هێزی دەریایی ئێران لە لێواری لەناوچووندا
لە شەشەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا"دا، تاران و ناوەندە ئایینییەکانی ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی بۆردوومان بوونەتەوە و ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە باس لە گیانلەدەستدانی نزیکەی هەزار کەس دەکەن. لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ نمرەی "15 لە 10" دەداتە سوپاکەی، هێزی دەریایی ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی ناوداری ئێرانی لە زەریای هیندی نوقم دەکات. هاوکات، لە عێراق دۆخی نائاسایی لە شەش پارێزگا راگەیێندراوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش هەواڵی پەرینەوەی هێزە کوردییەکان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان رەت دەکەنەوە.
شەپۆلێکی نوێی بۆردوومان تاران و پێنج شاری دیکەی هەژاند
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تارانی پایتەختی ئێرانیان بۆردوومان کردەوە و بنکەکانی ئەرتەشیان لە گەورە رێی تاران کردە ئامانج. هاوکات دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی بەندەر عەباس، مەلایر، کیش، جوانڕۆ و سنە بیستراوە.
سێ کارمەندی ئەنجوومەنی شارەزایان لە قوم کوژران
ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر نووسینگەکەیان لە شاری قوم، سێ کارمەندیان کوژراون. میدیای ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا بووە بۆ هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ.
کەشتیی "شانازیی ئێران" لە زەریای هیندی نوقم کرا
هێزی دەریایی سریلانکا تەرمی 87 سەربازی ئێرانی لە زەریای هیندی دەرهێنا، دوای ئەوەی کەشتیی جەنگیی (IRIS Dena) لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەمریکییەوە کرایە ئامانج و نوقم کرا. ئەم کەشتییە بە "شانازیی" هێزی دەریایی ئێران هەژمار دەکرا. سێنتکۆم دەڵێت تاوەکو ئێستا 17 کەشتیی ئێرانییان نوقم کردووە.
ئامارە ترسناکەکانی جەنگ؛ 926 کەس لە ئێران کوژراون
وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری بڵاوکردەوە: لە ماوەی پێنج رۆژدا 926 کەس کوژراون و 6,186 کەسیش بریندار بوون. لەنێو کوژراوەکاندا 180 منداڵ و کۆرپە هەن، کە بچووکترینیان تەمەنی تەنیا یەک ساڵ بووە لە تاران.
ئێران شەپۆلی 19یەمی هێرشە مووشەکییەکانی دەستپێکرد
سوپای پاسداران دەستپێکردنی شەپۆلی 19یەمی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 4)ی بە دروشمی "یا حەسەن ئیبن عەلی" راگەیاند. ئێران دەڵێت لە شەپۆلەکانی رابردوودا 10 درۆنی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە و سیستمێکی راداری پێشکەوتووی واشنتنیان لەناو بردووە.
پەیوەندیی تەلەفۆنیی بافڵ تاڵەبانی و عەباس عێراقچی
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. میدیای ئێران دەڵێت بافڵ تاڵەبانی سەرەخۆشیی "شەهیدبوونی رێبەری باڵا"ی کردووە، لە بەرامبەردا عێراقچی داوای هاوکاریی زیاتری کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.
هەرێمی کوردستان: هیچ کوردێکی عێراق نەپەڕیوەتەوە بۆ ئێران
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و فەرماندەکانی حزبەکانی رۆژهەڵات، ئەو هەواڵانەی میدیای ئەمریکییان رەتکردەوە کە باس لە پەڕینەوەی هێزی چەکدار لە باشوورەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە کە هیچ جووڵەیەکی زەمینی لە سنوورەکان نییە.
دۆخی نائاسایی لە شەش پارێزگای عێراق راگەیێندرا
بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و جەنگی ناوچەکە، لە پارێزگاکانی زیقار، دیالە، نەینەوا، بابل، بەسرە و سەلاحەدین دەوامی فەرمی و خوێندن کرا بە پشوو. هاوکات سوودانی فەرمانی دا بە لادانی سەرجەم بەرپرسانی هەواڵگری لە دەشتی نەینەوا.
کوژرانی جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران
میدیای ئێران رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی موحسین مەهدەوی کەلاتە، جێگری وەزیری ئیتڵاعاتیان لە شاری قوم گواستەوە، کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراوە.
ترەمپ: سوپای ئەمریکا نمرەی 15 لە 10ی هێناوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لەم جەنگەدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و نمرەی تەواوی پێدان. ترەمپ گوتی: "سەرکردایەتیی ئێران بە خێرایی لەناودەچێت."
پەیامی تەمومژاوی بۆ مۆبایلی چەکدارانی حەشد دەچێت
هەزاران چەکداری حەشدی شەعبی نامەی تێکستییان لە ژمارەی نەناسراوەوە پێگەیشتووە کە تێیدا هانیان دەدەن چەکەکانیان دابنێن و دەڵێن سەرکردەکانیان پشتیان تێکردوون. ئەمە وەک جەنگێکی دەروونیی دەزگا هەواڵگرییەکان دەبینرێت.
فراکسیۆنی پارتی: هێرشی میلیشیاکان شکۆی دەوڵەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و داوای لە بەغدا کرد سنوورێک بۆ چەکی بێکۆنتڕۆڵ دابنێت کە ئاسایشی هاووڵاتیانی خستووەتە مەترسییەوە.
چین گەورەترین کۆبوونەوەی سیاسیی ساڵ ئەنجام دەدات
بە ئامادەبوونی 5 هەزار پەرلەمانتار و سەرۆکی چین، کۆنگرەی نیشتمانیی گەل لە پەکین دەستیپێکرد. چین ئامانجی گەشەی ئابووریی بۆ ساڵی 2026 بە 5% دیاری کرد. تۆڕی میدیایی رووداو تاکە میدیای ناوچەکەیە کە لەوێ ئامادەیە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).