ئاگربەستێکی کاتی لە ناوچەکە و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەسیکۆدا

08 April 2026
ئاگربەستێکی کاتی لە ناوچەکە و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەسیکۆدا

لەم گەشتە هەواڵییەی (رۆژی هیوا جەمال)، تیشک دەخەینە سەر گرنگترین گۆڕانکارییەکانی رۆژ؛ لە کاتێکدا هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و داهاتە نانەوتییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی نوێ، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی 14 رۆژە لەنێوان واشنتن و تاران راگەیێندراوە، ئەمەش دوای شەپۆلێکی توندی بۆردومان کە ژێرخانی وزەی ئێرانی کردە ئامانج. 

رێککەوتنی نوێی هەولێر و بەغدا؛ گرێکوێرەی مووچەی ئادار کرایەوە

بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، هەولێر و بەغدا رێککەوتوون کە 50٪ی داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئادار رەوانەی بەغدا بکرێت. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا مووچە بگاتە دەستی فەرمانبەران.

لیژنەی هاوبەشی دارایی کۆدەبێتەوە؛ کێشەی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەیەکی تەکنیکی و یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی گرفتی بازرگانان و جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا". دوای ئەوەی کۆبوونەوەی پێشوو بێ رێککەوتن کۆتایی هات، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بە بەشداریی وەزیری دارایی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر تێبینییەکانی هەولێر بدرێت.

عەلوەکان لە تەنگژەدان؛ کەمبوونەوەی هاوردە و گرانبوونی نرخەکان

بەهۆی بارودۆخی جەنگ و قەدەخەی هەناردە لەلایەن ئێرانەوە، بڕی هاتنی سەوزە و میوە بۆ عەلوەکانی هەرێمی کوردستان 50٪ کەمیکردووە، ئەم دۆخە وایکردووە نرخی تەماتە بۆ دوو هەزار دینار و کارتۆنێک مۆز بۆ 27 هەزار دینار بەرز ببێتەوە، کە بارگرانییەکی زۆری بۆ هاونیشتمانیان دروست کردووە.

هۆشداریی بەپەلە لە سلێمانی؛ 90 حاڵەتی تووشبوون بە "کرمی جگەر"

تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە لە خواردنی سەوزەی "کووزەڵە" دووربکەونەوە. تەنیا لە دوو مانگی رابردوودا 90 حاڵەتی تووشبوون بە کرمی جگەر تۆمارکراون کە زۆربەیان لە سنووری هەڵەبجە و ڕاپەڕینن، ئەگەری قەدەخەکردنی فرۆشتنی ئەو سەوزەیە لە ئارادایە.

ئاگربەستێکی 14 رۆژی نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیێندرا

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رایگەیاند کە ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاگربەستێکی گشتگیر رێککەوتوون. شەریف بانگهێشتی هەردوولای کردووە بۆ شاری ئیسلام ئاباد لە رۆژی هەینی 10ـی نیسان، تاوەکو دەست بە دانوستانی ورد بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

ئێران رازی بوو بۆ ماوەی 14 تەنگەی هورمز بکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران رابگرێت، ئەم بڕیارە دوای تەلەفۆنێکی سەرۆکوەزیرانی پاکستان هات، مەرجی سەرەکیی ترەمپ بۆ ئەم ئاگربەستە، کردنەوەی تەواوەتی و بێ مەرجی تەنگەی هورمزە بەڕووی کەشتیوانیدا.

قەیرانی دارایی پاکستان؛ نێوەندگیرییەک لەپێناو مانەوە

پاکستان لە ناو جەنگێکی دارایی تونددایە و دەبێت تا مانگی حوزەیران 4.8 ملیار دۆلار قەرز بداتەوە، ئیسلام ئاباد هەوڵ دەدات لە رێگەی نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن، سەقامگیریی ئابووریی خۆی بپارێزێت و گەرەنتیی هاوکاریی وڵاتانی دۆست و درێژکردنەوەی ماوەی قەرزەکانی بکات.

ئیسرائیل پیشوازی لە ئاگربەست دەکات

نوسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ نیشاندا، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم ئاگربەستە دوو هەفتەییە بە هیچ شێوەیەک بەرەی لوبنان ناگرێتەوە و ئۆپەراسیۆنەکانیان لەوێ بەردەوام دەبن.

موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشەکانی رادەگرێت

گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، بڕیاریاندا هاوشانی تاران بۆ ماوەی 14 رۆژ هەموو هێرشەکانیان رابگرن، ئەم گرووپانە لە سەرەتای جەنگەوە 831 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و نێردە دیپلۆماسییەکان و هەرێمی کوردستان.

باهۆزی پێش ئاگربەست؛ کڵپەی ئاگر لە ژێرخانی پیشەسازیی ئێران

تەنیا چەند کاژێرێک پێش رێککەوتنەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل توندترین هێرشیان کردە سەر ئێران. کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی ماهشەهر، کارگەی ئەلەمینیۆمی ئەراک و هێڵە ئاسنینەکان لە نۆ پارێزگای جیاوازی ئێران بۆردومان کران و زیانێکی زۆری مادییان بەرکەوت.

ئاڵۆزییەکانی بەسرە؛ هێرشکرایە سەر کۆنسوڵخانەی کوێت

لە پەرچەکردارێکی تونددا بەرامبەر کوژرانی سێ چەکداری حەشدی شەعبی لە زوبێر، خۆپێشاندەران لە بەسرە هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی کوێت. ئەمەش دوای ئەوە هات کە گومان دەکرێت ئاسمانی کوێت بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکەی حەشد بەکارهێنرابێت.

چیرۆکی عەبدوڵڵا؛ حەوت مانگ راکردن بەدوای تانکەرە دزراوەکاندا

عەبدوڵڵا ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی سەیدسادق، حەوت مانگە لە دادگاکانە بۆ وەرگرتنەوەی تانکەرەکانی. عەبدوڵڵا کەوتبووە داوی فێڵی دوو کەس کە وەک مەندووب خۆیان ناساندبوو، دواتر تانکەرەکانیان لێ دزیبوو و ڕەنگیان گۆڕیبوون تاوەکو بە قاچاخ بیانوفرۆشن. ئێستا ئەو تەنیا داوای دادپەروەری دەکات.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).