رۆژی هیوا جەمال راپۆرتێکی سی ئای ئەی لەبارەی دۆزینەوەی مس لە قەڵادزێ بڵاودەکاتەوە

18 January 2025
رۆژی هیوا جەمال راپۆرتێکی سی ئای ئەی لەبارەی دۆزینەوەی مس لە قەڵادزێ بڵاودەکاتەوە

بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال) شەممە، 18-1-2025 راپۆرتێکی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکای بڵاوکردەوە لەبارەی دۆزینەوەی مس لە گوندی هێرۆی قەڵادزێ. 

بەگوێرەی راپۆرتێکی نهێنیی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا، کە وێنەیەکی لای رۆژی هیوا جەمالە، زانایەکی جیۆلۆجیی بەریتانی ئەوەی دۆزیوەتەوە کە 40٪ی مادەی خاوی مس لە چیای هێرۆی سەر بە قەڵادزێ هەیە.

هەر لەو بەرنامەیەدا، وەڵامی وەزارەتی دارایی بۆ عێراق، خاڵە ناکۆکەکانی پارتی و یەکێتی و دۆخی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا. 


وەزارەتی دارایی عێراق: مووچەی 12 مانگی رابردووی هەرێمی کوردستانمان ناردووە

کاژێر 12:35 خولەکی شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق بە 132 بەڵگە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی دایەوە و دەڵێت مووچەی هەر دوانزە مانگەکەی ساڵی رابردوویان بۆ ناردوون و لەوبارەیەوە دەیان بەڵگەی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێکی هەشت لاپەرەیی پڕ لە ژمارە و زانیاریی دەڵێت؛ شایستەی دارایی و مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 9 ترلیۆن و 556 ملیار دینارە و بەسەر پێنج بەشدا دابەش بووە.

بەگوێرەی وەزارەتەکە پاش تەفسیری دادگەی فیدراڵی لەبارەی تەوتین کە بڕیاریدا هەژماری من هەر لە خانەی تەوتینە، دارایی عێراق کۆمەڵێک پارەی دیکەی بۆ ناردووە بۆ موچەی خانەنشینان و پارەی زیندانیان. 


سکاڵا لە دژی وەزارەتی دارایی عێراق دەجووڵێندرێت

رۆژی هیوا جەمال زانیویەتی بەم نزیکانیە، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ تۆماردەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان گفتوگۆی جووڵاندنی سکاڵا لە دژی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.

سکاڵاکە لەسەر وەزارەتی دارایی لەبارەی ئەوە دەبێت وەزارەتەکە بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کاری نەکردووە و مووچەی تەواوی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

رۆژی هیوا جەمال زانیویەتی؛ لەدوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، دادگەی فیدراڵی 'ئەمرێکی وەلائی'، فەرمانسالاری دەردەکات بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی کێشەی بۆ دروست بکرێت و ببەسترێتەوە بە ناکۆکیی دیکەوە.


پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا پۆستەکانی کابینەی داهاتوویان تاوتوێ نەکردووە

لیژنە تەکنیکییەکانی پارتی و یەکێتی پاکێجەکانی هەردوو حیزبیان تیکەڵکردووە، یەک پاکێجیان لێ دروستکردووە و لەسەر بەشی زۆری خاڵەکانی هەردوولا کۆکن، هەندێ خاڵی ناکۆک ماون لەم هەفتەیەوە دەستدەکەنەوە بە گفتوگۆ و گەنگەشەی ئەو خاڵانە.

رۆژی هیوا جەمال زانیویەتی، تاوەکو ئێستا لە هیچ کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و پارتی  تەنانەت کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گەنگەشەی پۆستەکانی کابینەی داهاتوو نەکراوە. 


سەنتەری میترۆ: پار 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمارکراون

سەنتەری میترۆ دەڵێت، پار 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەرەکە بە رووداوی راگەیاند: "‌هێشتا لە هەرێمی کوردستان کێشەی گەورەی بەردەم ئازادیی رۆژنامەگەری هەیە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "یاسای پێدانی زانیاری جێبەجێنەکراوە و جیاکاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان لە پێدانی زانیاری دەکرێت". 
 
سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی 2024ـی رەوشی ئازادیی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پار 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەپێی راپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023 کە ئەو ساڵە 231 پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمارکرابوون. 
 
رۆژی شەممە، 18-1-2024، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ میوانی (رۆژی هیوا جەمال) بوو و لەبارەی پێشێلکارییەکان گوتی: "راستە پێشێلکارییەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام ئەو کەمبوونەوەیە مانای ئەوە نییە ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی کراوەتر و باشتر بووە لە هەرێمی کوردستان". 
 
لەبارەی راپۆرتەکەی سەنتەری میترۆوە، رەحمان غەریب گوتی: "ئەم راپۆرتە تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو باسکردنی دۆخی رۆژنامەنووسی و پێشێلکارییەکانیانە؛ قسەکردنە لەسەر جیاکاری، رەچاونەکردنی فرەیی و دۆخی رۆژنامەنووسانی ژن. چیرۆکی ئەو رۆژنامەنووسانەیە کە هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە".
 
رەحمان غەریب رەخنە دەگرێت لە پێنەدانی زانیاری و جیاکاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان لە پێدانی زانیارییدا و پێیوایە لەو رووەوە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە، بۆیەش راپۆرتی ئەم ساڵیان ناوناوە "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە". رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت: "کۆمەڵێک یاسا بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەرکراون، بەڵام یان بە کەمی جێبەجێ دەکرێن یان هەر لە ئەرشیڤن". 
 
بۆ جێبەجێنەکردنی یاساکان، رێکخەری سەنتەری میترۆ نموونە بە یاسای پێدانی زانیاری دەهێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە "زانیاری بە رۆژنامەنووسان نادرێت، رەچاوی فرەیی ناکرێت لە وەزارەتەکان بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان، هەروەها جیاکاری دەکرێت لە پێدانی زانیاری لەنێوان رۆژنامەنووسان. ئەمانە و چەندین خاڵی دیکە پێچەوانەی یاساکەن"؛ رەخنەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی "دوای 13 ساڵ لە دەرچوونی یاسای پێدانی زانیاری، رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەرنەکراوە". 


هەواڵگریی ئەمریکا زۆرترین رێژەی مس لە قەڵادزێ دەدۆزێتەوە

زانایەکی جیۆلۆجیی بەریتانی رێژەیەکی بەرزی مادەی خاوی مس، لە چیاکانی قەڵادخی ئاشکرا دەکات، رێژەکە بە زۆترین لە جیهان لە قەڵەم دەدات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نهێنیی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا، کە وێنەیەکی لای رۆژی هیوا جەمالە، زانایەکی جیۆلۆجیی بەریتانی، ئەوەی دۆزیوەتەوە کە 40٪ی مادەی خاوی مس لە چیای هێرۆی سەر بەقەڵادزێ هەیە.

راپۆرتەکە بە ژمارەی (ژمارە RDP82-XXX ) لە دەزگەی هەواڵگری ئەمریکا پارێزراوە. د. سلێمان جەعفەر، زانای شارەزا لە دامەزراوەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە کەنەدا وێنەیەکی دەستکەوتووە و بۆ رۆژی هیوا جەمالی ناردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی دەزگەی هەواڵگری ئەمریکا، ئەو رێژە بەرزەی مس لە هیچ شوێنیکی جیهان نەهاتووە، تەنانەت لە ئەمریکا 1-4٪ مادەی خاوی مەس هەیە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە 25-2-1949 25 نووسراوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە نابێت ئەم نهێنییە بە کوردەکان بگوترێت چونکە رەنگە سوودی لێوەربگرن و ئەگەر بزانن ئەوەندە دەوڵەمەندن بۆ سەربەخۆیی بەکاریبهێنن.


گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان: ئەگەر دامەزراندن دەستپێنەکرێت، کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی زیانی لێدەکەوێتەوە

گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی سوودی هەیە، ئەگەر دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان دابمەزرێندرێن". سادق عوسمان بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر خانەنشینان وەک عێراق مافەکانیان پێبدرێت، خۆیان داوای خانەنشینبوون دەکەن" و داواشیکرد، شێوازی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان چارەسەر بکرێت. 
 
رۆژی شەممە، 18-1-2024، سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 میوانی (رۆژی هیوا جەمال) بوو و گوتی، بڕیارەکە وەک هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینیی عێراق و گوتی: "لە 2014ـەوە داوا دەکەین ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت". 
 
سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2025 لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پاڵپشت بە رێكارەكانی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە (9)ی هەمواركراوی ساڵی 2014، چەند بڕیارێكی لەبارەی خانەنشیكردنەوە دەركرد. بەپێی فەرمانەكە، هەر فەرمانبەرێك تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم كراوەتەوە.
 
لەبارەی سوودەکانی ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت:"ئەگەر خانەنشینکردن لە 60 ساڵی ببێتەهۆی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، خاڵێکی ئەرێنییە، چونکە توانای گەنج دێتە نێو فەرمانگەکانەوە؛ هەروەها ئەگەر تەواوی مافەکان بدرێتە خانەنشین وەک عێراق، پێم وایە کەسانێک خۆیان داوای خانەنشینبوون دەکەن. بەڵام ئەگەر دامەزراندن نەبێت و شوێنی ئەو کەسە ئەزمووندارانە پرنەکرێتەوە، هەنگاوەکە بە زیان دەشکێتەوە". 
 

خشتەی رێوڕەسمی سوێندخواردنی ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دەبێتە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا و دووشەممە بەفەرمی دەچێتەوە کۆشکی سپی.

هاوشانی سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو، سوێندی یاسایی دەخوات، لەسەر سەکۆشانۆییەکەی سوێندخواردن پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکات بۆ ئەوەی بە فەرمی دەست بە ئیدارەی نوێی خۆیان بکەن.

رۆژی هیوا جەمال، خشتەی دەستبەکاربوون و شێوازی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەی بڵاوکردەوە.