لە ئۆهایۆوە بۆ لالەزار.. چیرۆکی سەربازێکی ئەمریکی کە لە ئاسایشی سلێمانی زیندانە
بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال ئەمڕۆ کۆمەڵێک بابەتی گرنگی رۆژی لەخۆ گرتبوو، هەر لە بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و زانستییەوە تاوەکو ئایینی.
سەرەتا بەرنامە بە کۆمەڵێک بابەتی گەرمی سیاسی دەستپێدەکات، بەتایبە کە دوو هەفتەیە رووداوی هێرشکردنە سەر لالەزار لە سلێمانی بە پاساوی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی گەرمە.
پشێوییەکانی سلێمانی: راپۆرتی مافی مرۆڤ و چارەنووسی راهێنەرە ئەمریکییەکە
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر رووداوەکەی "لالەزار" لە سلێمانی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی تونددا کە ئاڕاستەی چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و نوێنەرانی وڵاتانی کردووە، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە. دەستەکە ئاشکرای دەکات کە پرۆسەی دەستگیرکردن و هەڕەشەکردن دژی ئەندامانی "بەرەی گەل" و کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەزگا ئەمنییەکان زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی کوژراوانی رووداوەکە ئاشکرا ناکەن، ئەمەش گومانی لەسەر شێوازی کوشتنیان دروست کردووە. هاوکات، دەستەکە گومانی هەیە لە ئەشکەنجەدانی ئەو دەستگیرکراوانەی بێسەروشوێنن و لەلایەن هێزەکانی "دژە تیرۆر" و "کۆماندۆ"وە دەستبەسەرن، چونکە رێگە بە کەسوکار و تیمەکانی مافی مرۆڤ نادرێت بیانبینن. یەکێک لە رێگرییەکان، رێگەنەدان بووە بە د. مونا، سەرۆکی دەستەکە، بۆ سەردانیکردنی لاهور شێخ جەنگی. دەستەکە هەروەها ئاماژە بە دەستبەسەراگرتنی "هەڕەمەکییانە"ی موڵک و ماڵی ناوبراو و نادیاریی چارەنووسی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی هیوا جەمال زانیاری لەبارەی براین ویڵسن، ئەو ڕاهێنەرە سەربازییە ئەمریکییە ئاشکراکردووە کە لە هەمان رووداودا دەستگیرکرا. ویڵسن، کە پێشتر لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا خزمەتی کردووە، لە ساڵی 2014 چووەتە رۆژئاوای کوردستان و پەیوەندی بە یەپەگەوە کردووە بۆ شەڕی دژی داعش. گوتەبێژی ئاسایشی هەرێم رایگەیاندووە کە ویڵسن دانی بەوەدا ناوە کە وەک کەسێکی بەکرێگیراو مەشق و ڕاهێنانی بە "هێزێکی میلیشیای نایاسایی" بە ناوی "هێزی دووپشک" کردووە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە.
سلێمانی لەنێوان دوو گوتاری دژبەیەکدا
رۆژی هیوا جەمال تیشکی خستە سەر دیمەنێکی پارادۆکس، شاری سلێمانی لە یەک رۆژدا دوو وێنەی تەواو جیاوازی پێشکەش کرد. لەلایەک، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە شانازییەوە خەڵاتی ناساندنی شارەکەی وەک "پایتەختی دیالۆگ و پێکەوەژیان" بۆ جاری حەوتەم وەرگرت و داوای کرد "وێنە پەسەندکراوەکەی تەڵخ نەکرێت." لە بەرامبەردا، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ، لە پەیامێکی توڕەدا رەخنەی لە "هێرشە خوێناوییەکەی لالەزار" گرت و ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بەوەی "لولەی تۆپخانە و زرێپۆش بکرێتە رۆڵەی کورد" و "رۆژنامەنووس و رەخنەگر بکرێتە کونجی زیندان." ئەم دوو گوتارە دژبەیەکە پرسیاری لەسەر واقیعی ڕاستەقینەی ئازادی و دیالۆگ لە شارەکەدا دروست کردووە.
رووداوە هەرێمییەکان: کۆڕبەندی وزە لە بەغدا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
رۆژی هیوا جەمال هەندێ رووداوی هەرێمیی خستنەڕوو، ئەمڕۆ (06/9/2025)بەغدا میوانداریی کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی وزە دەکات، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و رێکخراوە جیهانییەکان بەشدارن. کۆڕبەندەکە لە کاتێکدایە کە چارەنووسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە راگیرانی، هێشتا نادیارە و ناکۆکی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان بەردەوامە.
لەتورکیاش، جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، رایگەیاندووە کە نزیکەی 70٪ی خەڵک پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن. ناوبراو سێ ئەرکی سەرەکیی لیژنە پەرلەمانییەکەی ئاشکرا کرد کە بریتین لە: ئامادەکردنی یاسای گەڕانەوەی گەریلاکان، چارەسەرکردنی دۆخی زیندانیان، و گۆڕینی تێڕوانینی "تیرۆریست" بۆ سەر ئەندامانی پەکەکە.
پەرەسەندنەکانی غەززە و هەڕەشەکانی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە لە "دانوستانێکی زۆر قووڵدان" لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئازاد نەکرێن "دۆخەکە سەخت دەبێت." لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل شێوازی نوێی بۆ ناچارکردنی خەڵکی غەززە بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان گرتووەتەبەر، لەوانەش بەکارهێنانی "سندوقی تەقینەوە" کە لە رێگەی درۆنەوە دەخرێنە سەر ماڵەکان بۆ لەناوبردنی سەرچاوەکانی ژیان وەک تانکیی ئاو و پانێڵی خۆر.
هەواڵی جۆراوجۆر لە جیهانەوە
رۆژی هیوا جەمال بەردەوام هەواڵ و زانیاریی جۆراوجۆری هەیە ئەمڕۆ چەند هەواڵی جیاوازی هەبوون؛
•دۆزینەوەی زانستی: زانایانی ئەمریکی و ئەورووپی لەژێر ئاوی سوێری زەریای ئەتڵەسیدا، دەریایەکی ئاوی شیرینیان دۆزییەوە، کە هەندێک کەس وەک سەلماندنی دوو ئایەتی قورئان لێکی دەدەنەوە کە باس لە بوونی بەربەست لەنێوان دوو دەریادا دەکەن.
•یادی مەولوود لە تاران: سەدان کورد بە جلوبەرگی نەتەوەیی و لێدانی دەف، بەشدارییەکی بەرچاویان لە ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە تارانی پایتەختی ئێران کرد.
•تۆمارێکی نوێی شاخەوانی: پیاوێکی ژاپۆنی بە ناوی کۆکیچی ئاکوزاوا، لە تەمەنی 102 ساڵیدا، توانی بەسەر چیای فوجی بە بەرزیی 3776 مەتردا سەربکەوێت و ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە وەک بەتەمەنترین کەس کە ئەو کارەی کردبێت.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).