهاتوو: داوایان کردووە ئەم پرسە ببێتە مەرجی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئەگەر وەڵام نەبێت، هەڵوێستی توندیان دەبێت.
گومرگ: رێککەوتن نییە
بەغدا و هەولێر لەسەر گومرگ و باج رێکنەکەوتوون. بانکی ناوەندی بڕیاری مەرجی "گومرگی پێشوەختە"ی لە رێگەی سیستمی (ئەسیکۆدا) بۆ ساڵی 2026 دواخست، جگە لەم چوار کاڵایە کە لە ئەمڕۆوە دەبێت پابەندبن: (زێڕ، مۆبایل، ئۆتۆمبێل، ئامێری فێنککەرەوە). بازرگانانی هەرێمی کوردستان کێشەیان بۆ دروست دەبێت چونکە هێشتا سیستمەکە لە دەروازەکانی هەرێم نییە.
جووڵەی دیپلۆماسی: لە مۆسکۆوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش
•رووسیا: ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ (بە یاوەریی جارێد کوشنەر) گەیشتوونەتە مۆسکۆ بۆ بینینی پوتین. ئامانجەکە روونە: رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.
•ئەنجوومەنی ئاسایش: کاژێر 6:00ـی ئێوارە کۆدەبنەوە و د. محەمەد ئەلحەسان راپۆرتی تایبەت لەسەر دۆخی عێراق دەخوێنێتەوە.
•واشنتۆن: تریفە عەزیز رایگەیاند هێرشەکانی ئەم دواییە پرۆسەی پێدانی "سیستمی دژە درۆن"ی ئەمریکی بۆ هەرێمی کوردستان خێراتر کردووە.
نەتەنیاهوو لە دادگا
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم دادگایە بە تۆمەتی گەندەڵی لە دۆسیەکانی (4000: بەرتیل لە کۆمپانیای بێزک)، (1000: وەرگرتنی دیاری و جگەرە)، و (2000: رێککەوتن لەگەڵ یەدیعوت ئەحرۆنۆت).
بۆ وردەکاریی زیاتر و ژمارە وردەکانی سەرژمێری، بینەری تەواوی بەرنامەکە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).