پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لە رۆژی هیوا جەمالەوە دڵنیایی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی دەدات

11 May 2025
پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لە رۆژی هیوا جەمالەوە دڵنیایی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی دەدات

پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی دووپاتیدەکاتەوە، رەنگە لە دەستووری نوێی تورکیادا ناوی کورد بهێندرێت و پێیوایە "پرۆسەی ئەمجارە دەگاتە ئامانج".

سونا کەپئۆغڵو لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، رایگەیاند "ئاکپارتی بۆیە لە سەرەتای پێڤاژۆی ئاشتی بێدەنگیی هەڵبژارد، تاوەکو نەیارانی پرۆسەکە بەربەست دروست نەکەن و تێکی نەدەن."

بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، یەکشەممە 11-5-2025، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵێک مژاری دیکەی تاوتوێ کرد. 

پەرلەمانتارێكی ئاکپارتی: لە دەستووری نوێدا ناوی کورد دەبێت

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەکانی رابگەیێنێت، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت مژدە نزیکە، دەکرێت لە هەر ئانو و ساتێک بیبیستن.

بەگوێرەی گوتەی هەندێ لە پەرلەمانتارانی تورکیا، ئەمرۆ یان سبەی ئەنجامی کۆنگرەکانی پەکەکە رادەگەیێندرێت.

خانمە پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی، پێشبینی دەکات لە دەستووری نوێی تورکیادا ناوی کورد هەبێت و دەڵێت، ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای پەرلەمانی دەستی پێکردووە و لە پەرلەمان بەردەوامە. 

سونا کەپئۆڵو ئاتامان، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد لە پرۆگرامی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، "ئەم پرۆسەیە ئێستا لەسەر بنەمای پەرلەمانی تورکیا دەستی پێکردووە و لە پەرلەمان بەردەوامە. پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت یاسای نوێ دەربکات بۆ مسۆگەرکردنی پرۆسەکە".

لەبارەی مەرجەکانی ئاکپارتیش گوتی: "ئاکپارتی، هاوپەیمانیی جمهور هیواخوازن پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. دوای ئەمە، من وای دەبینم هەندێک ئەرک دەکەوێتە سەر شانی پەرلەمان." 

لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی، بە داتا و گرافیک، پێشکێشکاری رۆژی هیوا جەمال، قۆناخەکانی پرۆسەکانی پێشووتری ئاشتیی روونکردەوە. 

لە ئەمڕۆوە هەرکەس خۆپێشاندان بکات دەستگیر دەکرێت

وەزارەتی نێوخۆی عێراق رایگەیاند فەرمان دەرچووە بۆ دەستگیرکردنی هەرکەسێک کە هەوڵی ئەنجامدانی خۆپێشاندان بدات لە 11-5-2025ـەوە  تاوەکو 20ی مانگ، بڕیارەکەش بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبییە لە بەغدا.

هێڵی سووری ئێران و ئەمریکا دیاریکرا

یەکشەممە 11-5-2025  گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوانی ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکات، سەرۆکی شاندی ئەمریکا هێڵی سووری بۆ ئێران دیاریکرد، سەرۆکی شاندی ئێرانی چەکی ئەتۆمیی بە حەرام دەزانێت، بەڵام دەڵێت دەستبەرداری یۆرانیۆم نابن، ئەم کێشمەکێشمە بە نێوەندگیریی وەزیری دەرەوەی عومان بەڕێوەدەچێت.

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوڕاست و سەرۆکی شاندەکە هۆشداری دا کە ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەرهەمدار نەبن، "ئەوا بەردەوام نابن".

هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ئەگەر ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەوەبێت کە وڵاتەکەی لە "مافە ئەتۆمییەکانی" بێبەش بکات، ئەوا تاران هەرگیز دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.

ئەم بابەتە، مژارێکی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بوو، لە بەرنامەکە زانیاریی ورد لەبارەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، قۆناخەکانی دانوستاندنەکان پێشکێش کرا. 

دوای نیو سەدە گەڕایەوە سەر زەوی

لە کۆتایی کێبڕکێی بۆشایی ئاسمانی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، کەشتیی کۆزمۆس 482 لە ساڵی 1972 لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە رەوانەی بۆشایی کرا بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر هەسارەی ڤینۆس (زوهرە) کۆبکاتەوە، بەڵام لە خولگەی زەویدا پەکیکەوت و بۆ ماوەی 53 ساڵ لەوێ بە وێڵی مایەوە.

ئەم کەشتییە بۆ ئەوە دروستکرابوو تاوەکو بڕوات ئەرکی کەشتیی ڤێنێرا تەواو بکات. 

ڤێنێرا 8 لە ساڵی 1972 هەڵدرا و توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لەسەر ڤینۆس بنیشێتەوە، بەڵام بەهۆی گەرمای لەڕادەبەدەری رووی هەسارەکەوە، تەنیا 50 خوولەک بەرگەی گرت و لەکارکەوت. 

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی رووسیا (رۆس کۆزمۆس)، "کۆزمۆس 482 دوای گەڕانەوەی لە خولگەی زەوی و کەوتنەوەخوارەوەی بۆ نێو زەریای هیندی، چیدیکە نەماوە."

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).