نەورۆزی ملیۆنی و ئاگری جەنگ؛ دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران
لە کاتێکدا کورد لە باکوور، رۆژئاوا و شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و تەنانەت لە ناو کۆشکی کۆماریی سووریاش بە گوڕوتینێکی بێوێنە یادی نەورۆزیان کردەوە، ناوچەکە لە لێواری تەقینەوەیەکی سەربازیی گەورەدایە، مۆڵەتەکەی ترەمپ تەنیا 18 کاژێری ماوە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز یان "سڕینەوەی" وێستگەکانی کارەبای ئێران، لە بەرامبەردا تاران و گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەی وەڵامی هاوشێوە و داخستنی یەکجاریی گەرووی هورمز دەکەن. ئەمڕۆ دووشەممە 23-3-2026، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان جەژنی نەتەوەیی و ئامادەکاریی بۆ جەنگێکی گشتگیردا رۆژ دەکاتەوە.
نەورۆزی ملیۆنیی ئیستەنبووڵ
ئەمساڵ نەورۆز لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان جیاواز بوو، لە ئیستەنبووڵ زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە گۆڕەپانی یەنیکاپی کۆبوونەوە و وێنەی پێشەوا قازی محەممەدیان بەرزکردەوە، لە ئەنقەرە و تەنیا 500 مەتر دوور لە پەرلەمان، ئاگری نەورۆز کرایەوە و داوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی کرا. هاوکات لە دیمەشق، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، جەژنی نەورۆز لە ناو کۆشکی کۆماریی سووریا پیرۆزکرا و بەڵێنی تەرخانکردنی یەک ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردییەکان درا.
هەڕەشەی ترەمپ بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز
تەنیا 18 کاژێر کات لەبەردەم تاران ماوە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوە ئەگەر تاوەکو کاژێر 2:47 بەیانی سێشەممە (بە کاتی هەولێر) گەرووەکە نەکرێتەوە، ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران و "دەیانسڕێتەوە". ئەم هەڕەشەیە دوای ئەوە هات کە موشەکی ئێرانی لە دیمۆنا و عەرادی دا و زیاتر لە 150 کەسی بریندار کرد.
وشەیەکی کوردی لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و فەرهەنگدا
لە ناو ئاڵۆزییەکاندا، ململانێیەکی فەرهەنگی سەریهەڵداوە، لایەنگرانی پاشایەتی لە ئێران وشەی "پیرۆز" لە جیاتی "موبارەک" بەکاردەهێنن. بەڵام لێکۆڵینەوە مێژووییەکان دەریدەخەن کە رەگی وشەی "پیرۆز" (Pîroz) کوردییە و لە بنەڕەتدا بە واتای سەرکەوتن و رووناکی هاتووە، کوردیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت خاوەندارێتی ئەم وشەیە لە ناسنامە کوردییەکەی داببڕدرێت.
شەش مەرجەکەی ئێران بۆ راگرتنی شەڕ
تاران شەش خاڵی وەک مەرجی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دیاریکردووە: گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی شەڕ، داخستنی بنکەکانی ئەمریکا، پێدانی قەرەبوو، کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، داڕشتنی یاسای نوێ بۆ گەرووی هورمز و رادەستکردنەوەی میدیاکارانی دژە ئێران.
بازاڕی وزە؛ جیهان بەرەو ساڵانێکی سەخت دەچێت
بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر وێستگەی "رەئس لافان" لە قەتەر، هەناردەی گازی شلکراوە (LNG) پەکیکەوتووە. وەزیری وزەی قەتەر دەڵێت 17٪ـی توانای بەرهەمهێنانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ پەکدەکەوێت. ئێستا نرخی نەوتی برێنت 105 دۆلاری تێپەڕاندووە و جیهان لەبەردەم تەنگژەیەکی درێژخایەنی وزەدایە.
کەرتی کارەبای ئێران و ئامانجە رەواکانی تاران
ئێران هۆشداری دەدات ئەگەر ئەمریکا لە وێستگەکانی کارەبای بدات، ئەوا تەنگەی هورمز تا کاتی چاککردنەوەی وێستگەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە. کەرتی کارەبای ئێران کە خاوەنی 93 هەزار مێگاواتە، ئێستا لە ئامادەباشیدایە. تاران دەڵێت لە وەڵامدا وێستگەکانی کارەبای ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی ناوچەکەش دەپێکن کە کارەبا بۆ بنکەکانی ئەمریکا دابین دەکەن.
"تووڕەیی داستانئاسا" ستراتیژییە گۆڕاوەکانی ترەمپ
ئۆپەراسیۆنی (Epic Fury) کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، بە گوتەی نیویۆرک تایمز ستراتیژییەکەی شکستی هێناوە لەوەی ببێتە هۆی راپەڕینی ناوخۆیی لە ئێران. ترەمپ لە لێدوانەکانیدا دژبەیەکە؛ جارێک دەڵێت سەرکەوتووین و دەگەڕێینەوە، جارێکی دیکەش مۆڵەتی 48 کاژێری بۆ "سڕینەوەی" ژێرخانی ئێران دادەنێت.
جیاوازیی نێوان "جەنگ" و "ئۆپەراسیۆن" چییە ؟
لە رووی سەربازییەوە، جەنگ (War) ململانێیەکی گشتگیر و درێژخایەنە بۆ گۆڕینی ڕژێم یان داگیرکاری، بەڵام ئۆپەراسیۆن (Operation) چالاکییەکی سنووردارە بۆ پێکانی ئامانجێکی ورد، وەک ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" کە ئەمریکا ئێستا لە دژی ئێران ئەنجامی دەدات.
حیزبوڵڵای عێراق مۆڵەتی ئەمریکای درێژکردەوە
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق مۆڵەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژکردەوە (تاوەکو 29ـی ئادار). هاوکات هێرشی توندیان کردە سەر دەزگای هەواڵگریی عێراق و ئەفسەرە کوردەکانی ناو دەزگاکەیان بە سیخوڕی بۆ مۆساد تۆمەتبار کرد.
تاران، ورمێ و ئیسفەهان بۆردومان کران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین ناوچەیان لە ناوخۆی ئێران بۆردومان کرد. لە تاران چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون و بازرگانی کرانە ئامانج. لە ورمێ هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و لە بەندەر عەباسیش وێستگەیەکی پەخشی دەنگ و رەنگ پێکرا و کارمەندێک کوژرا.
فاکتچێک: ڤیدیۆی تێکشکاندنی فڕۆکەی ئێف 35 ساختەیە
ڤیدیۆیەکی 15 چرکەیی بڵاوکراوەتەوە کە گوایە پاشماوەی فڕۆکەیەکی ئێف 35ـی ئەمریکییە لە بیابانەکانی ئێران، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی رۆژی هیوا جەمال بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد (AI)، دروستکراوە و راستی نییە.
وڵاتانی کەنداو موشەکە بالیستییەکانی ئێرانیان تێکشکاند
کوێت، سعودیە و ئیمارات رایانگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانییان چەندین موشەکی بالیستی و درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکانیان تێکشکاندووە، تەنیا بەحرەین رایگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 145 موشەک و 246 درۆنیان تێکشکاندووە.
تەقینەوەیەک لەندەنی هەژاند
لە گەڕەکی (گۆڵدەرز گرین) لە باکووری رۆژئاوای لەندەن، کە ناوچەیەکی جوونشینە، تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا و چەندین ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی رێکخراوی "حاتزۆڵا" ئاگریان گرت، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لە هۆکاری تەقینەوەکە.
هەواڵی ناوخۆ: تەنیا دوو رۆژ بۆ داشکاندنی کارەبا ماوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاگاداری هاوبەشانی دەکاتەوە کە تەنیا ئەمڕۆ و سبەی ماوە بۆ سوودمەندبوون لە بڕیاری داشکاندنی 20٪ـی قەرزی کارەبا. دوای ئەو وادەیە، بڕیارەکە کۆتایی دێت.
کیم جۆنگ ئوون بە کۆی دەنگ هەڵبژێردرایەوە
پەرلەمانی کۆریای باکوور (کۆبوونەوەی باڵای گەل) بە "کۆدەنگی تەواو" و بەبێ هیچ دەنگێکی ناڕازی، کیم جۆنگ ئونی وەک سەرۆکی کاروباری دەوڵەت هەڵبژاردەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ قایمتربوونی دەسەڵاتی رەهای کیم لە وڵاتەکەدا.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).