رۆژی هیوا جەمال.. جێگرانی سەرۆک لە دهۆک دەبن

04 November 2025
رۆژی هیوا جەمال.. جێگرانی سەرۆک لە دهۆک دەبن

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، رۆژێکی پڕ لە رووداوی گرنگە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و جیهان. لە کاتێکدا تەنیا چوار رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشداریی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی، نمایشێکی جەماوەریی گەورە لە دهۆک ساز دەکات و هەڵمەتی "یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر" چڕ دەکاتەوە. هاوکات لە بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و سەرەڕای ئەوەی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە دەرەوەی کارنامەکە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. لەسەر ئاستی جیهانیش، سەرەڕای ئاگربەست، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی غەززە و لە نیویۆرکیش، کێبڕکێیەکی سەخت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی لەنێوان سێ بەربژێری جیاوازدا بەڕێوەدەچێت.

بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، پارتی ئەمڕۆ لە دهۆک نمایشێکی جەماوەری ساز دەکات

لە کاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتە لوتکە، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی، کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی گەورە لە یاریگەی دهۆک ساز دەکات و هەڵمەتی "یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر"ـی چڕتر دەکاتەوە.
بەرپرسانی پارتی لە دهۆک پێشبینی دەکەن زیاتر لە 50 هەزار کەس لە کەرنەڤاڵەکەدا ئامادەبن. پارتی کە لە خولی پێشوودا 8 کورسیی لە پارێزگاکە بەدەستهێناوە، ئەمجارە پلانی هەیە ژمارەی کورسییەکانی بۆ 9 کورسی و زیاتر بەرز بکاتەوە.
فەرهاد ئەتروشی، سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی دهۆک، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "کەس گومانی لەوە نییە کە پارتی لە سنووری پارێزگای دهۆک جەماوەرێکی زۆر گەورەی هەیە. لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوودا پارتی زیاتر لە 400 هەزار دەنگی لەم سنوورە بەدەستهێنا، کە ئەم ژمارەیە هێندەی کۆی دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە هەموو کوردستاندا."
ئەتروشی ستراتیژیی حزبەکەی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئاشکرا کرد و گوتی، لە دوای پارتی، گەورەترین هێز لە سنووری بادینان ئەو کەسانەن کە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن. ئەو گوتی: "دووەم حیزب لە دوای پارتی، ئەو کەسانەن کە دەنگ نادەن. ئێمە نزیکەی 780 بۆ 800 هەزار دەنگدەرمان هەیە، بەڵام ئەوەی بەشداری دەکات نزیکەی 550 بۆ 600 هەزار کەسە. پارتی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم دەنگدەرانە، لەگەڵ ئەو دەنگدەرانەی زیز بوون یان تووڕەن، بهێنێتە سەر سندووقی دەنگدان."

لە سنووری پارێزگای دهۆک 779 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 96%ی ئەو دەنگدەرانە کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. 59 بەربژێر لە لیست و لایەنە جیاوازەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 12 کورسیی پەرلەمان دەکەن.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ چارەنووسی مووچەی کوردستان لە دەرەوەی کارنامەکەیە

سەرەڕای ئەوەی پرسی ناردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نییە، بەڵام بڕیارە لە دەرەوەی کارنامەکە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشتر بەڵێنی بە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە داوە کە تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەکە بدات. بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرە کوردەکان پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، لەگەڵ سوودانی قسە بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە.

نەتەوە یەکگرتووەکان: چاودێریی هەڵبژاردنی عێراق ناکەین

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رووداوی راگەیاند، رێکخراوەکەیان مۆڵەتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی نییە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان تەنیا هاوکاریی تەکنیکیی بەهێز پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن و پرۆسەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان بە "پرۆسەیەکی نیشتمانیی عێراقی" ناوبرد.

سەرەڕای ئاگربەست، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی غەززە

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشیان کردەوە سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، بەتایبەتی شاری خان یونس لە باشووری کەرتەکە. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستێکی نێودەوڵەتی راگەیەندراوە. هاوکات، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن چڕبوونەتەوە و قەتەر و ئەمریکا کار لەسەر پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە.

گەنجێکی موسڵمانی لەدایکبووی ئۆگەندا نیویۆرک دەهەژێنێت؛ کێبڕکێی سەختی سەرۆکایەتیی شارەوانی بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دانیشتووانی نیویۆرک روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی. کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان زۆهران مەمدانی، گەنجێکی موسڵمانی چەپڕەوی تەمەن 34 ساڵ، ئەندرو کومۆی حاکمی پێشووی ناوزڕاو، و کورتیس سلیوای بەربژێری کۆمارییەکانە. مەمدانی، کە بەهۆی بەڵێنە بوێرەکانی و رووبەڕووبوونەوەی توندی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ناوبانگی دەرکردووە، بەپێی دواین راپرسییەکان لە پێش رکابەرەکانییەوەیە.

شاندێکی پەرلەمانی تورکیا بۆ فێربوون لە مۆدێلی ئاشتی سەردانی ئێرلەندای باکوور دەکات

شاندێکی کۆمیسیۆنی برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا، سەردانی ئێرلەندای باکووریان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە مۆدێلی سەرکەوتووی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی ئەو وڵاتە بکەن. ئامانجی سەردانەکە سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی ئێرلەندای باکوور بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان. پرۆسەی ئاشتیی ئێرلەندا، کە بە "رێککەوتنی هەینی پیرۆز" لە ساڵی 1998 کۆتایی بە دەیان ساڵ توندوتیژی هێنا، وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین نموونەکانی چارەسەریی ململانێی نەتەوەیی لە جیهاندا سەیر دەکرێت.

فاکت چێک: ڤیدیۆی سزادانی باوکێک لەلایەن کوڕەکەیەوە لە عێراق نییە

دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی ئازاربەخش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا کوڕێک بە شێوازێکی دڕندانە سزای باوکی دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکرا کە رووداوەکە لە عێراقە، بەشی فاکت چێکی رۆژی هیوا جەمال بەدواداچوونی بۆ ڤیدیۆکە کرد. دەرکەوت کە رووداوەکە راستە، بەڵام لە شاری ئابادانی ئێران روویداوە، نەک عێراق. دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، دەسەڵاتدارانی ئێران کوڕەکەیان دەستگیرکردووە و باوکەکەش گواستراوەتەوە بۆ خانەی بەساڵاچووان.

چارەسەرێکی شۆڕشگێڕانە لە چین؛ رێژەی سەرکەوتنی چارەسەری شێرپەنجەی زراو بۆ 75٪ بەرزبووەوە

زانایان لە نەخۆشخانەی زۆنگشانی سەر بە زانکۆی فودان لە شاری شانگهای چین، چارەسەرێکی نوێیان بۆ شێرپەنجەی پێشکەوتووی بۆریی زراو پەرەپێداوە کە رێژەی سەرکەوتنی لە 5%ـەوە بۆ 75% بەرزکردووەتەوە. چارەسەرە نوێیەکە بریتییە لە تێکەڵکردنی سێ شێواز: چارەسەری سڕکردنی بەستوو، چارەسەری بەرگری، لەگەڵ دەرمانێکی نوێی ئاراستەکراو. ئەم داهێنانە هیوایەکی نوێ بە نەخۆشانی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە سەرانسەری جیهاندا دەبەخشێت.

'قایمقامە باربییەکە' تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیای هەژاندووە

تووچە ئۆرهان، قایمقامی تازە دەستبەکاربووی شارۆچکەی لادیکی تورکیا، بووەتە باسوخواسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئۆرهان کە تەمەنی تەنیا 29 ساڵە، بەهۆی کەمیی تەمەن، سەرکەوتنە ئەکادیمییەکانی و شێوە سەرنجڕاکێشەکەی، لەلایەن بەکارهێنەرانەوە نازناوی "قایمقامی باربی" و "ساندرێلا"ـی لێنراوە. ئەو یەکێکە لە گەنجترین ئەو کەسانەی لە تورکیا پۆستێکی وا باڵای وەرگرتووە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).