شەهیدبوونی خێزانێک لە هەولێر
پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی جەنگ بکاتەوە
لە بەرنامەی ئەمڕۆی (رۆژی هیوا جەمال)، کۆمەڵێک دۆسیەی گەرم و هەستیار تاووتوێ کران، سەرەکیترینیان هێرشی درۆنی بۆ سەر سنووری هەولێر و شەهیدبوونی دوو هاونیشتمانی سڤیل بوو. هاوکات، دوایین ئامارەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، پەککەوتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق، سزای لەسێدارەدانی گەنجێکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە نوێیەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تەوەرە سەرەکییەکانی بەرنامەکە بوون.
درۆنێکی ئێران ماڵێکی لە سنووری هەولێر وێران کرد
درۆنێک کە لە نێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی "زەرگەزەوی"ی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە قەزای بەحرکە کەوت. بەپێی راگەیێندراوی دژە تیرۆری کوردستان و لێدوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەم هێرشەدا هاونیشتمانییەک بە ناوی (مووسا ئەنوەر رەسووڵ) و هاوژینەکەی بە ناوی (مژدە ئەسعەد حەسەن) شەهید بوون. سێ درۆن ئاراستەی ناوچەکە کرابوون؛ دووانیان لە چۆڵەوانی کەوتوونەتە خوارەوە و سێیەمیان کارەساتەکەی خولقاندووە.
پەرلەمانی عێراق: قوربانیانی بۆردوومانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازێکی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد بۆ ڕاسپاردنی حکومەت بە مەبەستی دابینکردنی زەوی و قەرەبووی دارایی بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی بۆردوومانەکان. ئەم بڕیارە هێزە ئەمنییەکان، حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی مەدەنی دەگرێتەوە کە لە ئەنجامی ململانێی سەربازیی نێوان (ئیسرائیل و ئەمریکا) لەگەڵ (ئێران) زیانیان پێگەیشتووە.
سزای لەسێدارەدان بۆ گەنجێکی 19 ساڵانی بۆکان دەرکرا
لقی یەکی دادگەی شۆڕشی مهاباد سزای لەسێدارەدانی بۆ (موحسین ئیسلام خاه) دەرکرد. ئەم گەنجە کە تەمەنی تەنیا 19 ساڵە، یەکێک بووە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 و تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی "بەسیج"ی دراوەتە پاڵ. بەپێی رێکخراوی هەنگاو، موحسین کاتێک دەستبەسەر کراوە تەمەنی تەنیا 16 ساڵ بووە، لە هەمان دۆسیەدا سزای لەسێدارەدان بۆ دوو کەسی دیکەش دەرچووە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پرسی چاکسازیی دارایی
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، کارنامەی کۆبوونەوەکە چاکسازیی دارایی، کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات لەخۆدەگرێت. هەرچەندە بڕگەیەکی تایبەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان جێگیر نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەژێر بڕگەی چاکسازییە داراییەکان و لە رێگەی وەزیرە کوردەکانەوە، ئەو پرسە و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تاووتوێ بکرێن.
پاداشتی شاهانە بۆ یاریزانانی عێراق، دوای گەیشتن بە مۆندیال
دوای سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پاداشتی ناوازە بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی پەسەند دەکات، پاداشتەکان بریتین لە: پێدانی یەکەی نیشتەجێبوونی 400 مەتری لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بۆ ماوەی 8 ساڵ، ناونانی شەقامێکی بەغدا و خولەکانی دەرچوونی زانکۆ بە ناوی یاریزانان و دروستکردنی دیواربەندی نیشتمانی.
ئەنبار لە نێوان بۆردوومانی ئەمریکا و شەڕی هۆزەکاندا
لە 24 کاژێری رابردوودا، پێگەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار زیاتر لە 8 جار لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون، کە زیانی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە. هاوکات لە قەزای قائیم، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوو هۆزی "جەغایفە" و "ئەلبوومەحەل" دروستبووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون. هێزە ئەمنییەکان قەدەخەی هاتووچۆی گشتییان لە قەزاکە راگەیاندووە.
بەرگریی ئاسمانیی عێراق؛ 48 سیستەمی "پێنتسێر" بۆچی بێدەنگن
سەرەڕای خەرجکردنی 11 ترلیۆن دینار و کڕینی 48 یەکەی سیستەمی Pantsir-S1 لە رووسیا، ئاسمانی عێراق هێشتا بە ڕووی درۆن و مووشەکە بیانییەکاندا کراوەیە، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەندەڵی لە گرێبەستەکان و "ڤیتۆی ناڕەسمی" ئەمریکا رێگرن لەوەی عێراق ببێتە خاوەنی بەرگرییەکی ئاسمانیی مەودا دوور، ئێستا عێراق تەنیا خاوەنی سیستەمی مەودا کورت و ناوەندە کە ناتوانێت رووبەڕووی فڕۆکە پێشکەوتووەکانی وەک F-35 ببێتەوە.
تەقینەوەی بەهێز تاران و شارەکانی دەوروبەری هەژاند
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 3:00، زنجیرەیەک تەقینەوەی زۆر بەهێز تاران، کەرەج و چەند شارێکی دیکەی ئێرانی هەژاند. هاونیشتمانیان باس لە لەرینەوەی باڵەخانەکان و شکانی شووشەی پەنجەرەکان دەکەن، لە هەندێک ناوچە وەک "پەردیس"، دەنگی تەقینەوەکان وەک "بۆمبی سەنگەرشکێن" وەسف کراون و بوونەتە هۆی پچڕانی کارەبا.
سێنتکۆم: 13 هەزار ئامانجمان لە نێو خاکی ئێران پێکاوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماری ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"ی بڵاوکردەوە. لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 13 هەزار ئامانج لە ناو خاکی ئێران بۆردوومان کراون و 155 کەشتی و ژێردەریایی تێکشکێندراون، ئەمریکا لەم جەنگەدا پێشکەوتووترین فڕۆکە و درۆنەکانی وەک B-2 Stealth و F-22ی بەکارهێناوە.
ئێران: 2.4 ملیار دۆلار زیانمان لە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا داوە
میدیای ئێران دەڵێت لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆ 4"، توانیویانە زیانی زەبەلاح بە ئەمریکا بگەیێنن. بەپێی ئامارەکان، تێچووی زیانەکانی ئەمریکا 2 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، کە گرینگترینیان پێکان و زیانگەیاندنە بە فڕۆکەیەکی F-35 و خستنەخوارەوەی 17 درۆنی جۆری MQ-9 Reaper.
ترەمپ هەڕەشەی زیندانیکردن لە رۆژنامەنووسێک دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، هەڕەشەی لەو رۆژنامەنووسە کرد کە هەواڵی رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی لە ئێران بڵاوکردبووەوە. ترەمپ داوای لێکرد سەرچاوەی هەواڵەکەی ئاشکرا بکات، ئەگینا زیندانی دەکات. ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی توند لە هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر میدیا سەیر دەکرێت.
ئێران پێشنیازی ئاگربەستی 45 رۆژەی رەتکردەوە
تاران پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی کە لەلایەن میسر، پاکستان و تورکیاوە ئامادەکرابوو، رەتکردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە وادەی ترەمپ بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز نزیک دەبێتەوە (بەرەبەیانی چوارشەممە کاژێر 3:00 بەکاتی هەولێر). ئێران چوار جۆری ئاگربەستی رەتکردووەتەوە و گرژییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان.
ململانێی یاسایی و سەربازی لەسەر تەنگەی هورمز
ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کە ئەندامی رێککەوتننامەی UNCLOS نین، لە ململانێیەکی قورسدان لەسەر تەنگەی هورمز، فەرەنسا دەڵێت بژاردەی سەربازی بۆ کردنەوەی تەنگەکە "ناواقیعییە". ئێران پڕۆژەی "رێکخستنەکانی ئاسایشی تەنگە" لە پەرلەمان تاووتوێ دەکات کە کۆنتڕۆڵی تەواوی رێڕەوەکە دەداتە تاران. شارەزایان باس لە بژاردەی "ناوچەی خۆڵەمێشی" دەکەن وەک سیناریۆیەک بۆ دۆخەکە، بەڵام یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگرن لەو هەنگاوانەی ئێران.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).