تاران لەژێر ئاگری 'توڕەیی داستانئاسا'

07 March 2026
تاران لەژێر ئاگری 'توڕەیی داستانئاسا'

ئەمڕۆ شەممە، ٧ی ئاداری ٢٠٢٦، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێ دەنێتە هەشتەمین رۆژییەوە. لەکاتێکدا تاران و پارێزگاکانی ئێران رووبەڕووی قورسترین شەپۆلی بۆردوومان بوونەتەوە، لە هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە ٢٧٤ ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی بەشێک لە توێژەکان. لەسەر ئاستی سەربازیش، هەوڵێکی هێرشی درۆنی بۆ سەر سلێمانی و هەولێر پوچەڵکرایەوە و لە عێراقیش گروپە چەکدارەکان و رەوتی سەدر ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێ دەکەن.

مووچە: ٢٧٤ ملیار دینار گەیشتە هەرێمی کوردستان

بڕی ٢٧٤ ملیار و ٩٦٢ ملیۆن دینار وەک مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست گەیشتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم. وەزارەتەکە دەڵێت چاوەڕوانی گەیشتنی ته‌واوكاریی بڕە پارەکەن بۆ راگەیاندنی لیستی گشتی. هەروەها دڵنیایی دەدەن کە ئامێرەکانی ATM بەهۆی هەبوونی سیستەمی UPS لە کاتی بڕانی کارەبادا ناوەستن.

ئاسایشی سلێمانی: درۆنێک تێکشکێندرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر ٥:٤٠ خولەک، درۆنێک لە ئاسمانی سلێمانی تێکشکێندرا. گرووپی "سەرایای ئەولیاولدەم" بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند کە ئامانجێکی هەستیاریان پێکاوە، بەڵام پەیامنێری رووداو دەڵێت رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە.

ئاسایشی هەولێر: پارچەی درۆنە تێکشکاوەکان کەوتنە خوارەوە

کاژێر ٤ی بەیانی ئەمڕۆ، درۆنێک بەرەو هەولێر رەوانە کرا بەڵام بەر لە پێکانی ئامانجەکەی تێکشکێندرا. پارچەکانی درۆنەکە لە گوندی سەرووکانی، رێگەی بەستۆڕە و پیرمام کەوتوونەتە خوارەوە.

بافڵ تاڵەبانی: کوردستان دەبێت پرد بێت نەک گۆڕەپانی جەنگ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند کە کوردستان لە چەند لایەکەوە کەوتووەتە بەر هێرش. ئاشکرای کرد کە ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سوپاسی کوردی کردووە، هەروەها عەباس عێراقچیش نیگەرانی خۆی لە دۆخەکە پێگەیاندووە. بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە کە کورد نابێت ببێتە "سەری رم" لەم جەنگەدا.

ئەکسیۆس: گوشارەکان لەسەر کوردانی عێراق زیادیان کردووە

ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەڵێت کوردانی عێراق لە نێوان سێ پەستانی گەورەدایە. ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر هەرێم ببێتە شوێنی پیلانگێڕی، هەموو دامەزراوەکانی دەکەنە ئامانج. راپۆرتەکە دەڵێت پارتی دیموکراتی کوردستان رێگری لە هەر هێرشێک دەکات کە لە ناو خاکی هەرێمەوە بکرێتە سەر ئێران.

تاران: قورسترین بۆردومان بۆ سەر نووسینگەی رێبەری و ناوەندە حکومییەکان

تاران لە حەوتەمین رۆژدا کەوتە ژێر قورسترین بۆردومانی ٥٠ فڕۆکەی ئیسرائیلی. ئامانجی سەرەکی نووسینگەی عەلی خامنەیی و پەناگە ژێرزەمینییەکانی بووە. هەروەها بینای دادوەری، سەربازگەی ئیمام عەلی و زانکۆی ئیمام حوسێن کراونەتە ئامانج.

کۆشکی سپی: خۆبەدەستەوەدانی ئێران نزیکە

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، زیاتر لە ٣٠ کەشتی جەنگی ئێران نوقمکراون و ٥٠ سەرکردەی باڵایان کوژراون، لەوانەش رێبەری باڵا. دەڵێت جەنگەکە ٤ بۆ ٦ هەفتە دەخایەنێت و ئێران هیچ بەرگرییەکی نەماوە.

سێنتکۆم: ئاماری ٧ رۆژی ئۆپەراسیۆنی 'توڕەیی داستانئاسا'

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند لە ماوەی حەفتەیەکدا ٣٠٠٠ ئامانجیان پێکاوە و ٤٣ کەشتی جەنگی ئێرانیان تێکشکاندووە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا فڕۆکەکانی B-1, B-2, F-35 و درۆنی MQ-9 بەکارهێنراون.

دۆخی ناوخۆی ئێران: ئینتەرنێت پەککەوتووە و تومەن بێبایەخ بووە

ئینتەرنێتی جیهانی لە ئێران بڕاوە و تەنیا تۆڕی نیشتمانی کار دەکات. نرخی یەک گێگابایت VPN گەیشتووەتە ٦ دۆلار. لەگەڵ ئەوەشدا، سیستەمی بانکی و ATMـەکان بەهۆی تۆڕی "شەتاب"ـەوە هێشتا کار دەکەن.

پێکهاتەی نەتەوەیی ئێران: وڵاتێکی ٩٠ ملیۆنی

ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن ئێران ٩٠ ملیۆن دانیشتووی هەیە؛ فارس ٥٦٪، ئازەری ٢٢٪ و کورد ١٤٪ (١٣ ملیۆن کەس)ـی دانیشتووان پێکدەهێنن.
رۆژهەڵاتی کوردستان: هێرشەکان بۆ سەر ٥ پارێزگاکە بەردەوامە

•کرماشان: بنکەکانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات لە ناو شار و سەرپێڵی زەهاو داڕمان.
•ورمێ: بۆ یەکەمجار ماکۆ و بازرگان بۆردومان کران و فەرماندەیەکی پلە باڵا لە مەهاباد کوژرا.
•ئیلام: فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران خاپوور کران.
•لوڕستان: ٥٠ پلەداری سەربازی کوژراون و بنکەی ئیتلاعاتی پۆلدوختەر پێکراوە.
•سنە: ٤٠ شوێن کراونەتە ئامانج و سەربازانی ئەرتەش لە سەقز سەربازگەکانیان چۆڵ کردووە.

ئاسایشی دەریا: تەنیا ٩ کەشتی لە گەرووی هورمز تێپەڕیون

بەهۆی جەنگەوە، جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هورمز پەککەوتووە. کەشتییەکان سیستەمی رادار (AIS) دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی نەکرێنە ئامانج. هاوکات لیستێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی کەنداو بڵاوکرایەوە کە مەترسییان لەسەرە.

جەنگی مووشەکی: ئێران هێرشی کردە سەر کەشتیی 'ئەبراهام لینکن'

میدیای ئێران دەڵێت بە مووشەکی بالیستی (خەلیجی فارس و هورمز) هێرشیان کردووەتە سەر کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکنی ئەمریکی. سێنتکۆم ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێت کەشتییەکە پارێزراوە.

مانگی سووری ئێران: کارمەند و بنکەکانمان بریندار و وێران بوون

مانگی سووری ئێران رایگەیاند ١١ بنکەیان زیانیان بەرکەوتووە و ٧ کارمەندیان بریندار بوون. زیانی زۆر بەر فڕۆکەخانەی میهرئاباد و یاریگای ئازادی و بازاڕی تاران کەوتووە.

وەرزش: ئێران لە پارائۆڵۆمپی کشایەوە

ئەبوفەزل خەتیبی، تاقە یاریزانی ئێرانی لە یارییەکانی پارائۆڵۆمپی زستانەی میلانۆ، بەهۆی جەنگ و نەبوونی گەشتە ئاسمانییەکانەوە ناچار بوو لە یارییەکان بکشێتەوە.

وڵاتانی کەنداو: بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان

سعوودیە ٨ درۆن و چەند مووشەکێکی بالیستی تێکشکاند کە کێڵگەی نەوتی "شەیبە"یان کردبووە ئامانج. کوێتیش تێکشکاندنی ١٢ درۆن و ١٤ مووشەکی ئێرانی راگەیاند.

قەتەر: کردنەوەی ئاسمانی وڵات بە شێوەیەکی سنووردار

دەوحە بڕیاریدا بەشێکی گەشتە ئاسمانییەکان تەنیا بۆ گواستنەوەی ئەو گەشتیارانە دەستپێبکاتەوە کە لە وڵاتەکەدا گیریان خواردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ١٠ درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج.

ناردنی هێزی زەوینی: پلانە نهێنییەکەی ترەمپ

ئێن بی سی نیوز دەڵێت ترەمپ بە نهێنی تاوتوێی ناردنی هێزی وشکانی دەکات بۆ پاراستنی بنکە ئەتۆمییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ئێران. عەباس عێراقچی لە وەڵامدا وتی: "چاوەڕێیان دەکەین و دەبێتە کارەسات بۆیان."

دیپلۆماسی: ئازەربایجان باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بڕیاریدا دیپلۆماتکارەکانی لە ئێران بکشێنێتەوە و ئاستی ئامادەباشی سەربازیی وڵاتەکەشی بەرز کردەوە.

عێراق: ١٧٣ هێرشی موقاوەمە لە حەفت رۆژدا

گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ماوەی حەفتەیەکدا ١٧٣ هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بنکەی ڤیکتۆریا و وڵاتانی کەنداو.

مووسڵ: لێدانی بارەگاکانی حەشدی شەعبی

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایانگەیاند کە بارەگاکانی لیوای ١٤ و لیوای ٥٠ لە مووسڵ لەلایەن کۆپتەرە ئەپاچییەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کراون.

حیزبوڵڵای عێراق: مەرج بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو

ئەبو عەلی عەسکەری رایگەیاند کە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق تەنیا بە "پەنجەمۆری" مقاوەمە دەبێت و دەبێت هێزەکانی ئەمریکا دەربکرێن.

وەزارەتی ناوخۆ: پۆڵەندییەکان گەشتیارن نەک سیخوڕ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی "باندی سیخوڕی" لە بەغدا رەتکردەوە و رایگەیاند ئەو ٥ کەسەی دەستگیرکراون گەشتیاری پۆڵەندین و رێکارە گەشتیارییەکانیان یاساییە.

موقتەدا سەدر: هەڵکردنی ئاڵای سەوز لە شەوی ٢٣ی رەمەزان

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە داوای لە لایەنگرانی کرد بۆ پاراستنی مەزهەب و دوورکەوتنەوە لە شەڕ، ئاڵای سەوز کە لەسەری نووسراوە "لبیك یا صاحب الزمان" لەسەر ماڵەکانیان بەرز بکەنەوە.

 

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).