تێچووی کارەبای هەر ئامێرێکی ماڵ بەگوێرەی پڕۆژەی "رووناکی"
لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بە داتا و زانیاری، تێچووی ئامێرەکانی ماڵ بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی روونکرایەوە، تەوەرێکی دیکە، پرۆسەی ئاشتی و وردەکاریی پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە بوو. نوێنەری یەکگرتوو لە تورکیا لەمیانەی بەشداریکردن لە بەرنامەکەدا باسی لە وردەکارییەکانی چەک دانانی پەکەکە، چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.
نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیا رایدەگەیەنێت، "ئازادکردنی ئۆجەلان بەو شێوەیە نابێت کە خەڵک چاوەڕێی دەکات"، ئاماژە بەوە دەکات "دەم پارتی داوای کردووە تەنیا بە شێوەیەک بێت بتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ دەورووبەرەکەی هەبێت".
د. لوقمان باسکەدێری روونیدەکاتەوە "رەنگە پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە، بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت". لەبارەی رۆڵی حیزبەکەشیەوە، باسکەدێری ئاشکرای دەکات "ئەمینداری یەکگرتوو بۆ پرۆسەی ئاشتی زیاتر لە 16 کۆبوونەوەی کردووە".
د. لوقمان باسکەدێری، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیا، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و کاتی جێبەجێکردنی، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال)، لەبارەی چارەنووسی ئەندام وسەرکردە و چەکدارانی پەکەکە، روونیکردەوە "رەنگە سەرکردە و ئەندامانی پەکەکە پۆلێنی چەند بازنەیەک بکرێن، ئەوانەی دۆسیەیان هەیە، سەرکردەکان، ئەوانەی لە چالاکییە سەربازییەکان بەشدار بوون، چەکداری ئاسایی، بۆ هەر یەک لەوانە مامەڵەیەکی جیاواز دەکرێت و تورکیا لە داهاتتو دەبێت ئەوە روون بکاتەوە". گوتیشی "رەنگە بەشێکی سەرکردە و ئەندامانی پەکەکە بێنە هەرێمی کوردستان، بەشێکیان بچنە وڵاتانی دەرەوە، چونکە هەموویان ناتوانن بگەڕێنەوە تورکیا، ئەوانەی دێنە هەرێمی کوردستان، دەبێت هەرێمی کوردستان رێکار دیاریبکەن بۆ چۆنیەتی مانەوەیان".
لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان، د. لوقمان باسکەدێری بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند "هەرێمی کوردستان، بەهۆی پێگەکەیەوە، لایەنێکی بنەڕەتییە لە پڕۆسەی ئاشتی، رۆڵێکی گرنگ و گەورە دەبینێت لەم پرۆسەیە، بۆیە بەشداربووە لە هەموو ئەو دانوستاندنانەی لە رابردوودا کراون، هەروەها بەشێکی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندنەکان بەشداربوون و لە داهاتووش بەشدار دەبن".
لەبارەی چارەنووسی ئۆجەلان، نوێنەری یەکگرتوو لە تورکیا گوتی "رۆژانی داهاتوو چارەنووسی بەڕێز ئۆجەلان یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام خوێندنەوەی جیاواز هەیە لە نێوان ئەوەی خەڵک چاوەڕێی دەکات و ئەوەی لە واقیع دەگوزەرێت، خەڵکی ئێمە چاوەڕێ دەکات، حکومەتی تورکیا وەک کەسێکی ئاسایی ئۆجەلان ئازاد بکرێت و بچێتە نێو خەڵکەوە، تەنانەت هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەیەکماندا گوتی، ئێمە داوامان کردووە، ئۆجەلان بتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ دەورووبەرەکەی بکات و دەستی بگاتە ئامرازەکانی راگەیاندن، نەک وەک ئەوەی خەڵک چاوەڕێ دەکات".
تێچووی کارەبای هەر ئامێرێک
نرخی نوێی کارەبا پەسەند کرا، دەسەڵات بە دەستکەوت و هەرزانی دەزانێت، ئۆپۆزسیۆن بە گرانی دەزانن و رەتی دەکەنەوە. رۆژی هیوا جەمال، وردەکاری لەبارەی تێچووی ئامێرەکانی ماڵ، بەگوێرەی پرۆژەی رووناکی بڵاوکردەوە.. بۆ وردەکارییەکان، کلیک لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بکە.
ئەحمەد شەرع: رێگە نادەین سووریا دابەش بکرێت
سەرۆکی راگوزەری سووریا داوا لە وەبەرهێنەران دەکات سووریا ئاوەدان بکەنەوە و پاس گەڕانەوەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ رایگەیاند رێگە نادەن سووریا دابەش بکرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سووریا پاس گەڕانەوەی لە سعودییە لە دیمەشقەوە رایگەیاند سووریا نابێتە گۆڕەپانی ململانێی هەژموون و رێگە نادەین دابەش بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد "هێزی سووریا لە یەکگرتووییدایە."
دوێنی، سەرکی راگوزەری سووریا بەشداریی کۆبوونەوەیەکی کورتی چوارقۆڵیی کرد کە لەنێوان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودییە و رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەنجامدرا. سەرۆکی تورکیا لەرێگەی ئۆلاینەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بوو.
سەرۆکی ئەمریکا لە بڕیاریکی چاوەڕواننەکراودا سزاکانی لەسەر وڵاتی سوریا لابرد کە ماوەی دەیان ساڵە لەسەری دانراوە، سووریا لە ساڵی 1979 وە وەکو وڵاتی پاڵپشتیکاری تیرۆر ناسێندراوە و ساڵ دوای ساڵ سزای نوێ لەسەر دانراوە، دوایین گورزی سزاکان لە ساڵی 2019 بو کە بە یاسای قەیسەری ئەمریکا سزا درا.
چین دەرگایەکی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
وڵاتی چین میوانداری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەشداریکردن لە خولێکی تایبەتی ڕاهێنان لە بواری دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەمە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرزکردنەوەی توانستی دیپلۆماسییە بەشداربووانی خولەکەیە.
خولەکە لەژێر ناوی "بەرنامەی راهێنان بۆ دیپلۆماتکارانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن زانکۆی Jilin بە هاوئاهەنگی راستەوخۆی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕێکخراوە.
لەو خولەدا، 28 کەس لە نوێنەرانی دامەزراوە باڵا و جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کە بریتین لە نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، زانکۆکان، و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە. ئامانج لەم خولە، پڕچەککردنی بەشداربووان بوو بە نوێترین زانست و تەکنیکەکانی کاری دیپلۆماسی و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
هەڵگورد نیهاد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی میدیایی لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری میدیایی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە بەشداربووانی خولەکە، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، باسی لە گرنگیی خولەکە کرد و نێوەڕۆکی وانەکانی خستەڕوو. ئاماژەی بەوە کرد لە خولەکەدا "وانەی تایبەت دەگوترێتەوە لەسەر مێژووی چین و کرانەوە، پڕۆژەکان و روانگەی چین بۆ داهاتوو".
روونیشیکردەوە "چین گرنگیی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات".
کان پێشوازی لە تۆم کروز دەکات
بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بە هەواڵێکی هونەری کۆتایی هات، لەبارەی بەشداریی تۆم کروز، لە فێستیڤاڵی کان.
تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، دیارترین میوانی 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی و بە شێوازێکی جیاواز پێشوازی لێکرا، میوزیکی نوێترین فیلمی لەسەر فەرشی سوور بیسترا.
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).