ترەمپ مۆڵەت بە حەماس دەدات و نەخشەی کشانەوە بڵاودەکاتەوە؛ چاوی جیهان لەسەر غەززەیە
چاوی جیهان لەسەر غەززەیە، کە سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی کۆتایی بە حەماس دەدات و نەخشەی قۆناغی یەکەمی کشانەوەی ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە، لە کاتێکدا نێوەندگیرەکان لە قاهیرە کۆبوونەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا. لەلایەکی دیکەوە، دەنگی شمشاڵی کوردی هەوڵ دەدات سنوورەکان ببڕێت و وەک کەلەپوورێکی جیهانی لە یوونسکۆ تۆمار بکرێت، ئەمەش وەفایەکە بۆ وەسیەتەکەی قالە مەڕە. لە ناوخۆشدا، جووتیارانی هەولێر چاوەڕێی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیانن و قوتابییانیش چاوەڕوانی ئەنجامی زانکۆلاینن.
رۆژی هیوا جەمال ئەمرۆ زیاتر فۆکەسی خستە سەر پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە، هەواڵی نێوخۆیی و جیهانیش بەشێکی دیکەن لە بەرنامەی ئەمرۆی (رۆژی هیوا جەمال).
ترەمپ مۆڵەت بە حەماس دەدات: پەلە بکەن ئەگەرنا هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، مۆڵەتێکی کاتیی بۆ بزووتنەوەی حەماس دیاریکرد بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست، هاوکات نەخشەی قۆناغی یەکەمی کشانەوەی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و هۆشداریی دا کە "ئەگەرنا، هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" رایگەیاند: "پێزانینم هەیە کە ئیسرائیل بۆمبارانکردنی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە ئازادکردنی بارمتەکان." ترەمپ جەختی کردەوە کە سەبری نەماوە و گوتی: "پێویستە حەماس پەلە بکات، هیچ دواخستنێکم قبووڵ نییە... بەرگەی هیچ ئەنجامێک ناگرم کە تێیدا غەززە جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە."
هاوکات ترەمپ نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا کەرتی غەززە بە هێڵێک کراوە بە دوو بەشەوە و رایگەیاند: "ئیسرائیل رەزامەندیی داوە لەسەر هێڵی کشانەوەی سەرەتایی، کە لەم نەخشەیە نیشانمان داوە و نەخشەکەمان ناردووە بۆ حەماس." بە گوتەی ترەمپ، هەرکات حەماس رەزامەندیی نیشاندا، ئاگربەست دەستبەجێ کاری پێدەکرێت و ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان دەست پێدەکات.
بزووتنەوەی حەماس بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و رادەستکردنی ئیدارەی غەززە بە دەستەیەکی "سەربەخۆ" نیشانداوە، بەڵام داوای دانوستاندنی زیاتری کردووە. لەم نێوەندەدا، ئەمڕۆ دوو نێردەی ئەمریکا، جەیرێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، لە قاهیرە لەگەڵ بەرپرسانی میسر و لایەنەکان کۆدەبنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکان.
سەرەڕای ئەم جوڵە دیپلۆماسییە، دۆخی مرۆیی لە غەززە لەوپەڕی مەترسیدایە. رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە ئەمساڵ 400 حاڵەتی مردن بەهۆی بەدخۆراکییەوە تۆمارکراون، کە 101 یان منداڵ بوون. لەسەر زەویش، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل نەوەستاون، کە ئەمەش گومانی خستووەتە سەر راستگۆیی لایەنەکان.
ئەبوبەکر کاروانی: ئامانج کۆتاییهێنانە بە 'بەرەی بەرەنگاریی چەکداری'
ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتڤان، پێیوایە ئەو نەخشەڕێگایەی ئێستا لە ئارادایە، ئامانجە ستراتیژییەکەی زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا حەماس بگرێتەوە و دەڵێت: "ئامانجەکە کۆتاییهێنانە بە کۆی دیاردەی بزووتنەوەی بەر هەڵستکاریی ئیسلامی بەرامبەر ئیسرائیل و نەخشەی ئەمریکا لە هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست." ئەو پێیوایە ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی گەورەی لەسەر عێراق دەبێت، چونکە بەشێک لە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی "بەرەی بەرەنگاری"دان، بەڵام کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان کەمتر دەبێت.
کاوە داوەری دەیەوێت شمشاڵ لە یونسکۆ تۆمار بکات
شمشاڵ، ئەو ئامێرە فوودارە دێرینەی کورد کە زیاتر لە 3500 ساڵە دەنگی لەناوچەی میزۆپۆتامیادا دەزرنگێتەوە، ئێستا لەسەر رێگای بەجیهانیبوونە. د. کاوە داوەری، مامۆستای میوزیک و نووسەر، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەم ئامێرە وەک موڵکی کورد لە رێکخراوی یوونسکۆ تۆمار بکات.
کاوە داوەری، کە خاوەنی دوو کتێبی توێژینەوەیە لەسەر ئەم ئامێرە بە ناوەکانی (ئاوازی چیاوبا) و (Shmshal: Voice of the Mountain Breath) (شمشاڵ: دەنگی هەناسەی شاخ)، دەڵێت ئەمە جێبەجێکردنی ئەو پەیمانەیە کە 18 ساڵ لەمەوبەر بە مامۆستای کۆچکردوو، قالە مەڕەی داوە. شمشاڵ تەنیا ئامێری شایی و شیوەن نەبووە، بەڵکو لە دەرباری پاشاکان ژەنراوە و تەنانەت بۆ چارەسەری نەخۆشیی دەروونیش بەکارهاتووە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکان، وەسیەتی قالە مەڕەیە کە داوای کردبوو شمشاڵەکەی لە مۆزەخانەی هەولێر دابنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو وەسیەتە جێبەجێ نەکراوە و شمشاڵەکە لای بنەماڵەکەی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ شایستەی دارایی جووتیارانی هەولێر دابەش دەکرێت
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 20 ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگای هەولێر دابەش بکرێت، کە لە بەرامبەر وەرگرتنی گەنمەکانیانە. هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، سەرەتا ئەو جووتیارانە پارە وەردەگرن کە کەمتر لە 50 تۆن گەنمیان رادەست کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو 25 ملیار دینار بەسەر جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجەدا دابەشکرا و بڕیارە 12 ملیار دیناریش بۆ جووتیارانی دهۆک خەرج بکرێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا رێکارەکانی دهۆک تەواو نەبوون.
ئەنجامی زانکۆلاین کەی رادەگەیێندرێت؟
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، نزیکەی 54 هەزار قوتابی فۆڕمی زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە و ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە پێش، ئەنجامەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا رادەگەیێندرێن. ئەمساڵ زیاتر لە 57 هەزار دەرچووی پۆلی 12 مافی پڕکردنەوەی فۆڕمیان هەبوو و دەیانتوانی لە 680 بەشی 16 زانکۆی حکومی داواکاری پێشکەش بکەن.
دەم پارتی: جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی میت و وەزیرەکان کۆدەبینەوە
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، وەزیرانی داد، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی میت جارێکی دیکە بانگهێشتی لیژنەی "دیموکراسی و برایەتی" پەرلەمان دەکرێن. تەمەللی ئاشکرای کرد کە چەندین جار داوایان کردووە شاندێک سەردانی ئیمراڵی بکات بۆ گوێگرتن لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە نەخراوەتە کارنامەی لیژنەکەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای سەردانی شاندی ئیمراڵی، دەم پارتی لە زاری ئۆجەلانەوە رایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی رێگری لە مەترسی گەورە کردووە.
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان لە سووریا دوای رووخانی ئەسەد بەڕێوەدەچێت
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 9ی بەیانی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ئەنجوومەنی گەلی سووریا دەست پێبکات، کە یەکەم هەڵبژاردنە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد. پرۆسەی دەنگدان تەنها سێ کاژێر دەخایەنێت، بەڵام ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە. چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامە کۆتاییەکان لە ماوەی یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوودا رابگەیێندرێن.
فاکت چێک: بانگەشەی هەڵبژاردنی محەمەد داینی لە زیندانەوە راست نییە
وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایە محەمەد داینی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە زیندانەوە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە. دوای بەدواداچوونی تیمی فاکت چێکی رووداو، دەرکەوت کە هەواڵەکە راست نییە و ناوی ناوبراو لە لیستی بەربژێرانی بازنەی بەغدا نییە. داینی ئێستا سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن.
پەرلەمانی ئەوروپا یاسایەک دژی پاشماوەی جلوبەرگ دەردەکات
پەرلەمانی ئەوروپا یاسایەکی نوێی پەسەند کرد بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی چنین و خۆراک، کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری جلوبەرگ، بەتایبەتی مارکەکانی "فاست فاشن" وەک زارا و H&M، ناچار دەکات تێچووی کۆکردنەوە و ریسایکلکردنی بەرهەمەکانیان لە ئەستۆ بگرن. بەپێی ئامارەکان، بۆ دروستکردنی تەنیا یەک تیشێرتی لۆکە، 2700 لیتر ئاوی سازگار بەکاردەهێنرێت، کە بەشی خواردنەوەی کەسێکە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو.
لە ئوسترالیا یەک ملیۆن گوڵ نمایش دەکرێن
لە کانبێرای پایتەختی ئوسترالیا، فێستیڤاڵی ساڵانەی گوڵ بەناوی "فلۆریاد" دەستیپێکرد، کە تێیدا یەک ملیۆن گوڵ لە 13 باخچەی جیاوازدا نمایش دەکرێن. ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار رادەکێشێت و داهاتی ساڵی رابردووی زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلار بووە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).