کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر: پارتی و یەکێتی دەبێت بەیەکەوە حکومەت پێکبهێنن
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، پارتی و یەکێتی دەبێت بەیەکەوە حکومەت پێکبهێنن و حیزبە بچووکەکانیش هاوکاریان بن بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆربەی رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی لە رێگەی ئێرانەوە بوون."
فەرامەرز ئەسەدی، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیوا جەمال لەگەڵی سازکردبوو، باسی چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کرد.
سەرەتا ئەسەدی باسی لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کرد، گرنگترین ئامانجی ئەو شۆڕشە "سەربەخۆیی و ئازادی بوو." ئەو پێیوایە 46 ساڵە رۆژئاواییەکان بەرنامەی رووخاندنی ئێران دادەنێن. لەبارەی پەیوەندییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیش گوتی، "ئێمە مەحکومین بە پەیوەندیی نێوان ئێران و کورد." پێیشی وایە، "هیچ ئاژاوەگێڕییەک" ناتوانێت ئێران و کورد لە یەکدی جیابکاتەوە.
بە گوتەی کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر، "زۆربەی رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی لە رێگەی ئێرانەوە بووە." ئەسەدی پێیوایە، بۆچوونی جیاوازی پارتی و یەکێتی واینەکردووە نەتوانن پێکەوە کار بکەن. داواش دەکات، ئەو دوو حیزبە بەیەکەوە حکومەت پێکبهێنن و حیزبە بچووکەکان هاوکاریان بن. ئەسەدی دەشڵێت، "نابێت حیزبە بچووکەکان سەرکێشی بکەن."
سەبارەت بە رسوماتی چوونی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، کۆنسووڵی ئێران گوتی، "بەدواداچوون بۆ کەمکردنەوەی رسوماتی چوونی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران دەکەین.. بەو 250 دۆلارەی [ئێستا] وەردەگیرێت، چەندین جار دەتوانیت بە ئۆتۆمبێلەکەت لە سەرانسەری ئێران بگەڕێیت."
لەبارەی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئێران لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، ئەسەدی باسی لەوە کرد، ترەمپ ناتوانێت پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپچڕێنێت، "ئێران 8 ساڵ لەگەڵ بەعس لە شەڕدا بوو، پەیوەندییمان لەگەڵ کورد نەپچڕاند."