رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێوان ئاگری جەنگ و تەڵەی دیپلۆماسیدا
لەکاتێکدا ناوچەکە لەناو گەورەترین ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندایە، ئاسۆیەکی تەمومژاوی بەسەر ئایندەی سیاسی و ئابووریی ناوچەکەدا کێشراوە، وردەکاریی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران، کوژرانی فەرماندەکانی حەشد لە عێراق، جووڵەی مارێنزەکانی ئەمریکا و کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەم جەنگە لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەرنامەی ئەمڕۆی رۆژی هیوا جەمال بوون.
عێراق 100 هەزار تۆن بەنزین هاوردە دەکات و بڕیاری بەپەلە دەدات
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەدات، بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە بڕیاری هاوردەکردنی 100 هەزار تۆن بەنزین وەک قەرەبووی ئەو بارانەی بەهۆی جەنگەوە نەگەیشتوون دەدرێت، هەروەها بڕی 104 ملیار دینار بۆ کەرتی کارەبا تەرخان دەکرێت.
500 ملیار دینار بۆ باری لەناکاو تەرخان دەکرێت
بەپێی یاسای بودجە، بڕی 500 ملیار دینار وەک "یەدەگی باری لەناکاو" جێگیر کراوە، دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پارەیە بۆ خەرجییە پێشبینینەکراوەکانە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی دەسەڵاتی خەرجکردنی تا سێ ملیار دیناریان بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
سێ فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە ئەنبار کوژران
لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا-ئیسرائیل لە ئەنبار، سێ بەرپرسی حەشدی شەعبی (سەعد دوای بەیجی، واسق فەرتووسی و حەیدەر مەعمووری) کوژران، لە بەرامبەردا گرووپە چەکدارەکان بە 21 مووشەک و درۆن وەڵامی بنکەکانی ئەمریکایان دایەوە.
ئەنبار؛ کلیلە ستراتیژییەکەی عێراق لە ناو جەرگەی ململانێدا
پارێزگای ئەنبار کە 32%ـی ڕووبەری عێراق پێکدەهێنێت، بووەتە مەیدانی سەرەکیی شەڕ، گرنگیی ئەم پارێزگایە لەوەدایە کە پردی بەستنەوەی عێراقە بە سووریا و ئوردن و سعوودیە، هەروەها خاوەنی یەدەگێکی زەبەلاحی فۆسفات، غازی سروشتی (کێڵگەی عەکاز) و یۆرانیۆمە، کە ئەمەش وای کردووە ببێتە ئامانجی زلهێزەکان.
هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر 10 پارێزگای ئێران ئەنجامدرا
لە ماوەی 24 کاژێردا، زیاتر لە 35 شوێن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومان کران، شارەکانی ورمێ، تەورێز، تاران، ئیسفەهان و خوڕەمئاوا ئامانجی سەرەکی بوون، لە تاران باڵەخانەیەکی پیشەسازیی وەزارەتی بەرگری پێکرا و بە گوتەی شارەوانی تاران، تا ئێستا 468 شوێن لە پایتەخت زیانیان بەرکەوتووە.
گەیشتنی مارێنزەکان؛ هێوربوونەوەیە یان گەردەلوول ؟
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران بۆ پێنج رۆژ راگرتووە، بەڵام هاوکات بڕیارە ڕۆژی هەینی دوو هەزار و 200 سەربازی مارێنز بگەنە ناوچەکە، تا ئێستا ئەمریکا 9,000 ئامانجی لە ناوخۆی ئێران پێکاوە و 140 کەشتیی جەنگیی ئێرانی تێکشکاندووە.
دوورگە ستراتیژییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز
ئێران لە رێگەی دوورگەکانی هورمز، لارک، ئەبوو مووسا، و تونبی گەورە و بچووکەوە کۆنترۆڵی 20%ی نەوتی جیهان دەکات. لە دەرەوەی گەرووەکەش، دوورگەی "خارگ" وەک گرنگترین ناوەندی هەناردەی نەوت دەبینرێت کە لە هەر شەڕێکدا ئامانجی سەرەکی دەبێت.
تێچووی جەنگ رۆژانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە جەنگی ئێران و ئەمریکا تا ئێستا 63 ملیار دۆلار زیانی هەبووە، گواستنەوەی کاڵا لە گەرووی هورمز 97% کەمی کردووە و ئەمەش رۆژانە 2.4 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی ناوچەکە دەگەیەنێت.
رووسیا؛ براوەی گەورەی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
جەنگی ئێران بووەتە فریادڕەسی ئابووریی رووسیا، نرخی نەوت لە 60 دۆلارەوە بۆ 100 دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش داهاتی رۆژانەی مۆسکۆی 150 ملیۆن دۆلار زیاد کردووە، هەروەها سەرنجی ئەمریکا لەسەر ئۆکراینا لادراوە بۆ سەر ئێران کە ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی ئابووری رووسیا .
موشەکەکانی ئێران گەیشتنە قودس
دوای لێدوانەکانی ترەمپ، تاران بە شەپۆلێکی موشەک وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە. موشەکێک باڵەخانەیەکی لە قودس پێکا، بەڵام تەنیا یەک برینداری لێکەوتەوە. تاران رایگەیاندووە هیچ دانوستانێک لەگەڵ واشنتۆن لە ئارادا نییە.
تەڵەکەی ترەمپ و ئاڵۆزیی لە نێو سەرکردایەتیی ئێراندا
ترەمپ دەڵێت لەگەڵ "ڕێزلێگیراوترین بەرپرسی ئێران" دانوستان دەکات، بەڵام قالیباف و وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوە رەتدەکەنەوە، هەندێک شیکەرەوە پێیان وایە مۆڵەتە پێنج ڕۆژییەکەی ترەمپ تەنیا تاکتیکێکە بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت و ئامادەکاری بۆ هێرشی توندتر.
گرووپی ئەولیائوڵڵا هێرشی کردە سەر ڕومێلان
گرووپی "کەتیبەکانی ئەولیائوڵڵا" رایگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتیی رومێلان لە حەسەکە، سوپای سووریا پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیەدا نەماون.
جەنگ رێگر نییە لە دیاریکردنی نرخی گەنم لە ئێران
حکومەتی ئێران نرخی کڕینەوەی هەر کیلۆ گەنمی بە 49 هەزار و 500 تمەن دیاریکرد، ئەم نرخە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران لەم بارودۆخە سەختەدا.
سەربازێکی ئەمریکی و گەنجێکی کورد هاوسەرگیرییان کرد
لە چیرۆکێکی جیاوازدا، "ئێستەر هێنریکێز" سەربازی گاردی نیشتمانیی ئەمریکا، ڕۆژی نەورۆزی هەڵبژارد بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ گەنجێکی کورد بە ناوی "حەسەن ئەلپکان". ئێستەر بە جلی کوردییەوە پەیمانی هاوسەرگیری واژۆ کرد و ڕایگەیاند کە کولتووری کوردی و ئەرکە سەربازییەکەی هەردوکیان بۆ ئەو گرنگن.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).