ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران؛ رزگارکردنی فڕۆکەوانەکان و مۆڵەتە کۆتاییەکەی ترەمپ

05 April 2026
ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران؛ رزگارکردنی فڕۆکەوانەکان و مۆڵەتە کۆتاییەکەی ترەمپ

لە 37ـەمین رۆژی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، گۆڕانکارییە دراماتیکییەکان گەیشتوونەتە لووتکە، لە لایەکەوە دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی توندی 48 کاژێریی بۆ داخستنی دۆسیەی گەرووی هورمز راگەیاندووە و لە لایەکی دیکەوە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی "پەرجوو ئاسا"دا دووەم فڕۆکەوانیان لە نێو جەرگەی چیاکانی ئێران رزگار کرد، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر تاران و ئەسفەهان، ئێران هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو چڕکردووەتەوە و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.

رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ئەمریکی لە نێو خاکی ئێران

دوای پێنج کاژێر لە پۆستێکی جاک مێرفی، رۆژنامەنووس و سەربازی پێشووی ئەمریکی، هەواڵی رزگارکردنی دووەم ئەفسەری فڕۆکەوانی ئەمریکی پشتڕاستکرایەوە، ئەفسەرەکە کە پلەکەی عەقیدە، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی توانیبووی خۆی لە هێزە ئێرانییەکان بشارێتەوە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکەدا شەڕەتەقەیەکی قورس روویداوە و باس لە کوژرانی 23 ئەندامی سوپای پاسداران دەکرێت.

ترەمپ: ئۆپەراسیۆنەکە "پەرجوو" بوو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە فڕۆکەوانە رزگارکراوەکە تەندروستی جێگیرە. ترەمپ ئاشکرای کرد کە رزگارکردنی ئەم ئەفسەرە "یەکێک بوو لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی مێژوو" و ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی پێشتریش فڕۆکەوانێکی دیکە رزگار کراوە، بەڵام بۆ پاراستنی گیانی ئەمەی دووەم، هەواڵەکەیان بە نهێنی هێشتبووەوە.

چیرۆکی رزگارکردنی فڕۆکەوانی F-15

فڕۆکەوانێکی ونبووی F-15 توانیویەتی بە ناردنی ئاماژەی (beacon) شوێنی خۆی دیاری بکات، لە کاتی گواستنەوەیدا دوو فڕۆکەی گواستنەوەی ئەمریکی پەکیان کەوتووە، بەڵام هێزە ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمن، فڕۆکە پەککەوتووەکانیان تەقاندووەتەوە و بە فڕۆکەی نوێ فڕۆکەوانەکە و تیمە تایبەتەکانیان رزگار کردووە.

وەزارەتی دارایی: ناردنی 120 ملیار دینارەکە نادیارە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەری زۆرە ئەم مانگە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا نەکرێت، چونکە بەهۆی بارودۆخی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە داهاتی پێویست بەردەست نییە، شاندی پارتی لەگەڵ سوودانی ئەم پرسەیان تاوتوێ کردووە، بەڵام تەیف سامی جەخت لە پابەندبوون بە بڕیارەکان دەکاتەوە.

شاندێکی هەرێمی کوردستان لەبارەی "ئەسیکۆدا" دەچێتە بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح بچێتە بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە سنوورییەکان، مەسرور بارزانی پێشتر رایگەیاندبوو کە هەرێمی کوردستان رازییە بە جێگیرکردنی سیستمەکە بەو مەرجەی لە رێگەی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

روونکردنەوە لەسەر خاوی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایدەگەیێنێت کە خاوی ئینتەرنێت پەیوەندی بە جۆری ئەو پاکێجانەوە هەیە کە هاووڵاتییان بەکاری دەهێنن، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت بۆ خوێندنی ئۆنلاین پێویستە پاکێجی مێگابیتی بەهێز بەکاربهێندرێت.

دابینکردنی سووتەمەنی بۆ نانەواخانەکانی دهۆک

بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی نان، حکومەت لە دهۆک گازی بە نرخێکی گونجاو بۆ نانەواخانەکان دابین کردووە، قایمقامی دهۆک دووپاتی کردەوە کە رێگە نادەن هیچ بارگرانییەک بۆ سەر شانی هاووڵاتییان دروست بێت.

تەقینەوەی بەهێز لە ئەسفەهان و تاران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک تەقینەوەی گەورە ئەسفەهان و تارانی هەژاندم چەندین خاڵی ستراتیژی لەوانە "چیای سەفە" کراونەتە ئامانج و دەگوترێت بۆمبی "حەشارگەشکێن" لە هێرشەکاندا بەکارهاتووە.

مانگی سووری ئێران: 16 ناوچەی مەدەنی کراونەتە ئامانج

بەپێی راپۆرتی مانگی سووری ئێران، لە 24 کاژێری رابردوودا ئەمریکا و ئیسرائیل 16 ناوچەیان لە تاران، هورمزگان، خوزستان و بوشەهر بۆردوومان کردووە، کە تێیدا زانکۆ و کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی پترۆکیمیایی هەبوون.

سوپای پاسداران: درۆنێکی MQ-9ـمان خستە خوارەوە

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانییان توانیویەتی درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە ئاسمانی ئەسفەهان تێکبشکێنێت.

پەیامە توندەکەی ئیسماعیل قائانی بۆ ئەمریکا

فەرماندەی فەیلەقی قودس رایگەیاند کە هێزە ئەمریکییەکان چارەنووسیان تەنها "راکردن" دەبێت. قائانی سووکایەتی بە کەشتی فڕۆکەهەڵگری (جێراڵد فۆرد) کرد و گوتی لە ترسی یەمەنییەکان جورئەتی نەکردووە بچێتە ناو گەرووی بابولمەندەب.

دەستگیرکردنی حەمیدە ئەفشار و سزادانی خزمەکانی سولەیمانی و لاریجانی

حەمیدە ئەفشار بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا گاڵتە بە داواکردنی هاوکاری لە ترەمپ دەکات، دەستگیرکرا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مافی نیشتەجێبوونی لە کچ و خوشکەزای قاسم سولەیمانی و کچەکەی عەلی لاریجانی و هاوژینەکەی وەرگرتەوە و چوونە ناو خاکی ئەمریکای لێ قەدەخە کردن.

هێرشی توند بۆ سەر وڵاتانی کەنداو؛ کوێت و ئیمارات کرانە ئامانج

ئێران هێرشەکانی بۆ سەر کوێت و ئیمارات و بەحرێن پەرەپێداوە. لە ئیمارات 13 کەس کوژراون و سەدان کەس بریندارن، وەزارەتی بەرگری ئیمارات دەڵێت رووبەڕووی دەیان مووشەک و درۆن بوونەتەوە کە پاشماوەی هەندێکیان بەر ناوچەی مارینا لە دوبەی کەوتووە.

بۆردوومانکردنی حەشدی شەعبی لە خورماتوو

لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەی حلێوە لە خورماتوو کرایە ئامانج، حەشدی شەعبی دەڵێت زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی زۆر بووە.

توندروستی ئیسرائیل ئاماری بریندارەکانی راگەیاند

تەندروستی ئیسرائیل رایگەیاند کە زیاتر لە شەش هەزار و 700 برینداریان هەیە، هاوکات ئامارەکان ئاشکرای دەکەن کە 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 303 سەربازی دیکەش بریندار بوون.

مۆڵەتە 48 کاژێرییەکەی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتێکی دیکەی تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە داوەتە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، ترەمپ هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئەمە جێبەجێ نەکرێت، "دۆزەخ" بەسەر ئێرانییەکاندا دەبارێنێت و تەواوی ژێرخانی وزە و ئاویان لەناو دەبات.

شکستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاسایشی گەرووی هورمز

کۆبوونەوەی ئۆنلاینی 40 دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، پێشنیازەکەی ئیتاڵیا بۆ "رێڕەوێکی مرۆیی" پشتگیری لێ نەکرا و ئەوروپییەکان هێشتا دوودڵن لە رەوانەکردنی هێزی سەربازی.

زانیاری زانستی؛ جیاوازی نێوان بۆمبی ئەتۆمی و هایدرۆجینی

لە راپۆرتێکی تایبەتدا، تیشک خرایە سەر مەترسییەکانی چەکی ناوەکی. بۆمبی ئەتۆمی پشت بە "لەتبوونی ناوەکی" دەبەستێت، بەڵام بۆمبی هایدرۆجینی کە زۆر بەهێزترە، پشت بە "یەکگرتنی ناوەکی" دەبەستێت. مەترسیدارترین بەشی ئەم چەکانە تیشکدانەوەی "گاما"یە کە دەبێتە هۆی گۆڕانی جینات و شێرپەنجە.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).