لە جیهان گەنگەشەی شەڕ و لە عێراق مووچە
لە غەززەوە تا واشنتن، جیهان چاوی لە گۆڕانکارییە چارەنووسسازەکانە؛ لە عێراق پرسی مووچە و خەرجییەکان لە لووتکەدایە. ئەمە مژاری سەرەکیی بەرنامەی ئەمڕۆی رۆژی هیوا جەمالە. جگە لەمانە، هەنگوینی کوردستان ستۆدیۆکەی شیرین کرد.
لە رۆژی هیوا جەمال ئەوە تاوتوی کرا کە جیهان لەم هەفتەیەدا چاوی لەسەر چەندین پێشهاتی گرنگە، لە پێشڕەوییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیاوە بگرە، تا دەگاتە پرسی چارەسەرنەکراوی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا و کێشە خزمەتگوزارییە کەڵەکەبووەکانی ناوخۆ.
هەولێر چاوەڕێی وەڵامی بەغدایە
سەرەتای بەرنامەکە باسی ئەوە کرا شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بەغدا بۆ گفتوگۆی کۆتایی لەسەر پرسی مووچە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی بڕی 1.67 تریلیۆن دینار داوە بۆ چەندین پڕۆژە و دانەوەی قەرزی دەرەکی. جێی سەرنجە، لەو بڕە پارە زەبەلاحەدا هیچ پشکێک بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە. ئەم خەرجییە رەخنەی لێ گیراوە بەهۆی زیادکردنی بەردەوامی تێچووی پڕۆژە کۆنەکان و دانەوەی 425 ملیۆن دۆلار قەرزی چین، لە کاتێکدا چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێم هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
هەڵەبجە، نموونەی جیاوازیی نێوان سەردانی بەرپرسان و پێداویستیی هاووڵاتیان
لەلایەکی دیکەوە، دۆخی هەڵەبجە جیاوازیی قووڵی نێوان سەردانە پرۆتۆکۆلییەکان و پێداویستییە راستەقینەکانی خەڵک دەردەخات. سەرەڕای سەردانی لانیکەم 16 شاندی باڵا لە ماوەی سێ مانگدا، لەنێویاندا سەرۆک کۆماری عێراق، داواکارییەک بۆ کڕینی ئامێرێکی گرنگی شکاندنی بەردی گورچیلە بە بڕی 1.2 ملیار دینار ڕەتکراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ملیاران دینار بۆ پڕۆژەی دیکەی وەک ڕێگاوبان لە پارێزگاکە خەرج دەکرێت، کە پرسیاری جددی لەسەر ئەولەویەتەکانی حکومەت دروست دەکات.
ئیسرائیل پێشڕەوی دەکات و حەماسیش بە ئاگربەست رازی دەبێت
بەرنامەکە تیشکی خستە سەر ئەوەی لە کاتێکدا هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بە پشتیوانیی تانک و پشتیوانیی ئاسمانی دەستیان بە پێشڕەوی کردووە بەرەو دەروازەکانی شاری غەززە، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی نێوەندگیرانەوە رەزامەندیی خۆی لەسەر پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی 60 رۆژە نیشان داوە. ئەم پێشنیازە کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە کاری لەسەر کراوە و پشتیوانیی ئەمریکای هەیە، هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە داگیرکردنی تەواوەتیی شارەکە. لە کاتێکدا ئیسرائیل پلانی داگیرکارییەکەی دەخاتە بەردەم وەزیری بەرگری، تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئیسرائیلدایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی قوربانییەکان لە غەززە بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
لە واشنتۆن، ترەمپ هەنگاو بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی دەنێت
بەشێکی دیکە بەرنامەکە تایبەت بوو بە کۆبونەوەکانی ترەمپ، لە واشنتۆن، دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا و سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، ئەنجامدا. لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ترەمپ کۆبوونەوەکەی پچڕاند بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 40 خولەکی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاماژەیە بۆ پێشکەشکردنی "گرەنتیی ئەمنیی لە جۆری ماددەی 5" بۆ ئۆکرانیا، بەبێ ئەندامێتیی تەواو لە ناتۆ. ترەمپ سێ بەرپرسی باڵای راسپاردووە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی داهاتوو لەنێوان پوتین و زێلێنسکی، کە دواتر بە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بە بەشداریی خۆی کۆتایی دێت.
وێنەیەکی ساختە و راستییەکی زانستی
لەنێو ئەم هەواڵە سیاسییە گەرمانەدا، وێنەیەکی ساختەی دروستکراو بە زیرەکیی دەستکرد کە گوایە سەرکردەکانی ئەوروپا چاوەڕێی ترەمپ دەکەن، لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە بەشی فاکت چێکی رۆژی هیوا جەمال بە وردەکارییەکانی وەک شێواویی دەست و پەنجەکان و وردەکاریی ژینگەکە، ساختەییەکەی ئاشکرا کرد.
لەکۆتاییشدا لە رۆژی جیهانیی مێشوولە، زانایان دووپاتیان کردەوە کە تەنیا مێشوولەی مێینە خوێنمژە و هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشییەکانە.
بهشی بكه لە