رۆژی هیوا جەمال.. لە چەقبەستنەوە تاوەکو جووڵەی سەربازیی

17 August 2025
رۆژی هیوا جەمال.. لە چەقبەستنەوە تاوەکو جووڵەی سەربازیی

لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان

رۆژی هیوا جەمال لە بەرنامەی ئەمڕۆدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵیک هەواڵی گەرم و تەوەری تایبەت بە هاونیشتمانییان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک هەواڵی تایبەت بە بەرنامەکەی تێدابوو.

دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان هێشتا لە چەقبەستووییدایە. دوای نزیکەی 300 رۆژ لە هەڵبژاردن، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی دواخستووە. لە کاتێکدا پارتی جەخت لەسەر بنەمای رێژەی کورسییەکان دەکاتەوە، یەکێتی داوای "دەسەڵاتی راستەقینە" و بەشداریی کارا لە سەرجەم پاکێجە وەزارییەکاندا دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دۆسیەی یاسایی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، گەرمە و جگە لەو کەیسەی کە بەهۆیەوە دەستگیرکراوە، رووبەڕووی 11 سکاڵای دیکە بووەتەوە کە تۆمەتی جۆراوجۆر لەخۆدەگرن، لەوانە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و فێڵکردن.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان، پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری فراوانتر بووە و ئێستا زیاتر لە 700 هەزار هاوبەش لەخۆدەگرێت، کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی هەرێم پێکدەهێنن. هاوکات، لە بواری تەندروستیی گشتیدا، بەدواداچوونێک لەبارەی ئاوی "دەبەکراو" دەریخستووە جیاوازیی گەورە لە رێژەی کانزاکاندا هەیە و هەندێکیان شەفافیەتی پێویستیان نییە. توێژینەوەیەکی زانستیی زانکۆی سەلاحەدینیش ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە و هۆشداری دەدات کە دانانی بووتڵی ئاو لەبەر گەرمای خۆردا دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی مادەی کیمیایی لە پلاستیکەکەوە بۆ ناو ئاوەکە.

لە بەرنامەکەدا لەسەر لە ئاستی عێراق و ناوچەکە کۆمەڵێک دۆسێ باس کران:

لە عێراق، هێزەکانی ئەمریکا سەرقاڵی "خۆڕێکخستنەوە و جێگیرکردنەوەی نوێ"ن لە بنکە سەربازییەکانیاندا. ئەم جووڵەیە، کە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی عەلی لاریجانی بۆ بەغدا، وەک خۆگونجاندنێکە لەگەڵ هەڕەشە ئەگەرییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، نەک وەک ئامادەکارییەک بۆ کشانەوەی کۆتایی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چالاکیی گرووپەکانی وەک "کەتیبەکانی حزبوڵڵا" و پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی نیگەرانییەکانی ئەمریکایان زیاتر کردووە.

لە غەززە، ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەکات و پلانی هەیە دانیشتووانی شاری غەززە بۆ باشووری کەرتەکە بگوازێتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری داگیرکارییەکی تەواوەتی و قۆناخێکی نوێی خوێناوی لە جەنگەکەدا.

فاکت چێک

سەبارەت بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆن کە سەرنجی زۆری خەڵکی راکێشاوە، ئارنۆڵد شوارزینێگەر لە ساڵی 2018 رەخنەی تووندی لە دۆناڵد ترەمپ گرتووە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین لە هێلسنکی. ئارنۆڵد، ترەمپی بە "نۆدلێکی تەڕ" و "هەوادارێکی سەرسام" وەسف کرد کە "وڵاتەکەی فرۆشتووە". رۆژی هیوا جەمال فاکت چێکی بۆ گرتە ڤیدیۆییەکە کردووە، جگە لەوە شیکارییەکانی ئەو لووتکەیە دەریانخست کە پووتین بە شێوەیەکی ستراتیژی توانی یارییەکە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، کە تێیدا میوان بووە خاوەن ماڵ و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا کرانە گەورەترین دۆڕاوی یارییەکە.