مووچەی مانگی 10 دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو و بەغدا بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دا

16 December 2025
مووچەی مانگی 10 دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو و بەغدا بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دا

دوای تێپەڕبوونی 46 رۆژ بەسەر وەرگرتنی دوایین مووچە، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدان. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دوای دابەشکردنی مووچەی عێراق لە هەفتەی داهاتوودا. لەم راپۆرتەدا پوختەی هەواڵەکانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، ئەمرۆ سێشەممە 16-12-2025 دەخەینەڕوو. 

پێداچوونەوە بە داهاتی نێوخۆ و وادەی دابەشکردنی مووچە

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی (رۆژ هیوا جەمال)، بڕیارە لە 20ـی ئەم مانگەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەستپێبکات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگەش ئامادەیە بڕی 120 ملیار دینار بنێرێت و هەرکات بەغدا پارەی مووچەی خەرج کرد، لەماوەی 24 کاژێردا دابەشکردن دەستپێدەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە (رۆژ هیوا جەمال)ـی راگەیاند، دوای ئەوەی هەولێر چەندینجار داوایکردووە، دواجار ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی سوودانی بڕیاریدا پێداچوونەوە بە شێوازی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستاندا بکات.

سەرچاوەکە دەڵێت: "بڕیاری ناردنی 120 ملیار دیناری جێگیر لای هەولێر پەسند نەبووە و تەنیا بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت بەشێوەی کاتی قبووڵکراوە." بەگوێرەی زانیارییەکان، لیژنەیەکی هاوبەش پێداچوونەوە بەو بڕەدا دەکەن و دەبێت بەگوێرەی رێژەی 50%ـی داهاتی راستەقینە بێت، کە مەرج نییە هەموو مانگێک 120 ملیار دینار بێت و دەکرێت کەم یان زیاد بکات.

بڕیارە نوێیەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق

ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق چەند بڕیارێکی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و یەکسانکردنی مووچە دەرکرد، لەوانە:
•کارکردن بۆ یەکسانکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتیی کۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران.
•نوێکردنەوەی راپۆرتی "یەکخستنی خشتەی مووچەی فەرمانبەران" لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە.
•کەمکردنەوەی خەرجیی ئیفادی فەرمانبەران بە رێژەی 50%.
•پێداچوونەوە بە کارتەکانی خۆراک بۆ ئەوەی تەنیا توێژی هەژار لێی سوودمەند بن.

دابەشکردنی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی 11 دەکرێت. وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە 97%ـی ئەفسەران و پێشمەرگەکان لە رێگەی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە پارەکانیان وەردەگرن.
هاوکات هۆشداری دراوەتە پێشمەرگەکان کە خۆیان لە پەیجە ساختەکان بەدوور بگرن و بۆ هەواڵی مووچە تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

دەستپێکردنی دابەشکردنی مینحەی رزگاربووانی دەستی داعش

سەعید جەردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیریی لالش رایگەیاند، دابەشکردنی مینحەی مانگی 11 بۆ زیاتر لە 10 هەزار و 500 رزگاربووی دەستی داعش دەستیپێکردووە. بڕی مینحەکە 150 هەزار دینارە و تەنانەت رزگاربووانی دەرەوەی وڵاتیش دەتوانن لێی سوودمەند بن. پڕۆسەکە لە شێخان و خانکێ دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ دەگاتە دێرەبوون.

کەمپەینی هاوکاری بۆ چەمچەماڵ 6 ملیار دیناری تێپەڕاند

لەڕێگەی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆی گشتیی 6 ملیار و 687 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکرایەوە. لە شەوی دووەمی کەمپەینەکەدا چەندین سەرمایەدار بەشدارییان کرد، لەوانە: (مەریوان حاجی جەمال 500 ملیۆن، سەردار فەقێ محەممەد 100 ملیۆن، سالار فەقێ محەممەد 100 ملیۆن و هیمداد حەمید 100 ملیۆن دینار).

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم رایگەیاند، پارەکە دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە چاودێریی ئەوان دەگاتە دەستی کەسانی شایستە.

دانوستاندنەکانی پارتی و یەکێتی؛ "گفتوگۆکان قوفڵ بوون"

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم. بەڵام جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی باڵای یەکێتی رایگەیاند: "گفتوگۆکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان قوفڵ بوون".

جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر پارتی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، یەکێتی 100% داوای پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

گۆڕانکاری لە سیستەمی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە هەولێر

لە ئەمڕۆوە سیستەمێکی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بازاڕەکانی هەولێر جێبەجێ دەکرێت. سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە کەڵەکەبوونی دۆلاری کۆن، لەمەودوا لە هەر 100 دۆلارێک؛ 70%ـی بە دۆلاری شین (نوێ)، 28%ـی بە سپی (کۆن) و 2%ـی بە وردە (پەنجایی) مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش هاوشێوەی بازاڕەکانی سلێمانی و دهۆکە.

شەپۆلی تەمومژ و دۆخی کەشوهەوا

شەپۆلێکی چڕی تەمومژ هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک ناوچە مەودای بینین بۆ کەمتر لە 100 مەتر دابەزی. بەهۆی تەمەکەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ماوەیەک راگیران و دواتر دەستیان پێکردەوە. کەشناسی هۆشداری دەداتە شۆفێران و پێشبینی دەکات شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە شاخاوییەکان بگرێتەوە.

سڕڕی ساکک: بۆچی رێز لە هەموو ئاڵاکان دەگرن جگە لە ئاڵای کوردستان؟

لە پەرلەمانی تورکیا گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ئیی پارتی دروستبوو، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەلایەن پاسەوانانی سەرۆک بارزانی لە شاری جزیری باکووری کوردستان.

سڕڕی ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەکاتی دانیشتنی پەرلەماندا بە تووندی وەڵامی هێرشەکانی پەرلەمانتارانی ئیی پارتی دایەوە و بە "نەژادپەرستی" وەسفی کردن.

پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا، کاتێک باڵیۆزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێت پاسەوانەکانی بە چەکی قورسەوە دەسوڕێنەوە و کەس قسە ناکات، بۆیە ناکرێت دەرکەوتنی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و ئاڵای کوردستانەوە وەک پێشێلکاریی سەروەریی تورکیا لێکبدرێتەوە.
هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، رێگە نادەن کەس برایەتیی کورد و عەرەب تێکبدات. 

یەکەمین کوژرانی سەربازانی ئەمریکا لە سەردەمی نوێی ترەمپ؛ "داعش بووە و ئەسەد نیگەرانە"
سەرۆکایەتیی ئەمریکا کوژرانی سێ هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە نێو خاکی سووریا راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت هێرشەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە.

سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە هێرشێکدا بۆ سەر هێزێکی هاوبەشی ئەمریکا و سووریا لە ناوچەی تەدمور، سێ ئەمریکی کوژراون کە دووانیان سەربازی سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی ئایۆوا بوون بە ناوەکانی (عەریف ئیدگار برایەن تۆرێس 25 ساڵ) و (عەریف ویلیان ناسنیل هۆوارد 29 ساڵ)، کوژراوی سێیەمیش وەرگێڕێک بووە.

"پەشیمان نیم"؛ پاڵەوانەکەی سیدنی قسەی کرد و 2 ملیۆن دۆلاری بۆ کۆکرایەوە

ئەحمەد ئەلحەمەد، ئەو پیاوەی لە ئوسترالیا وەک "قارەمان" دەناسرێت دوای ئەوەی رووبەڕووی تەقەکەرەکەی سیدنی بووەوە، بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەلحەمەد کە خەڵکی سووریایە و خاوەنی دوکانێکی جگەرەیە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە جەستەیەکی پڕ لە برینەوە گوتی: "پەشیمان نیم لەو کارەی کردم و خوا پاداشتی هەمووان بداتەوە، تەنیا داواکارم دایکم دوعام بۆ بکات."

سام عیسا، پارێزەری ئەلحەمەد ئاشکرای کرد کە دۆخی تەندروستیی ناوبراو جێگیر نییە و پێنج گولـلە بەر جەستەی کەوتووە، کە مەترسیی لەدەستدانی دەستی چەپی هەیە.
دوای رووداوەکە، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا سەردانی کرد و پێی گوت: "تۆ قارەمانی راستەقینەی ئوسترالیایت." هاوکات لە کەمپەینێکی جەماوەریدا کە بۆ رێزلێنان لە ئازایەتییەکەی رێکخراوە، تاوەکو ئێستا بڕی 2 ملیۆن دۆلاری بۆ کۆکراوەتەوە.

لە هۆڵەندا شەقام دابەش دەبێت؛ ناکۆکی لەسەر وەرگرتنی پەنابەران

لەسەر پرسی پەنابەران، شەقامی هۆڵەندی دابەش بووە و دوو خۆپێشاندانی دژبەیەک لە شاری یوترێخت بەڕێوەچوو.
لایەک لە خۆپێشاندەران درووشمی "بەخێرهاتنی پەنابەران"یان دەگوتەوە و گرووپەکەی بەرامبەریان بە "فاشست و رەگەزپەرست" تۆمەتبار دەکرد، لەبەرامبەردا گرووپی دووەم داوای سنووردارکردنی هاتنی بیانییەکان و پاراستنی ناسنامەی هۆڵەندییان دەکرد.

بەگوێرەی ئامارەکان، بەهۆی تووندبوونی رێکارەکانەوە داوای مافی پەنابەری لە هۆڵەندا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا 16,600 داواکاری تۆمارکراون، لەکاتێکدا پارساڵ نزیکەی 25 هەزار بووە. ئەمەش لەکاتێکدایە هۆڵەندا رووبەڕووی قەیرانی دەستی کار بووەتەوە و بۆ ساڵی 2026 پێویستی بە 250 هەزار کرێکار هەیە.

ترەمپ "فێنتانیل" وەکو چەکی کۆمەڵکوژ دەناسێنێت و سوپا دەخاتە ئامادەباشییەوە

لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی ماددەی هۆشبەری جۆری "فێنتانیل"ـی وەک چەکی کۆمەڵکوژ ناساند.
ترەمپ رایگەیاند، ساڵانە لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار ئەمریکی بەهۆی ئەم ماددەیەوە گیان لەدەست دەدەن، بۆیە مەترسییەکەی هیچی کەمتر نییە لە بۆمب و مووشەک.
لە چوارچێوەی راگەیاندنی جەنگ دژی کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر، ئەمریکا هێزی سەربازیی لە دەریای کاریبی و زەریای هێمن چڕکردووەتەوە. فەرماندەیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، تەنیا لە دوایین ئۆپەراسیۆندا بۆ سەر سێ بەلەمی گاچاخچییەکان، 8 بازرگانی ماددەی هۆشبەر کوژراون.

ئەمڕۆ چی روودەدات؟

•سەرژمێری: وەزارەتی پلاندانان ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی تاوتوێ دەکات.
•پێکهاتەکان: وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەگەڵ رێکخراوەکان کۆدەبێتەوە.
•ناڕەزایەتی: دانیشتووانی "قەڵادزە ستی" دژی کەموکورتی خزمەتگوزاری گرددەبنەوە.
•ئەورووپا: کۆبوونەوەی لووتکەی باڵی رۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەورووپا لە فینلاند بۆ تاوتوێکردنی مەترسییە ئەمنییەکان بەڕێوەدەچێت.