مالیکی نهێنیی تویتەکەی ترەمپ ئاشکرا دەکات

04 February 2026
مالیکی نهێنیی تویتەکەی ترەمپ ئاشکرا دەکات

لە بەرنامەی ئەمڕۆ  چوارشەممە 4-2-2026ی (رۆژی هیوا جەمال) دا، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار و جیاواز لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان گفتوگۆ کران. لە کێشەی ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ستەمی دارایی ساڵانی رابردوو، تاوەکو ململانێی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و گۆڕانی شوێنی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران بۆ عومان. هاوکات دۆسیەی "ئێپستاین" و ئامارە نوێیەکانی شێرپەنجە و زێڕ تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکە بوون.

کێشەی مووچە؛ بەغدا و هەولێر چاوەڕێی "ئاماژەیەک" دەکەن

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە کە لیستەکانی مووچەی مانگی یەک ئامادەن، بەڵام ناردنی پارەکە بەستراوەتەوە بە ناردنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت پارەکە ئامادەیە و تەنیا چاوەڕێی "ئاماژەیەک" لە بەغداوە دەکەن تاوەکو پارەکە بخەنە سەر هەژماری حکومەتی فیدراڵ و مووچە دابەش بکرێت.

راپۆرتێک: بۆ هەر دۆلارێکی قەرزی هەرێمی کوردستان، دەبێت ٢٦ دۆلار قەرزی عێراق بداتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی دارایی لەسەر ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٢٥ بڵاوکردەوە و تێیدا بەغدا بە "ستەمی دارایی" و "سزای بەکۆمەڵ" تۆمەتبار دەکات. بەپێی راپۆرتەکە، عێراق ساڵانە ٨.٧ تریلیۆن دینار لە پشکی هەرێم دەبڕێت بۆ خەرجییە سیادییەکان، و هەرێم ناچار کراوە ساڵانە ١.٦ تریلیۆن دینار بۆ قەرزە سیادییەکانی عێراق بدات.

سوودانی زەوی بە پزیشکانی پسپۆڕ دەدات و کارنامەکەی بە سەرکەوتوو دەزانێت

حکومەتی عێراق بڕیاری دا هەر پزیشکێکی پسپۆڕ بۆ ماوەی ٥ ساڵ لەو پارێزگایانە بمێنێتەوە کە پێویستیان بە پسپۆڕی هەیە، پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوونی پێبدرێت، بەڵام گواستنەوەی راژەی لێ قەدەخە کردن. محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا ٨٨٪ی کارنامەی حکومەتەکەی جێبەجێ کراوە.

مالیکی: کشانەوەی من هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەریی عێراق

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەتیکردەوە لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بکشێتەوە و رایگەیاند کە تویتەکەی ترەمپ دژی ئەو لەسەر بنەمای زانیاریی چەواشەکارانەی وڵاتانی ناوچەکە بووە. مالیکی ئاشکرای کرد کە سوودانی پێی گوتووە ئامادەیە بکشێتەوە و پشتگیری لەو بکات بۆ کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی. ئەوەش هەژەند بووە.

ئاستی چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی گەیشتە ٩٢%

سەرەڕای تۆمارکردنی ٣,١٤٥ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە ساڵی رابردوودا، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە رێژەی چاکبوونەوە لە شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی گەیشتووەتە ٩٢٪. ئەم رێژەیە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران بەرزترە و هاوتای وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیایە.

راهێنەرانی ئۆتیزم لە سلێمانی؛ ١٢ ساڵ خۆبەخشی و بێوەڵامی

٣٢ راهێنەری خۆبەخشی منداڵانی ئۆتیزم لە سلێمانی، ماوەی ١٢ ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن و بوون بە گرێبەست دەکەن. ئەوان دەڵێن بەشێک لەوانەی کراون بە گرێبەست "بە واستە" بووە و ئەوانیان فەرامۆش کردووە. وەزارەتی کاریش دەڵێت دامەزراندنیان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە.

کۆبانی لەژێر گەمارۆیەکی توونددایە و نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە

٥٠٠ هەزار کەس لە شارۆچکەی کۆبانی ماوەی سێ هەفتەیە لەژێر گەمارۆدان و تووشی کەمبوونی خواردن، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە. گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە ئاگاداری کەمکوڕییەکانن و هەوڵدەدەن هاوکاری بگەیێنن، بەڵام هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ شارەکە نەگەڕاونەتەوە.

ململانێی "پەنجەکان" لە حەسەکە و قامیشلۆ

بەرزکردنەوەی یەک پەنجە یان دوو پەنجە لە کاتی چوونی هێزەکانی دیمەشق بۆ حەسەکە و قامیشلۆ بووەتە باس و خواست. وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت مەبەست لە بەرزکردنەوەی یەک پەنجە ئەوەیە کە "سووریا یەکە"، بەڵام خەڵک و شەرڤانان بە نیشانەی سەرکەوتن (دوو پەنجە) وەڵامیان داونەتەوە.

دەمپارتی: لە تورکیا ئەشکەنجەدان بووە بە عەقڵییەت و سیستەم

گوڵستان کڵچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە پەرلەمانی تورکیا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵات و رایگەیاند کە منداڵێکی ١٣ ساڵان بەهۆی ئەشکەنجەی سەربازانەوە تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە. کڵچ گوتی: "لەو شوێنانەی سەرکردەکانی ئێمەی لێیە، غاز و فیشەکی پلاستیکی بەکاردەهێنن."

راپۆرتێک: زیاتر لە ٦ هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران کوژراون

رێکخراوی 'هەرانا' بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە کە لە خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردووی ئێران، ٦,٨٥٤ کەس کوژراون کە ١٥٢یان منداڵ بوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس دەستگیر کراون.

دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران لە تورکیاوە دەگوێزرێتەوە بۆ عومان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە ئێستا لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدان. سەرچاوە هەواڵییەکان دەڵێن کۆبوونەوەی رۆژی هەینی کە بڕیاربوو لە ئیستەنبوڵ بێت، گواستراوەتەوە بۆ سەڵتەنەی عومان و ترەمپیش دەڵێت: "تەنیا دەمانەوێت چەکی ئەتۆمییان نەبێت."

کۆشکی سپی: بژاردەی سەربازی دژی ئێران هێشتا لەسەر مێزە

گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند کە ترەمپ هەمیشە رێگەی دیپلۆماسی بەلاوە گرنگە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنی "میدنایت هامەر"ی ساڵی رابردوو نیشانی دا کە ئەمریکا دەتوانێت توانای ئەتۆمی ئێران لەناو ببات ئەگەر پێویست بکات.

گرژیی سەربازی لە کەنداو؛ فڕۆکەیەکی F-35 درۆنێکی ئێرانی خستە خوارەوە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی F-35 درۆنێکی 'شاهید'ی ئێرانی لە ئاسمانی کەنداو خستووەتە خوارەوە. هەروەها هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا رێگرییان لە بەلەمە خێراکانی ئێران کردووە کە ویستوویانە دەست بەسەر کەشتییەکی نەوتیدا بگرن.

شەڕەقسەی ترەمپ و پەیامنێری CNN لەسەر دۆسیەی ئێپستین

دۆناڵد ترەمپ لە ئۆفیسی هێلکەیی هێرشی تووندی کردە سەر کەیتلان کۆلینز، پەیامنێری CNN و بە "خراپترین رۆژنامەنووس" ناوی برد، ئەمەش دوای ئەوەی پەیامنێرەکە پرسیاری دەربارەی فایلەکانی ئێپستین و قوربانییەکان لێ کرد. ترەمپ رایگەیاند کە دۆسیەی ئێپستین پیلانێک بووە دژی ئەو.

وەزارەتی دادی ئەمریکا هەزاران فایلی دۆسیەی ئێپستین دەسڕێتەوە

دوای ئەوەی پارێزەرانی قوربانییەکان رایانگەیاند کە ناونیشانی ئیمەیڵ و زانیارییە کەسییەکانیان دزەی کردووە، وەزارەتی دادی ئەمریکا (DOJ) هەزاران بەڵگەنامەی لە ماڵپەڕەکەی سڕییەوە بۆ ئەوەی دووبارە وردبینییان تێدا بکاتەوە و ناوەکان رەش بکاتەوە.

دروشمێکی نوێ لە کۆشکی سپی؛ ترەمپ کڵاوی "America Is Back"ی پۆشی

دۆناڵد ترەمپ لە کاتی واژۆکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٦، کڵاوێکی سووری نوێی نیشاندا کە دروشمی "ئەمریکا گەڕایەوە!"ی لەسەر بوو. ترەمپ لەگەڵ مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، رایانگەیاند کە ئەمە قۆناغێکی نوێیە بۆ وڵاتەکە.

بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران؛ نرخی زێڕ بەرزبووەوە

دوای تووندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و هەر ئۆنسەیەک ١٢٤ دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە ٥,٠٨٠ دۆلار. هەروەها نرخی زیویش ئاستی ٨٦ دۆلاری تێپەڕاند.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).