جیهان لە چاوەڕوانیی بڕیارە چارەنووسسازەکاندایە
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، ناوچەکە و جیهان لەبەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاریی خێرا و هەستیاردان. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ململانێ سیاسییەکانی سلێمانی بە مانگرتنی لاهوور شێخ جەنگی پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، چاوەکان لەسەر پاکستانی پایتەختن، کە بڕیارە ببێتە مەیدانی یەکلاکەرەوەی جەنگ یان ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتۆن، هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی بێپێشینەی نرخی نەوت و پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی لە تەنگەی هورمز.
مانگرتنی لاهوور شێخ جەنگی و براکەی لە زیندان دەستیپێکرد
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد جەنگیی برای، بە فەرمی مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند. لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگرن لە رێڕەوی یاسایی دۆسیەکەیان هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، ئیسماعیل ئاغا، کەسی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی لە ماڵەکەی خۆی دەستی بە مانگرتن کردووە. بڕیارە هەر ئەمڕۆ دادگەی سلێمانی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تەمیز لە هەولێر بکات بۆ وردبینیی کۆتایی.
دوای 13 ساڵ ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی رەبیعە دەکرێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، رۆژێکی مێژووییە بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانی عێراق و سووریا، چونکە دەروازەی "رەبیعە" بە فەرمی دەکرێتەوە. ئەم دەروازەیە کە لە 2014ـەوە داخرابوو، وەک شادەمارێکی ئابووریی نوێ دەبینرێت کە عێراق بە سووریا و تورکیاوە دەبەستێتەوە. گۆڕانکاریی تیمە ئەمنییەکان لە دیوی سووریا و رادەستکردنی دەروازەکە بە "سوپای سووریا" لە جیاتی "هەسەدە"، پرۆسەی کردنەوەکەی خێرا کردووە.
ترەمپ هەڕەشەی پەکخستنی کارەبای ئێران دەکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوە ئەگەر ئێران رێککەوتن قبووڵ نەکات، وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە لەناو دەبات. شارەزایان دەڵێن پەکخستنی سیستەمی کارەبای ئێران کە ئێستاش لە لێواری داڕماندایە، دەکرێت لە رێگەی پێکانی وێستگەی "دەماوەند" یان "گۆڕەرە ستراتیژییەکان" بێت. بەڵام ئەم هەنگاوە بەربەستی یاسایی لەبەردەمە و دەکرێت وەک "تاوانی جەنگ" ئەژمار بکرێت.
تاران لە ئامادەباشیدایە؛ جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا گومانی دروست کردووە
کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت کە بۆ هەموو ئەگەرێکی جەنگ ئامادەیە. تاران شەش خاڵی گوماناوی لە جووڵەی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەستنیشان کردووە، لەوانە فڕینی درۆنە سیخوڕییەکان و مانۆڕی سەربازی لە بەحرەین. ئێران دەڵێت ئەمریکا دەیەوێت لە ژێر پەردەی دانوستاندندا، هێرشی کتوپڕ بکات.
گرتنی کەشتیی "تۆسکا" و هۆشدارییەکەی قەرارگەی خاتمولئەنبیا
گرژییەکانی تاران و واشنتۆن گەیشتە لوتکە دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتیی بارهەڵگری ئێرانیی "تۆسکا"دا گرت. ترەمپ دەڵێت کەشتییەکە گەمارۆی شکاندووە، بەڵام "قەرارگەی ناوەندیی خاتمولئەنبیا" ئەمە بە "دزیی دەریایی" ناو دەبات و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات، ئێران دەڵێت ئامانجە نوێیەکانیان بریتین لە ئارامکۆ، بەندەری یەنبووع و تەنگەی بابالمندب.
پزیشکیان بۆ شەهباز شەریف: ئەمریکا خیانەت لە دیپلۆماسی دەکات
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 45 خولەکیدا، مەسعوود پزیشکیان بە سەرۆکوەزیرانی پاکستانی گوتووە کە واشنتۆن بەڵێن دەشکێنێت و گەمارۆ دەریاییەکان پێشێلکردنی ئاگربەستە. پزیشکیان دووپاتی کردەوە کە ئێران بۆ بەرگری لە سەروەریی خاکی خۆی ئامادەیە و نایەوێت ژێرخانی وڵاتەکەی بکرێتە ئامانج.
قالیباف مەرجەکانی ئێران بۆ ئەمریکا ئاشکرا دەکات
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند کە ئەوان 15 خاڵەکەی ئەمریکایان رەت کردووەتەوە و لە جیاتی ئەوە "10 خاڵەکەی موجتەبا خامنەیی"یان وەک مەرجی رێککەوتن خستووەتە روو. قالیباف دەڵێت مێزی دانوستاندن و مەیدانی جەنگ یەکن و تاران تەنیا رێککەوتنێکی "سەردەستانە" قبووڵ دەکات کە بەرژەوەندیی حیزبوڵڵا و لوبنانیش بپارێزێت.
رۆژنامەکانی تاران: لە نێوان زمانی هەڕەشە و دیپلۆماسیدا
رۆژنامەکانی ئەمڕۆی ئێران رەنگدانەوەی ململانێی ناوخۆیی و دەرەکین. "هەمشەهری" باس لە دەستکەوتەکانی مەیدان دەکات، "جەوان" وێنەی قالیباف وەک جەنگاوەرێک نیشان دەدات، و "کەیهان"یش هۆشداریی "چەکی ئاخر زەمانی" و داڕمانی ئابووریی ئەمریکا دەدات. هەنێک رۆژنامەی دیکەش هەڕەشەکانی ترەمپ بە "بلوف" ناو دەبەن.
تەنگەی هورمز؛ جووڵەی کەشتییەکان گەیشتە "سفر"
ئامارەکانی 24 کاژێری رابردوو نیشانی دەدەن کە جووڵەی بازرگانی لە تەنگەی هورمز بە تەواوی پەکیکەوتووە. ژمارەی ئەو کەشتییانەی ئەمڕۆ لە تەنگەکە تێپەڕیون گەیشتووەتە "سفر". ئەمە نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ ئابووریی جیهان و نیشانی دەدات کە شادەماری وزەی جیهان لە لێواری کەوتندایە.
حکومەتی ئێران باڵەخانە وێرانبووەکانی جەنگ دەفرۆشێت
خەزێنەی گشتیی ئێران رێنماییەکی دەرکردووە کە رێگە بە وەزارەتخانەکان دەدات ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بۆردومانەوە زیانیان بەرکەوتووە، بفرۆشرێن یان لەگەڵ کەرتی تایبەت بگۆڕدرێنەوە. ئەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی دەوڵەت و پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییە لەم کاتە هەستیارەی جەنگدا.
دەستگیرکردنی ژنە بازرگانێکی ئێرانی لە ئەمریکا بە تۆمەتی بازرگانیی چەک
شەمیم مافی، ژنە بازرگانی ئێرانی خاوەن گرین کارت، لە لۆس ئانجلەس دەستگیر کرا، ئەو تۆمەتبارە بە دابینکردنی درۆنی "موهـاجیر-6" و ملیۆنان فیشەک بۆ سوودان لە رێگەی کۆمپانیایەکی عومانییەوە. شەمیم کە ژیانێکی شاهانەی لە ئەمریکا هەبووە، ئێستا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تاران رووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
بازاڕی نەوت گڕی گرت؛ برێنت گەیشتە نزیکەی 97 دۆلار
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە رێژەی زیاتر لە 7% بەرز بووەوە. نەوتی برێنت گەیشتە 96.27 دۆلار. هۆکارەکەی بۆ پەککەوتنی گواستنەوە لە تەنگەی هورمز و گرتنی کەشتییە ئێرانییەکە لەلایەن ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە. بازرگانان ترسیان هەیە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، نرخەکان 100 دۆلار تێپەڕێنن.
زیلینسکی: وڵاتانی کەنداو داوای رێککەوتنی "درۆن" لە ئۆکراینا دەکەن
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی رایگەیاند کە 11 وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای رێککەوتنی سەربازییان کردووە. سعودیە، ئیمارات و قەتەر پێشتر رێککەوتنی 10 ساڵەیان واژۆ کردووە. ئەم وڵاتانە دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی ئۆکراینا وەربگرن بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆنە ئێرانییەکان کە ئێستا لە ناوچەکەدا بوونەتە هەڕەشەی سەرەکی.
بێڕێزیی سەربازێکی ئیسرائیلی بە پیرۆزییەکی مەسیحییەکان
بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازێکی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان کە خەریکی شکاندنی پەیکەرێکی پێغەمبەر عیسایە، کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە. سوپای ئیسرائیل بێڕێزییەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە و بەڵێنی چاککردنەوەی پەیکەرەکەی داوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).