شاندی پارتی و یەکێتی بەستەڵەکیان شکاند و لە جیهانیش زاخۆ مێژووی نووسیەوە
ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای کوردستانە و لە سەرتاسەری جیهان کوردان ئەم یادە بەرز رادەگرن، هاوکات شاندی باڵای پارتی و یەکێتی دوای ماوەیەک لە ساردی، بەستەڵەکی پەیوەندییەکانیان شکاند. لەسەر ئاستی جیهانیش، یانەی زاخۆ مێژوویەکی نوێی بۆ وەرزشی کوردستان تۆمارکرد و بووە باشترین هاندەری جیهان. لەم ڕاپۆرتەدا پوختەی گرنگترین ئەو هەواڵانە دەخەینەڕوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025 لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرانەوە. هەروەها وردەکاریی چیرۆکی گەنجێکی داهێنەر دەخەینەڕوو کە بە تەکنەلۆژیا ئاڵای کوردستان دەناسێنێت.
پیرمام؛ بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی دەتوێتەوە
لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای هەڵبژاردن، شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە. بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە زیاتر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بووە و باسی دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە. هەردوولا رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕی راگەیاندن و دروستکردنی "چوارچێوەیەکی هاوبەش" بۆ کورد لە بەغدا، هاوشێوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان.
لەسەرتاسەری کوردستان یادی رۆژی ئاڵا دەکرێتەوە
ئەمڕۆ 17-12-2025، لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک، هەڵەبجە و تەنانەت لە ئامەد و دیمەشقیش، کوردان یادی رۆژی ئاڵای کوردستان دەکەنەوە. لە قوتابخانە و دامودەزگاکان رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەچێت و لە کەرکووکیش گەنجان پێداگرن لەسەر ئەوەی ئاڵای کوردستان بدەنە دەست پەیکەری پێشمەرگە.
ئەیوب عەلی و گارە سازگار بۆ "ئاڵای کوردستان" دەچڕن
هونەرمەندان ئەیوب عەلی و گارە سازگار کلیپێکی نوێیان بەناوی "ئاڵای کوردستان" بڵاوکردەوە. تێکست و ئاوازی گۆرانییەکە لەلایەن ئەیوب عەلییەوە دانراوە و بە مەبەست وشەکانی سادە کراون تا منداڵان بتوانن لەبەری بکەن.
گەنجێکی کورد بە جانتایەکی دیجیتاڵی ئاڵای کوردستان بە جیهان دەناسێنێت
لە دونیای خێرای تەکنەلۆژیادا، گەنجێکی کورد رێگەیەکی داهێنەرانەی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی لە هەر کوێیەک بێت، ناسنامەی نەتەوەیی خۆی نمایش بکات. بڵند عوسمان، پسپۆڕی تەکنەلۆژیا و یوتیوبەر، لەڕێگەی جانتایەکی زیرەکەوە کە شاشەیەکی دیجیتاڵی لەسەرە، وێنەی ئاڵای کوردستانی بەشێوەیەکی جوڵاو خستووەتە سەر شانەکانی.
بڵند عوسمان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) چیرۆکی ئەم داهێنانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە گەشتە نێودەوڵەتییەکانیدا زۆرجار ڕووبەڕووی پرسیاری "خەڵکی کوێیت؟" دەبووەوە و ناچار دەبوو ناوی وڵاتانی دراوسێ بهێنێت تا بەرامبەرەکەی تێبگات. ئەو دەڵێت: "ویستم بەبێ ئەوەی قسە بکەم، دیار بێت کە من کوردم و خەڵکی کوردستانم، ئەمەش وایکردووە خەڵکی بیانی خۆیان بێنە پێشەوە و پرسیار بکەن."
وەزارەتی تەندروستی عێراق دەرگای دامەزراندن دەکاتەوە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لینکی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی ساڵی 2023-2024ـی کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان (ددان و دەرمانسازی) و پەیمانگەکان کارا کرد. دەرچووان دەتوانن بەپێی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2000 داواکاری پێشکێش بکەن.
یانەی زاخۆ خەڵاتی باشترین هاندەری جیهانی بەدەستهێنا
یانەی زاخۆ مێژووی تۆمارکرد و بووە یەکەم یانەی کوردستان و ئاسیا کە خەڵاتی "باشترین هاندەر"ـی فیفا (The Best) بۆ ساڵی 2025 بەدەستبهێنێت. ئەمەش دوای ئەو هەڵمەتە مرۆییە هات کە تێیدا هەزاران بووکەڵەیان بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە هەڵدایە نێو یاریگە.
پاسپۆرتی سلێمانی: بە "حیجز"ـەوە بێیت 100 هەزار دینار قازانج دەکەیت
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، هەر هاونیشتمانییەک نۆرەی ئەلیکترۆنی هەبێت، تێچووی پاسپۆرتەکەی تەنیا 91,000 دینار دەبێت، بەڵام ئەگەر بەبێ نۆرە (حیجز) بچێت، دەبێت 100,000 دینار رسووماتی زیادە بدات، واتە تێچووەکەی دەبێتە 191 هەزار دینار.
لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزی کەناڵەکانی راگەیاندن
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزی کەڵەکەبووی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن (بینراو و بیستراو)، بە مەرجێک لە ماوەی مانگێکدا نیوەکەی دیکەی قەرزەکە بدەنەوە. کۆی قەرزەکە زیاتر لە 2 ملیار دینارە و زۆربەی هی کرێی مۆڵەتی ساڵانەیە.
موقتەدا سەدر "سەرایا سەلام" سڕ دەکات
لە بڕیارێکی کتوپڕدا، موقتەدا سەدر باڵی سەربازیی رەوتەکەی (سەرایا سەلام)ـی سڕ کرد و فەرمانی داخستنی بارەگاکانیانی لە بەسرە و کوت بۆ ماوەی 6 مانگ دەرکرد، ئەمەش بەهۆی "پێشێلکاری و بێڕێزی" هەندێک لە ئەندامانیان بەرامبەر بە رێنماییەکانی رەوتەکە.
دەم پارتی 'میتینگی هیوا' رادەگەیێنێت
دەم پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری ئامەد، میتینگی "هیوا و ئازادی" رادەگەیەنێت. بڕیارە لە چالاکییەکەدا کە لە کۆشکی جەمیل پاشا بەڕێوەدەچێت، داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بکرێت.
ئاکپارتی و دەم پارتی لەسەر مێزی گفتوگۆ
ئاکپارتی ئامادەکارییەکانی بۆ پرۆسەی نوێی چارەسەر تەواو کردووە و بڕیارە رۆژی شەممە لە ئەنقەرە لەگەڵ شاندێکی دەم پارتی کۆببێتەوە. هاوکات دەم پارتی لە ئامەدەوە میتینگی "هیوا" ئەنجام دەدات و داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات.
کارەساتی سروشتی لە غەززە
شەپۆلێکی بەهێزی باران و با، دۆخی ئاوارەکانی غەززەی سەختتر کردووە. ئاو چووەتە نێو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شیفا و هەزاران خێوەتی ئاوارەکان ژێرئاو کەوتوون یان دڕاون، حەماسیش داوای بەدەمەوەچوونی نێودەوڵەتی دەکات.
سنووردارکردنی گەشتی هاووڵاتییانی سووریا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا رێکارەکانی گەشتکردن بۆ هاووڵاتییانی سووریا و 4 وڵاتی دیکە تووندتر بکات بەهۆی "کەموکورتی ئەمنی".
خانمە هونەرمەندێک لە مهاباد فێرگەی موزیک دەکاتەوە
تریفە ئەمیری، خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵات، فێرگەیەکی تایبەت بە گۆرانی و موزیکی بۆ ژنان بەناوی "ئاوازی ژاوە" لە مهاباد کردەوە. ئامانجی فێرگەکە پاراستنی رەسەنایەتی هونەری کوردی و پڕکردنەوەی کاتی ژنانە.
کە خەوتبووی چی روودا؟
1.تەنی نامۆ لە سلێمانی: 7 تەنی رووناک و جوڵاو لە ئاسمانی سلێمانی بینران و بوونە جێی باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
2.ترەمپ و جەژنی جووەکان؛ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بەشداری لە داگیرساندنی مەنۆرا بۆ جەژنی "خەنووکە" کرد و داوای جەنگی جیهانی لە دژی تیرۆر کرد.
3.کارەسات لە غەززە: هاوکات لەگەڵ بۆردوومانی ئیسرائیل، لافاوێکی گەورە نەخۆشخانەی شیفا و هەزاران خێوەتی ئاوارەکانی پەکخست.
4.کوژرانی پڕۆفیسۆرێکی ئەمریکی: پڕۆفیسۆرێکی بواری وزەی ئەتۆمی لە پەیمانگەی تەکنەلۆژیی ماساشوستس (MIT) لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا، پۆلیس لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی رووداوەکە بە تەقەکردنەکەی زانکۆی براون دەکات
5.هێرشی ئاسمانی: کیێڤ کەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە رووسیاش بەهۆی درۆنەوە کارەبای بەشێک لە هەرێمی کراسنۆدار بڕا.
ئەمڕۆ چی روودەدات؟
1.رۆژی ئاڵای کوردستان: لە سەرتاسەری شارەکانی هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
2.بەفر و باران: کەشناسی پێشبینی دەکات بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەولێر ببارێت و شەویش تەم باڵ بەسەر گەرمیاندا بکێشێت.
3.کۆبوونەوەی ئێران و رووسیا: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ کۆدەبێتەوە.
4.پێشانگەی بەغدا: لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بازاڕی بەرهەمە نێوخۆییەکان بە بەشداری 10 وڵات دەکرێتەوە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).